د.ئاراز رەمەزان

تووشبوون بەكۆرۆناو شوناسی مرۆڤ

  2020-06-29 17:44      78 جار بینراوە        کۆمێنت

شوناس، یاخود ناسنامەی كەسێتی مرۆڤ، پەیوەستبوونێكی تاكییەو لەهەموو ئەو بارودۆخە كەسییانەی مرۆڤ تێیدا گوزەردەكات لەژیانیدا، پەیوەستن بەبازنەی ژیانی كەسێتی و تایبەتییەوە.
هەركاتێك، مرۆڤ لەم بازنە كەسییە دەرچوو، واتە چالاكیی و جووڵەكانی چوونە دەرەوەی ئەم بازنە كەسییە، جا تاوان بكات، سیاسەت بكات، بزنس بكات یاخود هەر چالاكییەك كە پەیوەست بێت بەژیانی گشتییەوە، ئەوا هەم میدیاو رۆژنامەنووسان، هەم تۆی رۆژنامەنووسیی هاووڵاتیش! لەپلاتفۆڕمەكانی سۆشیال میدیادا مافی لەسەر نووسینت هەیە.
بەڵام، ئەوەی لەئێستای كوردستاندا دەگوزەرێت، تێكشكاندنی كەسایەتی مرۆڤە بەگشتی، دواتریش تێكشكاندنی كەسێتیی ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن، هەمیش ئەوانەی بەكۆڤید 19 دەمرن، بەجۆرێك وایلێهاتووە هەرماوە (صورە قیدو وەفاتنامە)كانیان بڵاوبكرێنەوە.
لەكوردستان، وایلێهاتووە ئەوانەی تووشیی كۆرۆنا دەبن، رووبەڕووی لەكەی كۆمەڵایەتی ببنەوە، ئەوەش بەشێكی پەیوەستە بەم هەڵمەتە بەرفراوانە نامیدیایی و نالۆژیكی و نایاسایی و نا ئێتیكییەی بەشێك لەدامەزراوە میدیاییەكان بەتایبەتیش تەلەفزیۆنەكان و پێگە ئەلیكترۆنییەكان (وێب سایتە)ەكان و بەكارهێنەرانی پلاتفۆڕمەكانی سۆشیال میدیا گرتویانەتەبەر.
نەخۆش، مافی بەسەر پزیشك و نەخۆشخانەكانەوە هەیە، لەهیچ وڵاتێكی دنیا، بەبێ رەزامەندیی نەخۆش یاخود كەسوكاری یەكەمی مردوو، وێنەو ڤیدیۆو ناسنامەو شوناس بڵاوناكرێتەوە، واتە ئاساییترین مافی نەخۆش پاراستنی زانیارییە كەسێتییەكانیەتی، پاراستنی زانیارییە تەندروستییەكانیەتی، بەبێ رەزامەندی خودی نەخۆش پزیشك ناتوانێت زانیاریی بدات بەنزیكترین كەسی نەخۆشەكە، لەحاڵەتی زۆر ناچاریدا نەبێت، ئەویش بۆ پاراستنی ژیانی نەخۆشەكە، كە لەو كاتانەشدا كۆدە ئێتیكیی و پیشەییەكان دەشكێنرێن، بەڵام دواجار بۆ ژیانی مرۆڤ و باشی مرۆڤە.
پێویستە، پزیشك، ئیدارەی نەخۆشخانەكان، وەزارەتی تەندروستی، بەجدی و وردی و بابەتیانە كار لەسەر بابەتی پاراستنی ژیانی تایبەتی و كەسی نەخۆش بەگشتیی و تووشبووان و مردووان بەكۆرۆنا بكەن و رێگە بەهیچ پزیشك و نەخۆشخانەیەك نەدرێت زانیاریی تایبەت بەنەخۆشەكان بڵاوبكرێتەوە، چونكە ئاماری تووشبووان و مردووان جیاوازە لەوەی ئێستا كاری لەسەر دەكرێت، ئەوان دەكرێت (ژمارەی تووشبوون، مردن، رەگەز، تەمەن، نەتەوە، شوێنی نیشتەجێبوون) لەم جۆرە زانیارییانە بڵاوبكەنەوە، بەڵام وێنەو ڤیدیۆو زانیاریی كەسی بەپێی یاسا رێگەپێدراو نییە.
لەپاڵ، دامەزراوە تەندروستییەكان، ئەوەی كارەساتی لەم بارودۆخەدا دروستكردووە، دامەزراوەكانی راگەیاندن، بەتایبەتیش چەند كەناڵێكی تەلەفزیۆنی كە رۆژانە شوناسی نەخۆش و مردووانی كۆرۆنا بڵاودەكەنەوە، دەرەنجامیش لەپلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا هەزاران جار شەیر دەكرێتەوە، هەربۆیە تووشبوون بەكۆرۆنا تاڕادەیەكی زۆر بووە بەهۆی دروستبوونی (لەكەی)ی كۆمەڵایەتی لەناو خەڵكدا بەگشتی.
لەوەش سەیرتر، بەدەیان رۆژنامەنووس، تووشی كۆرۆنا بوون، شوناسی هیچ یەكێكیان بڵاو ناكرێتەوە، كە ئەوە كارە رەسەنەكەی رۆژنامەوانییە، ئەوە پاراستنی شكۆی مرۆڤ، شكۆی نەخۆش و مردووە، كەناڵ هەیە نزیكەی (20) رۆژنامەنووسی تووشی كرۆنا بوون، بەداخەوە، بەڵام نەخۆیان نە هیچ كەناڵی تریش بڵاوی نەكردۆتەوە، كەواتە ئەوەی خۆت پێتباشە لەسەر ستافەكەت بڵاوی نەكەیتەوە، بۆ لەسەر هاووڵاتییەكی ئاسایی بڵاوی دەكەیتەوە؟
بەداخەوە، لەكوردستان، هەم رۆژنامەنووسی پڕۆفێشناڵمان كەمە، كە وەكو پاسەوانی دەرگا بۆ فلتەركردنی زانیاریی بەر لەبڵاوكردنەوە لە كەناڵەكان بیكەن، هەمیش داواكاری گشتی، وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیكای رۆژنامەنووسانیش، وەك پێویست، لەم بارودۆخانەدا زانیاری بە رۆژنامەنووسان و كەناڵەكان نادەن، هەمیش لێپرسینەوە ناكرێت.
*تێبینی: لەماوەی چەند مانگی رابردوودا جگە لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، هیچ لایەنێكی ترم نەبینیووە، لەوانەی ئاماژەم پێدان، رێنمایی كاركردنیان لەسەردەمی كرۆرۆنادا دابێت بە رۆژنامەنووسان.

 

وتاری زیاتر


میدیا لەسەردەمی كۆرۆنادا‬ د.ئاراز رەمەزان
2020-03-02 14:47      166 جار بینراوە


كێ بنێردرێتە ‌حكومەت‬ د.ئاراز رەمەزان
2019-06-18 18:08      211 جار بینراوە

بنیادنانی نەتەوە‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-08-08 11:11      201 جار بینراوە

یەكێتی، چەتری دیموكراسییە‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-07-19 14:11      183 جار بینراوە

دانوستان بەر لەبەغدا‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-05-30 20:57      305 جار بینراوە

داهاتووی ئەمریکا لەعیراق!‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-05-23 11:46      344 جار بینراوە

بەرەو بەغدا‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-05-16 13:50      282 جار بینراوە

بەڵێ بۆ 162‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-05-09 13:16      298 جار بینراوە


مەعریفەی سیاسیی لەكوردستان‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-04-05 17:08      293 جار بینراوە

بەرەو هەڵبژاردنێكی سەخت‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-02-28 17:38      308 جار بینراوە


میكانیزمی كاندید هەڵبژاردن‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-02-07 14:54      360 جار بینراوە



كۆستی ریفراندۆم‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-01-17 10:25      257 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو