د.سەردار عەزیز

گەڕانەوەی لێڤایەسانی روسی

  2020-07-13 18:21      41 جار بینراوە        کۆمێنت

لێڤایەسان ئەفسانەیەکی ئایینی جولەکەیە. بەڵام ئەوەی زیاتر لەدونیای ئێمەدا ناسراوە، ناونیشانی کتێبە هەرە بە ناوبانگەکەی تۆماس هۆبزە. بەکورتییەکەی یانی دەوڵەتێکی گەورەو بەهێز کە هەمووان لێی بترسن. لای هۆبز مرۆڤ بوونەوەرێکی خراپەکارە، دەبێت سەرکردیەک یان حکومەتێکی وەهای هەبێت کە لەکۆکراوەی هەموو خراپەکارییەکان خراپتربێت، هەتا مرۆڤەکان وەها لێبکات لەخراپەکانیان خۆیان بەدوور بگرن. ئەمە یەکێکە لەتێزە سەرەتاکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی.
دیارە مەبەستی سێرگێ میدڤیدیڤ لەکتێبەکەیدا ئەوەیە کە دەوڵەتی ترسناکی روسی گەڕاوەتەوە. سێرگێ میدڤیدیڤ مامۆستای زانستە سیاسیەکانە لەقوتابخانە باڵای ئابووری لەمۆسکۆ. ئەوەی وەها لەم کتێبە دەکات کە دەگمەن بێت، بەبەراورد بە ئەو هەموو کتێبانەی تر کە بەردەوام لەسەر روسیا دەنووسرێت، ئەوەیە کە نووسەرەکەی هێشتا لەناو روسیادا دەژی. لەڕۆژئاواو دونیادا خولیایەکی گەورە هەیە بۆ تێگەیشتن لەروسیاو بەتایبەتی لەکەسایەتی ڤلادیمێر پوتن. ئەم کتێبە وەک کتێبەکانی تر نییە كە لەسەر روسیا نووسرابێت، بەڵکو لەزۆر رووەوە تایبەتە.
بۆ من لەمێردمنداڵییەوە روسیا بەشێک بوو لەخەیاڵم. کاتێک لەتەمەنی پانزەو شانزە ساڵیدا دەستم بەخوێندنەوە کرد، ئەوەی بەردەست بوو لەهەموو بوارێکی تر زیاتر، ئەدەبیاتی روسی بوو. بەهۆکاری ئەوەی کە زۆرێک لەکورد، بەهۆی پەیوەندی باشی عیراق و روسیا، چووبوونە روسیاو زمانی روسی فێربووبوون. جەلال تەقی یەکێک بوو لەوەرگێڕە باشەکان. بەڵام کتێبەکانی سەردەمی مێردمنداڵی بەگشتی ئەدەبی بوون. سێرگێ زۆر سوود لەئەدەب دەبینێت بۆ راڤەکارییەکانی و ئەدەب رۆڵێکی کاریگەری هەیە لەداڕشتنی خەیاڵی روسیدا.
لەسەردەمی کارکردن لەسەر تیزی دوکتۆراکەم، کە تەرخانکراوە بۆ مۆدێرنە لەپەراوێزی ئەوروپادا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کەیس، روسیاش زۆر هاوشێوە دەهاتە بەرچاوم. روسیا وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپەراوێزی ئەوروپادایەو پەیوەندییەکی زێدە ئاڵۆزی لەگەڵ ئەوروپادا هەیە.
کتێبەکەی سێرگێ بەوتاری کورت کورت ناوەوەی روسیامان پێدەناسێنێت، کە چەندێک پڕ لەئاڵۆزی و دابراوە لەدونیای ئاگایی ئێمە. سەرەتا حەزئەکەم هەندێک لەسەر ستایڵ قسە بکەم. سێرگێ ئەکادیمییەکی روسی دەرەکییە. بەو مانایە میتۆدی بیرکردنەوەی سیاسی وەک شارەزایانای تری سیاسی نییە لەناو روسیادا. سێرگێ خۆی رەخنەی ئەمە دەکات. بەدیدی ئەوە لەناو روسیادا شتێک نییە ناوی زانستی سیاسەت بێت. ئەوەی لەوێ زاڵە جیوپۆلەتیکە. ئەو ئەم زاڵکردنەی جیوپۆلەتیک بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ناخوازرێت ڕۆڵی تاک و گروپ و کێشەکانی کۆمەڵگا زەق بێتەوە. جیوپۆلەتیک، کە ئەمڕۆ لەڕوسیا بەتەوژمێکی تایبەتەوە سەریهەڵداوە وەک لەتێزەکانی ئەلکسەندەر دوگیند دەیبینین، ئامانجی ئەوەیە کە روسیا وەها وێنا بکات کە لەبەردەم هێرشی ڕۆژئاوادایە. بۆیە روسیا دەبێت خۆی لەڕۆژئاوا بپارێزێت، نەک تەنها لەڕووی سەربازی و ئاسایشەوە، بەڵکو لەئاستی کەلتووری و جیوپۆلەتیکەوە. تێزی روسیا دەخوازرێت ئابلۆقە بدرێت و روسیا لە بەردەم مەترسیدایەو روسیا دەبێت، رێگە نەدات ناتۆ لەسنوورەکانی نزیکبێتەوە هەموو بۆ ئەوەیە کە لەناوەوە خەڵکی روسیا دەستەمۆ بکەن.
سێرگی بڕوای وەهایە کە ڕۆژئاوا لەروسیا ناترسێت و دەزانێت لەناوەوە چەند قلۆرە، لەمڕووەوە زۆر ناوناتۆرە هەیە بۆ روسیا، لەنێویاندا سەربازگەیەکە لەدەوری چەند کێڵگە نەوتێک. روسیا کە لەڕێگای میدیاو سەربازو سایبەرەوە هەوڵدەدات وێنایەکی وەها بۆ خۆی دروست بکات کە هێزێکی جیهانییە، لەناوەوە ناتوانێت ڕێگاوبانەکانی خۆی قیرتاو بکات. بەجۆرێک بەدیدی سێرگێ روسیا بەئاراستەیەک دەڕوات کە بریتی بێت لەکۆمەڵێک شاری لەیەکتر دابڕاو. ئەو بەتانییەک وێنای دەکات کە لەلایەن پەروانەوەی خورابێت.
لەئاستی ستایڵدا سێرگێ دژ بەم تێزی جیوپۆلەتیکەیەو دیدێكی ڕەخنەییانەی هەیە بۆ دەسەڵات. بەڵام ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنج بوو بۆ من، هاوشێوەیی کاربوو. ئەم کتێبەی سێرگێ کۆمەڵێک نووسراوە کە وەک ستوون لەڕۆژنامە لیبرالەکانی روسیادا بڵاوبووەتەوە، لەتوێی ئەم کتێبەدا سێرگێ کۆیکردوونەتەوەو جارێكی تر پیاداچوونەوەی بۆ کردوون. ئەم کورتە سەرنجانە لەڕووداوو دیاردەو بۆنەی جیاواز هەریەکەیان لەڕوانگەیەکەی نوێوە روسیامان بۆ ڕاڤە دەکەن، کە بۆ چاودێری دەرەکی لەزاڵبوونی دوو قوتابخانەی جیوپۆلەتیک و ئەدەبیاتی کەسایەتی پوتین ناتوانین بیانبینین. کەسایەتی پۆتن مایەی سەرنجێکی زۆرە لەڕۆژئاوا، چونکە کۆمەڵێک خەسڵەت لەخۆی دەگرێت کە لەچیرۆکە سیخوڕییە ئەفسانەییەکان دەچێت.
کورتە نووسینەکانی سێرگێ کراوە بەچوار بەشی سەرەکییەوە: بەشی یەکەم لەژێر ناوی شەڕ بۆ پانتایی. بەشی دووەم، شەڕ بۆ سیمبول. بەشی سێیەم، شەڕ بۆ جەستەو بەشی چوارهەم، شەڕ بۆ یادەوەری. ئەم شەڕانە کە روسیا لەناوەوە دەیکات، کارێكی رۆژانەیە لەپێناو مانەوەو تۆکمەکردنی ئەو ڕژێمیە کە ئێستا لەدەسەڵاتدایە.
بەگشتی سێرگێ هێڵێکی مێژوویی دەبینێت کە لەسەدەی شانزەوە هەتا ئەمڕۆ درێژدەبێتە. لەسەردەمی ئیڤانی تۆقێنەرەوە هەتا ئەمرۆ. روسیا ناوێرێت لەخۆی بنواڕێت و بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدایە کە ڕابوردووەکەی بەرهەمبهێنێتەوە بۆ ئەوەی لەئێستاو داهاتووی خۆی بپارێزێت. بەزمانێکی تر روسیا ناتوانێت واقیعی خۆی ببینێت و ڕێگە نادات کە زانست و ژانڕەو کەسایەتی دروستبێت کە هەوڵی ئەمە بدات. سێرگێ بەئازارەوە باسی ئەوە دەکات کە مانای چییە لەروسیای ئەمڕۆدا رۆشنبیر بیت. بەدیدی ئەو دەبێت هەمیشە بەوپەڕی ئاگاییەوە وشەکانت هەڵبژێرێت بۆئەوەی خۆت لەسزاو بەندیخانەو هەڕەشە بپارێزێت. بەڵام ئەو ئەمە بەنەرێتێکی کۆنی روسی دەزانێت.
کتێبەکەی سێرگێ دەربارەی بابەتی ئاڵۆزو گرنگن، بەڵام بەزمانێکی دەوڵەمەند. سیڕگێ فرە ژانڕەیە، لەئەدەبەوە دەگوێزێتەوە بۆ مێژوو، لەوێوە بۆ زانستی سیاسەت و ئابووری. ئەم فرە دیسیپلین و فرە ژانڕەییە بۆ من مایەی چێژێکی زۆربوو. شێوازێکە کە خۆم زۆر هەوڵئەدەم کاری پێبکەم.
تێگەیشتن لەڕوسیا بۆ کورد هەمیشە گرنگ بووە. لەئێستا و داهاتوودا گرنگی زیاتر دەبێت. روسیا دەیەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی هەبێت وەک هێزێک و ئەکتەرێک. لەکوردستانی رۆژئاڤا هێزێکی بڕیاردەرە. لەباشوور ئەکتەرێکی سەرەکەی بواری نەوت و غازی هەرێمە. لەمیانەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کوردستانی باکوورو هەروەها لەپەیوەندی لەگەڵ ئێراندا کاریگەری هەیە لەسەر پرسی کورد لەو وڵاتەدا.

 

وتاری زیاتر





قوڵتر لە قەیران‬ د.سەردار عەزیز
2020-07-08 11:05      56 جار بینراوە

تورکیاو تیورەی زەلکاو‬ د.سەردار عەزیز
2020-07-05 18:04      42 جار بینراوە



تورکیاو کورد: چی دەگوزەرێت؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-28 11:27      50 جار بینراوە

هێرشی تورک و دوو سەرنج‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-27 15:04      38 جار بینراوە

چین و ئەمریکاو کورد‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-22 14:47      71 جار بینراوە

عوسمانییەت: بە ئاشتی، بە شەڕ‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-21 11:45      45 جار بینراوە

گەوجاندنی پۆستمۆدرێن‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-17 19:23      62 جار بینراوە

هێرشەکانی تورکیا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-15 16:53      66 جار بینراوە

دانوستانی عیراق و ئەمریکا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-14 00:03      85 جار بینراوە

ئەمریکاو عیراق، دانوستان‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-07 19:19      69 جار بینراوە

ساتە کیسنجەرییەکان!‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-01 20:24      74 جار بینراوە

٢٨ ساڵە/ ٢٨٠ ساڵ‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-25 16:18      96 جار بینراوە



لەستایشی لامەرکەزیدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-16 18:45      79 جار بینراوە

کۆرۆنا چۆن دەمانگۆڕێت؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-04 15:51      87 جار بینراوە

بای بای حوکمداری ئاسان‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-02 15:52      115 جار بینراوە

دێوی حوکمڕانی‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-28 21:12      104 جار بینراوە

حەنین بۆ بەغدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-27 19:13      112 جار بینراوە

بۆچی روسەکان لەسوریان؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-25 23:31      95 جار بینراوە


ئەفیونی کشتوکاڵ‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-24 17:55      91 جار بینراوە


شەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-04-18 21:13      115 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو