جەبار میرزا رۆستەمی

حكومەت نابێت تاكبین و لاسەنگ بێت

  2020-03-24 20:01      253 جار بینراوە        کۆمێنت

لەم قوناغە هەستیارو ئاڵۆزەدا حكومەت دوو ئەركی گرنگی لەئەستۆیە، كە پێوستە هەردووكیان هاوشانی یەكتری و بەهاوسەنگی جێبەجێی بكات، هەر لاسەنگی و كەموكوڕییەك لەهەركامێك لەو دوو بابەتە پێكەوە گرێدراوە دوالیزمە هەبێت، ئەوا تەواوی پرۆسەكە لەئامانجەكەی خاڵی دەبێتەوەو بێئاكام دەردەچێت.
ئەركی یەكەمی حكومەت بریتییە لەو رێوشوێن و میكانیزمە پێویست و بەپەلەیەی كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی كۆررۆنا گرتوویەتییە بەر، كە بەڕاستی میكانیزمێكی گونجاوی سەركەوتووەو جێگای ستایشكردنەو لەبەرامبەردا ئەركی هاووڵاتیانە تەواوی رێنماییەكان پەیرەو بكەن، بەڵام ئەركی دووەمی حكومەت كەئەویش لەم قوناغەدا زۆر گرنگەو ناكرێت باس نەكرێ و حكومەتیش لەئاستیدا دەستەوەستان و بێ میكانیزم بێت كە مەترسی لێكەوتەكانی لەكۆرۆنا كەمتر نییە، ئەگەر زوو چارەسەری ئەم قەیرانە گەورەیە نەكات، قەیرانەكەش پەیوەستە بەبژێوی خەڵك و مووچەخۆران كە لەبەر نەبوونی داهات و بێ پارەیی توانای كڕینی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان و خۆراكی ڕۆژانەیان نییە.
سەدان هەزار مووچەخۆر تەنها مووچەكانیان شكدەبەن كە بەهۆیەوە خۆراك بكڕن و هەزارەهاشیان كرێچین، ئەوە جگە لەو دەیان هەزار خێزانەی كە هیچ مووچەیەكیان نییەو بژێوی ژیانیان لەسەر كاسبی رۆژانەیەو ئێستا لەم دۆخەدا كە ناتوانن دوكانەكانیان بكەنەوە، یاخود كرێكارەو كارمەندی كۆمپانیاكانەو یان شاگردو دەسگێڕو فرۆشیارن كە داهاتی سنوورداری رۆژانەیان هەبووەو ئێستا كارەكانیان وەستاوەو داهاتیان نەماوەو توانای كرێ خانووی مانگانەو دابینكردنی خۆراكی خێزانەكانی خۆیان و شیری مناڵەكانیان نییە، ئینجا ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم توێژە زۆرەی كۆمەڵگا هیچ مووچەو داهاتێكی بەدیلیان نییەو دابەشبوونی مووچەش هیچ لەژیانی ئەوان ناگۆڕێت كە لەماڵەوەن و ناتوانن هیچ كارێك بكەن، بۆیە پێویستە بایەخێكی گەورە بەم بابەتە بدرێت كە بەڕاستی مەترسییەكی گەورە لەسەر ژیان و بژێوی دەیان هەزار خێزانی هەرێمی كوردستان دروستبووەو تا ئەم ساتەوەختەش هیچ هەڵوێست و میكانیزمێك لەحكومەت نەبیستراوەو هیچ چارەسەرێك بۆ ئەم گرفت و قەیرانە مەترسیدارە پێشكەشنەكراوە، ئەوەی هەیە تەنها باسی رێكخستنەوەی داهات و خەرجییە بۆ دەستخستن و دابەشكرنی مووچەی مووچەخۆران، كە ئەمە تەنها دیوێكی بابەت و قەیرانەكەیەو چارەسەركردنی زۆر باش و پێویستە، بەڵام دیوەكەی دیكەی كەهیچ باسنەكراوە ئەو توێژە زۆرەی كۆمەڵگایە كە هیچ مووچەیەكی نییەو بواری دابینكردنی داهاتی رۆژانەیان نییەو لەم كاتە ناسكەدا بێچارەو شڵەژاون، چونكە حكومەت تائێستا خۆی لەم بابەتە نەداوە، بەڕاستی ئەگەر حكومەت ئەم بابەتە بەجددی وەرنەگرێ و میكانیزمێكی بەپەلەو گونجاو بەگەڕنەخات بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە مەترسیدارە، ئەوا كارەسات و لێكەوتەی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
كەواتە پێویستە حكومەت بەهاوسەنگی بەرپرسیارێتی رووبەڕووبونەوەی كۆرۆناو دابینكردنی مووچەو بژێوی خەڵكی بێ مووچەو كار لەئەستۆ بگرێ و نەخشەڕێگای كاریگەر بەگەڕبخات.

وتاری زیاتر





نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو