قادر عەزیز

لەیادی‌ داستانی‌ (دەشتێو)‌و شەهیدبوونی‌ سەركردە سەعدی‌ گچكە‌و هەڤاڵەكانیدا

  2020-03-08 15:15      113 جار بینراوە        کۆمێنت

رۆژی (‌ 8/3/2020)، 42 ساڵ بەسەر شەڕی‌ (دەشتێو) كە دواتر بەهۆی‌ گرنگی‌ شەڕەكەوە بە داستانی‌ (دەشتێو) ناویدەركرد، تێدەپەڕێت.
داستانی‌ دەشتێو لەگەڵ نەشارەزایی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكە و نابەرابەریەكی زۆر لە‌ هاوسەنگی هێز لە‌وكاتە‌دا‌، كەچی هێزەكەی پێشمەرگە بەهۆی ئازایەتی و ئەزموون و شارەزاییان لە شەڕەكەدا توانیان زەرەر و زیانێكی ئێجگار گەورە بە دوژمن بگەیەنن، بۆیە ئەو شەڕە بە یەكێك لە داستانە هەرە گەورەكانی‌ شۆڕشی‌ نوێی‌ گەلەكەمان ئەژمار دەكرێت، ئەو شەڕە كاتێك روویدا كە كاك سەعدی‌ بە یاوەری‌ سەید كاكە فەرماندەی‌ هەرێمی‌ خۆشناوەتی‌‌ و ژمارەیەك لە كادیر‌و پێشمەرگەكانی‌ هەردوو‌ هەرێمی‌ دەشتی‌ هەولێر‌ و خۆشناوەتی‌ كە ژمارەیان 42 كەس بوو بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی‌ سەركردایەتیی‌ یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ‌و كۆبوونەوەی‌ فراوانی‌ بزووتنەوەی‌ سۆسیالیستی‌ كوردستان بەرەو نێوزەنگ ‌و نۆكان، بارەگای‌ سەركردایەتیی‌ شۆڕش بەڕێوەبوو.
پێشمەرگەكانی شەڕی‌ (دەشتێو) بەهۆی‌ پلانی‌ پێشوەختی‌ سوپای‌ رژێم‌ و نەشارەزایی‌ ناوچەكە لە هەر چوارلاوە گەمارۆدرابوون، شەڕەكەش لەلایەن خودی (ئیسماعیل تایە النعێمی‌) فەرماندەی‌ فیرقەی ‌1ی‌ ئەو كاتەی سوپای‌ عیراق سەرپەرشتی‌ دەكرا، لەو شەڕەدا كە لە بەرەبەیانی‌ ئەو رۆژە تا درەنگانی‌ ئێوارەی‌ خایاند بە قسەی‌ (ئیسماعیل تایە النعێمی‌) كە سەرپەرشتیاری‌ شەڕەكەی‌ دەكرد زیانی‌ دوژمن بریتی بوو لە كوژرانی‌ 160 سەرباز‌و ئەفسەر‌و برینداربوونی‌ 250ی‌ تر‌و پێكانی‌ 8 تەیارەی‌ هەلیكۆپتەر‌و كەوتنە خوارەوەی‌ دوانیان لە مەیدانی‌ شەڕەكەدا، بەداخەوە ئەو سەركەوتنە گەورەیە بە شەهیدبوونی‌ كاك سەعدی‌ خۆی‌‌و 16 كادیر‌و پێشمەرگەی‌ قارەمان نوسرایەوە كە 12یان لە مەیدانی‌ شەڕەكە شەهید بوون‌و 4یشیان دوای‌ برینداری‌‌و بەدیلگیران، دواتر لە سێدارەدران.
گرنگی‌ شەڕی‌ (دەشتێو) لەوەدابوو كە (ئیسماعیل تایە النعێمی‌) دوای‌ شەڕەكە نامیلكەیەكی‌ بە ناوی‌ (بساگ ناجح فی‌ منڤقە قلعدزە) (تجربتی‌ مع القیاده) نوسیوە‌و لە ریزەكانی‌ سوپادا بڵاویكردۆتەوە، لە نامیلكەكەدا هۆشداریدەداتە سوپا كە پێشمەرگە شەڕی‌ لەگەڵ سوپا قۆناغی‌ پارتیزانی‌ تێپەڕاندووە‌و چۆتە قۆناغی‌ شەڕی‌ گەرۆك (الحرب المتحركە) كە ئەمەش بۆ سوپا لەمەودوا رووبەڕووبونەوە لەگەڵ پێشمەرگە دژواردەكات.
ژیاننامەكەی
شەهید سەعدی عەزیز، ناسراو بە سەعدی گچكە، ساڵی 1946 لە دێی (سێبیران) ی نزیك قوشتەپەی هەولێر لە بنەماڵەیەكی هەژارو نیشتیمان پەروەر چاوی بە دونیاهەڵهێناوە. ساڵی 1963ریزی سوپای عیراقی بەجێهێشتوەو پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە كردووە، سەرەتا لەناوچەی‌ دەشتی كۆیە‌و چەمی ڕێزان‌و پاشان لە ناوچەی‌ خۆشناوەتی‌و باڵەكایەتی درێژەی‌ بەكاری پێشمەرگایەتیداوە بەهۆی ئازایەتی‌و لێهاتوویی لە شەڕونەبەردیەكاندا هەرزوو پلەی‌ سەرپەل‌و پاشان سەرلق‌و دواجاریش فەرماندەی‌ بەتالیۆنی بەدەست هێناوە.
لەزۆربەی‌ شەڕەكانی دەشتی هەولێر، خۆشناوەتی، كۆیە، باڵەكایەتی بەشداری دیارو كاریگەری هەبووە،‌ ساڵی 1974 یەكێك لە فەرماندە مەیدانییەكانی شەڕەكانی ماكۆك بووە، دوای 3 مانگ لەبەرگریكردنی بەردەوام بریندار بووە.
هەرەس هێنانی شۆڕشی ئەیلول لە 1975 ورەی‌ بە كاك سەعدی بەرنەداوە‌، بەڵكو هەرزوو لەگەڵ بەشێك لە بەشداربوانی شۆڕشەكە خولیای دروستكردنەوەی‌ مقاوەمەت‌و سەرلەنوێ تێهەڵچونەوە بووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لەمانگەكانی هەوەڵی دوای هەرەس، لە مهاباد‌و ئورمیە لەگەڵ ژمارەیەك لە كادیر‌و سەركردە تێكۆشەرەكانی‌ شۆڕشی‌ ئەیلول لە مشوری دروستكردنی ڕێكخراوێكی تازەدا بووە‌و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەكیان گەڕاونەتەوە عێراق‌و دواتر لە بەغدا ئەو رێكخراوەیان بە ناوی‌ (بزوتنەوەی‌ سۆسیالیستی كوردستان) دامەزراندوە.
دوای‌ دامەزراندنی‌ (بزوتنەوەی‌ سۆسیالیستی كوردستان) بە چەند مانگێك لەسەر راسپاردەی‌ مام جەلال‌و بە هەماهەنگی‌ و هاوبەشی یەكێتی‌و بزووتنەوە‌و كۆمەڵە بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵگیرسانەوەی‌ شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە ڕۆژی 8/8/1976 لەگەڵ تێكۆشەران (عەلی عەسكەری، عومەر دەبابە، دكتۆر خالید، ملازم تایەری علی والی، یاسین قادر، سەید كاكە، قادر عەزیز، جەعفەر ئەسوەد)‌و چەندین كادیر‌و پێشمەرگەی‌ تری بزوتنەوە گەیشتونەتە چیاكانی‌ كوردستان‌و دەستیان بەدروستكردنی مەفرەزە سەرەتاییەكانی پارتیزانی كردووە، لەدوای چەند مانگێك لە هاتنە دەرەوەی‌ بووە بە فەرماندەی‌ هەرێمی دەشتی هەولێرو سەركردایەتی یەكەم مەفرەزەی‌ پارتیزانی بۆ ناوچەكانی خۆشناوەتی‌و دەشتی هەولێر كردووە‌و یەكەم چالاكی پێشمەرگانەشی لە 4/1/1977 لە جادەی‌ نێوان بەستۆرەو مەلا ئۆمەری هەولێر بووە كە بووە هۆی كوشتنی بەڕێوەبەری ئەمنی پیرمام (سابیر زێدان)‌و پارێزەرەكانی‌و هەر لەو چالاكیەشدا بریندار بووە.
شەهید سەعدی یەكێك بووە لە سەركردە هەرە ئازاو شارەزاكانی شەڕی پارتیزانی‌و لەماوەی‌ ساڵێك‌و حەوت مانگدا لە دەسپێكی هەڵگیرساندنی شۆڕشدا سەركردایەتی چەندین شەڕی قارەمانانەی‌ دژ بە رژێمی رەگەز پەرستی بەغدا كردووە، لەناویاندا شەڕەكانی (خانزاد، هەورێ، سەفین، دیدەوان، شیوەشان)، لەشەڕی (حسن موترب)ی (بناری‌ دێدەوان)یش جارێكی تر برینداربووە.
شەهید سەعدی لە رێگەی‌ چونی بۆ سەركردایەتی، بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبونەوەكانی كۆمیتەی‌ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبونەوەی‌ فراوانی‌ بزوتنەوەی‌ سۆسیالیستی‌ كوردستان لە رۆژی 8/3/1978 لە دیارترین‌و بەناوبانگترین شەڕی دەستەویەخە كە بەشەڕی (دەشتێو) ناسراوە لەناوچەی‌ قەڵادزێ لە تەك 12 كادیر‌و پێشمەرگەی‌ تردا شەهید بووە بە شەهیدبوونی زەرەرو زیانێكی گەورە لە شۆڕش كەوت.
خوالێخۆشبوو مام جەلال بەبۆنەی ئەو شەڕەوە بەیاننامەیەكی بە زمانی عەرەبی لەژێر ناونیشانی (معركە بگولیە من الشفق الی‌ الغسق) واتە شەڕێكی قارەمانانە لە كازیوەوە بۆ تاریكی بڵاوكردەوە كە لە دەرەوەی كوردستانیش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
شەهید سەعدی لەدوای خۆی ژنێك‌و چوار منداڵی بەناوەكانی (هێرش، هێمن، ماكۆك، لەنجە) بەجێهێشتووە.
هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی شەهیدی سەركردە سەعدی گچكەو هاوڕێكانی.
ناوی شەهیدەكانی شەڕی دەشتێو
سەعدی عەزیز ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوە‌و ئەندامی كۆمیتەی‌ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌و فەرماندەی‌ هەرێمی دەشتی هەولێر.
فاروق سدیق ئەندامی پێشكەوتووی‌ كۆمەڵە‌و رابەر سیاسی هەرێم (هەولێر-گوندی‌ قوشاعلۆ)
فەرخ قادر-پێشمەرگە (هەولێر-قەراج)
فەریق هەمزە-پێشمەرگە (كەركوك-ساڵەیی)
شاهێن عیزەدین-پێشمەرگە (پردێ)
تاهیر محەمەد عەلی-پێشمەرگە (هەولێر-قەراج)
جەبار ئیسماعیل-پێشمەرگە (هەولێر)
عوسمان باوە-پێشمەرگە (هەولێر)
سامی عوبێد-پێشمەرگە (هەولێر)
سەباح جەمیل-پێشمەرگە (هەولێر)
ئەحمەد محەمەدئەمین-پێشمەرگە (هەولێر-چەمرگە)
ئەحمەد محەمەد پێشمەرگە (هەولێر-پیرەرەر)
هەروەها لەو شەڕەدا 4 پێشمەرگە بە برینداری بەدیلگیران كە پاشان لە رۆژی‌ 21/6/1978 لە زیندانی موسڵ لە سێدارەدران، ئەوانیش (جەعفەر مام ئەسوەد كۆیی‌، جەواد كەریم گۆمەشینی‌، كەمال واحید گۆمەشینی‌، حسێن عەبدولڕەحمان گۆمەشینی). هەروەها عەزیز باپیر ناسراو بە سەید عەزیز گۆمەشینی‌ دوای‌ گیرانی‌ بە ماوەیەك بەهۆی‌ بچوكی‌ تەمەنیەوە بە لێبوردنی‌ گشتی‌ ئازادكرا.
*ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەشداربوویەكی شەڕەكە.

وتاری زیاتر

داستانی کۆرێ‬ قادر عەزیز
2020-04-12 14:34      136 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو