(96)
باوكی، پیاوێكی كەڕوڵاڵ بوو، ماڵیان لەگەڕەكێكی خانووە قوڕەكانی لاچەپی شارۆچكەكە بوو. قووتی ژیانیان لەسەر دوكانێكی بچووكی خوردە فرۆشی لاكۆڵانەكەی ماڵی خۆیان بوو. بەو ژیانە كولەمەرگییە (تەحسین)ی كوڕی خستە بەر خوێندن و پێیگەیاند. دواتر رەوانەی زانكۆی بەغدای كرد. (ئەو)یش لەوێ لەئەنجامی سیاسەتی شۆڤێنیانەی حكومەتی بەعس و زەبرو زەنگی دەزگا تۆقێنەرەكان، هەستی نەتەوەیی و چینایەتی لەلا گەڵاڵە بوو. بۆیە لەڕێی چەند خوێندكارێكی برادەریەوە خزایە نێو رێكخستنی رێكخراوێكی چەپەوە.
(مام رەحمان) هەفتانە جارێك دەچووە شاخەكانی نزیك شارۆچكەكەو بەپشتی كەرە شەلەكەی، بارێك دار بەڕووی وشكی دەهێناو لەبازاڕی شارۆچكەكە دەیفرۆشت. هەموو سەرە مانگێك پارەی فرۆشتنی بارە دار بەڕووەكەو بەشێك لەدەستكەوتی دوكانەكەی بۆ (تەحسین)ی كوڕی دەناردە بەغدا. (تەحسین)یش هەموو مانگێك بە بەشێك لەو پارەیە چەند كتێبێكی سیاسی پێ دەكڕی و دەیخوێندەوە.
ساڵان هات و رۆیشت، (تەحسین) زانكۆی تەواو كردو گەڕایەوە ماڵەوەو لەفەرمانگەكانی حكومەت دامەزرا. لەبواری رێكخستندا بوو بە ئەندامی لیژنەی حزبی شارۆچكەكە. لەئەنجامی هەڵەی یەكێ لەهاوڕێكانیان، ژمارەیەك لەلیژنەی شارۆچكەكە دەستگیركران. بۆیە ئەوو هاوڕێیانی تر بۆ ماوەی چەند رۆژێك خۆیان شاردەوە. دوای چەند رۆژێك دەركەوت كە هاوڕێكانیان خۆگرو نهێنی پارێزبوون، نەك هەر پاكانەیان نەكردبوو، بەڵكو نهێنی حزب و ناوی هاوڕێكانیشیان پاراستبوو.
دوای یەكگرتنەوەیان لەگەڵ هاوڕێیانی شارۆچكەكە. لێپرسراوی لیژنەكە ئەركی گواستنەوەو تایپكردنی بڵاوكراوەكانی حزبی بە (تەحسین) سپارد. لەڕاستیدا كارێكی قورس بوو، بەڵام بەهۆی دڵسۆزیی بۆ حزب و رێبازەكەی، نەیتوانی رەتیبكاتەوە. بۆیە شەوێكیان دوای تاریكبوون تایپەكەی خستە نێو بەتانییەك و گواستییەوە ماڵەوە. ئیتر مانگانە بڵاوكراوەكانی تایپ دەكردو لەشوێنی دیاریكراو رادەستی لێپرسراوی لیژنەی حزبیی شارەكەی دەكرد. رۆژێكیان بەڕێكەوت، هەموو باخەڵ و گیرفانی پڕ لەبڵاوكراوەكان بوو، كەوتە بۆسەی مەفرەزەیەكی هاوبەشی پۆلیس و دەزگاكانی ئەمن و هەواڵگریی رژێمەوەو دەستگیركرا.
خواهەڵناگرێ، لەبەردەم ئەفسەری لێكۆڵەرو لەكاتی ئەشكەنجەدان، خۆڕاگرو قارەمان بوو. متەق لەدەمی نەهاتە دەرەوەو خۆی كەڕوڵاڵ كرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. دواتر رژێم ماڵەكەیانی پشكنی و خانووەكەیان تەقاندنەوە. باوكە كەڕوڵاڵەكەیان بە تاهەتایی زیندانی؛ حوكمدا. تا ئێستاش كەس نازانێ دایك و خوشكەكانی ئاوارەی كوێ بوون و چیان بەسەر هات.
*بەشێك لەبیرۆكەی ئەم گۆشەیە لەڕۆمانی (خەتی بزمار)ی رۆماننووسی فارس (قادر عەبدوڵڵا) وەرگیراوە. بەشەكەی تریشی لەڕووداوی ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە وەرگیراوە.
*ئەمە نموونەیەكە لەسەدان چیرۆكی قۆناغی خەباتی نهێنیی شارەكان و سەردەمی شۆڕش، كەچی خەڵكانێك پەیدابوون دەڵێن رێكخستنە نهێنییەكان و پێشمەرگایەتی و شۆڕش، بۆ خۆتان ببەنەوە…!!