د.سەردار عەزیز

ئایا فراوانخوازییەکانی ئەردۆگان دەرئەنجامی ئیسلامی بوونیەتی؟

  2020-07-17 14:20      58 جار بینراوە        کۆمێنت

لێرەدا دەمەوێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێم، ئەگەر هێزە عەلمانیە ناسیونالیستە تورکەکان لەسەر دەسەڵات بوونایە تورکیا بەوجۆرە پەلکێشان و فراوانخوازی و خەونی ئیمپراتۆرییەت لە کەڵکەڵەی نەدەدا. 
تورکە ناسیونالیستەکان، تەنها ناسیونالیست نەبوون، بەڵکو وەک زۆر لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی دەری دەخات، هەتا ئاستێک زۆر ڕەگەزپەرست بوون. وەک کوردێک ئێمە رەنگە پێویست بەتوێژینەوە نەکات بۆ ئەوەی لە ئەمە تێبگەین. بەڵام تورکە ناسیونالیستیەکان دونیابینیان لە ئیسلامیەکان جیاواز بوو. هەرچەندە هەندێک هەن لەتورکیا دەڵێن کە شتێک هەیە بەناوی سینتەسییسی ئیسلامی ناسیونالیستی: بەمانای تێکەڵکردنی هەردوکیان. ئەم خەڵکانە کەمالیەکان و تۆرانیەکان دەخەنە دەرەوە. بەڵام کەمالییەکان و تۆرانیەکان بەشی هەرە زۆری ناسیونالیستە تورکەکان پێک دەهێنن. بەم پێیە جیاوازی هەیە لەنێوان کەمالییەکان و ئیسلامیەکاندا، سەرباری بوونی هاوبەشی زۆر.
یەکەم، دیدی ستراتیژی کەمالییەکان لەوتەکەی ئەتاتورکدا کورت دەبێتەوە کە دەڵێت: ئاشتی لەناوەوە، ئاشتی لەدەرەوە. بەو مانایە تورکیا دەبێت فۆکەس بکات لەسەر ناوەوەی. ئەگەر لەناوەوە ئاشتی هەبێت ئەوا لەدەرەوەش ئاشتی دەبێت. ئیسلامییەکان، بەتایبەت داودئۆغلۆ، ئەمە بەهەڵە دەزانن و وەها دەبینن کە دەبێت تورکیا بکشێت بۆ دەرەوە بۆ ئەوەی ناوەوەی بپارێزێت. ئەگەر تورکیا نەکشێت بۆ دەرەوە، ئەوا ناتوانێت ناوەوەشی بپارێزێت. بەم پێیە داودئۆغلۆو ئیسلامییەکان پەلکێشان و فراوانخوازی و داگیرکاری وەک رێگایەک دەبینن بۆ بەهێزکردنی تورکیا. دیارە ئەم پرۆسەیە بەهەردوو شێوازی ئاشتی و بازرگانی لەگەڵ سەربازی و توندوتیژیدا بەڕێوەدەچێت.
کەواتە لەم خاڵەدا کەمالییەکان و ئیسلامییەکان دژ بە یەکن.
دووەم، کەمالییەکان و ئیسلامیەکان خاوەنی دوو یادەوەری و خەیاڵی داهاتوی تەواو پێچەوانەن. بۆ کەمالییەکان عوسمانیەکان ئەو رابوردوەیە کە دەبێت لەبیربکرێت. بۆ ئیسلامییەکان عوسمانییەکان ئەو رابوردووەیە کە دەبێت یاد بکرێتەوە. لێرەدا جوگرافیای خەیاڵی هەردوو گروپەکە دەردەکەوێت. لای کەمالییەکان دەبێت تورکیا پشت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و بەرەو ڕۆژئاوا بڕوات. ئەفسانەی کەمالییەکان وەهایە کە ئەوان چەندین سەدەیە بەڕێگاوەن بەرەو ڕۆژئاوا. لەم ڕوانگەیەوە، کەمالییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە کەمتر دەبینن و خۆیان بە باڵاتر دادەنین. تورکە ئیسلامیەکان بە پێچەوانەوە هاتنەوە بۆ سەرزەمینەکانی ئیمپراتۆرەیەتی عوسمانی بەو جۆرە دەبینن کە دەبێتە مایەی خێرو داهات و بەهێزبوونیان. بەجۆرێک پاش باڵابوونیان بەسەر ئەم پانتاییانەدا، ئەوا دەتوانن هاوتای رۆژئاوا بن و بەهێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. بەمجۆرە، ئەندامبوونی تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا خەونی کەمالیەکان بوو، هەتا ببنە ئەوروپی، کە سەدەیەکە خەونی پێوە دەبینن. بۆ ئیسلامییەکان هاتنەوە بۆ رۆژهەڵات و بوون بەکوێخای ڕۆژهەڵاتییەکان وەهایان لێدەکات کە بەهێزەوە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژئاوادا بکەن.
سێیەم، سوپای تورکی کە ئەیجینتی سەرەکی کەمالییەکانە، خاوەنی جۆرێکی تایبەتە لەسیستەمی مەدەنی سەربازی، یان خاوەنی جۆرێک لەسیستەم بوو. چونکە کەمالییەت سەرەتا بەسەربازی دەستی پێکرد، سوپا وەک کۆڵەکەی ئەم ڕەوتە مایەوە. هەتا ئەمڕۆ سوپای تورکی زۆر زیاتر لەهەموو بوارەکانی تری حکومەت لەلای خەڵک جێگای ڕێزە. بەڵام سوپای تورکی تەنها سوپا نەبوو. سوپا، پارێزەری دەوڵەت و حکومەت بوو. حکومەتی راستەقینەبوو. سوپا خاوەنی پشکی گەورەی ئابووری بوو. هەروەها سوپا خوازیاری شەڕ نەبوو. وەک بۆڵتن لەکتێبەکەیدا ئاماژەی پێدەدات سوپای تورکی حەزیان لەوە نەبوو کە بچنە ناو سوریا. بەڵام ئیسلامییەکان پەیوەندییەکی دژایەتی و ئاڵۆزیان هەیە لەگەڵ سوپادا. گەرچی ئیسلامیەکان سوپا بەدرێژەی سوپای عوسمانی دەزانن و هەموو سەربازێكی تورکی ناوێکی سیمبولی هەیە کە مەهمەتە. بەڵام سوپای تورکی ئەندامی ناتۆو سێکویلاربوو. وەک دەزانرێت سێکویلارە تورکەکان کەمینەن. بۆیە سوپا هەمیشە ئیسلامییەکان وەک نەیارو مەترسی دەبینێت. ئەمە بەهەمانشێوەی لای ئیسلامیەکانیش وەهایە. بۆیە بێ بڕواییەک هەیە لەنێوان سوپاو ئیسلامیەکاندا. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵدراوە کە سوپا بکرێتە ئیسلامی. ئەم بێ بڕواییەیە کە ئیسلامیەکان هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان کە سوپای هاوتەریب دروستبکەن، چەکدارکردنی موختارو هەروەها چەکدارکردن و بە یاسایی کردنی پاسەوانانی شەو هەموو لەپێناو ئەم ئامانجەدایە. لەسەر بنەمای ئەم ئارگومێنتە، ئەگەر ئیسلامیەکان لەسەر حوکم نەبونایە ئەوا سوپای تورکی ئەجیندای فراوانخوازی نەدەبوو، چونکە لەر}ووی خۆشگوزەرانی و سوودمەندی و ئەندامێتی ناتۆو یەکێتی ئەوروپا بەسوودی نەدەشکایەوە. بەڵام ئیسلامییەکان دەیانەوێت لەڕێگای شەڕەوە سوپا سەرقاڵ دوور بخەنەوە لەناوخۆ.
چوارهەم، لەپرسی کورددا ڕەنگە دۆخێکی تایبەتی هەبێت. تورکە ئیسلامیەکان باوەڕیان وەهایە کە لەڕێگای ئیسلامەوە دەتوانن ناسیونالیزمی کوردی کۆتایی پێبهێنن و کورد بکەنە بەشێک لەپرۆسەکەیان. ئەم ستراتیژە لەهەردوو باکوورو باشوور کاردەکات. پەیوەندی پارتی دادو گەشەپێدان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەباشوور بەم ئاراستەیە، هەروەها پەیوەندی ئاک پارتی و پارتە ئیسلامیەکان لەباشوور. ئاک پارتی وەها دەبینێت کە لەباکوور دەتوانێت لەڕێگای کۆنزێڤەتیزمی ئیسلامیەوە کورد بۆخۆی ڕابکێشیت. ئەم دیدەیە کە پەکەکەی وەها لێکردووە کە لەپرۆسەی ئاشتی بترسێت. پەکەکە وەها دەبینێت کە ئاک پارتی بۆیە ئاشتی دەوێت یان دەیوست بۆئەوەی لەڕێگای ئاشتیەوە رۆڵی پەکەکە نەهێڵێت. بۆیە خیتاب و کرداری پەکەکە بەپێچەوانە بوەوە. بەم پێیە ئیسلامیەکان وەها دەبینن کە دەتوانن کورد بکەن بەئیسلام و بیکەنە بەشێک لەپرۆژەی خۆیان. کەمالییەکان ناتوانن دان بە کورددا بنێن. ئەم بنەمایە دەمانبات بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەگەر ئیسلامیەکان لەسەر حوکم نەبوونایەو تورکە کەمالییەکان لەسەر حوکم بوونایە، پەیوەندی تورکیاو باشوور چۆن دەبوو؟ 
لەساڵی ٢٠١٢ لەبارەگای سەرەکی جەهەپە، لەگەڵ فاروق لۆگئۆغلۆ دانیشتم. فاروق نەک هەر ئەو کاتە جێگری سەرۆکی جەهەپە بوو، بەڵکو یەکێکە لەگەورە دیپلۆماتەکانی تورکیا. بەدیدی ئەو ئەگەر ئەوان لەسەر حوکم بوونایە ئەوا تەنها لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵیدا مامەڵەیان دەکرد. بەو مانایە دانیان بەحکومەتی هەرێمدا نەدەنا. بەڵام بەمانای ئەوە نییە کە دەستوەردانیان نەدەکرد. چونکە مێژوو پێمان دەڵێت کە شەڕی ناوخۆی کوردی بووە هۆکاری ئەوەی کە تورک بێن بۆ باشوورو بنکە دابنێن. هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لەبەرجەستەکردنی دوو ئیدارەیی لەڕێگای ڕێککەوتنامەی واشنتۆنەوە. هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە تورکیای عەلمانی لەدیدی ناوخۆییەوە دەرەوەی دەبینێت، ئامانجی گرتن و بردن و دەستبەسەراگرتن و گەڕانەوە بۆ مێژوو و گۆڕینی جوگرافیاو دیموگرافیا نییە. تورکە عەلمانییەکان دڕندەن بەرامبەر کوردەکان لەناو تورکیا، بەڵام دەیانەوێت خۆیان بپارێزن لەکوردەکانی دەرەوە. ئەم دیاردەیە لەپرسی موسڵەوە دەست پێدەکات. بەڵام ئیسلامیەکان تینووی سامان و خاک و دەسەڵات و خەلافەتن و سڵ ناکەنەوە لەهیچ ئامرازێک لەم پێناوەدا.



وتاری زیاتر


ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      47 جار بینراوە

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      41 جار بینراوە


با سیروان نەمرێت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 19:22      46 جار بینراوە

لە مالی چ باسە؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 11:05      45 جار بینراوە


دەربارەی ئەمریکای بایدن‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-21 13:23      43 جار بینراوە


خوێندنەوەی ماکرۆن لە بەیروت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-07 10:12      49 جار بینراوە



گەڕانەوەی لێڤایەسانی روسی‬ د.سەردار عەزیز
2020-07-13 18:21      58 جار بینراوە


قوڵتر لە قەیران‬ د.سەردار عەزیز
2020-07-08 11:05      77 جار بینراوە

تورکیاو تیورەی زەلکاو‬ د.سەردار عەزیز
2020-07-05 18:04      58 جار بینراوە



تورکیاو کورد: چی دەگوزەرێت؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-28 11:27      74 جار بینراوە

هێرشی تورک و دوو سەرنج‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-27 15:04      59 جار بینراوە

چین و ئەمریکاو کورد‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-22 14:47      96 جار بینراوە

عوسمانییەت: بە ئاشتی، بە شەڕ‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-21 11:45      72 جار بینراوە

گەوجاندنی پۆستمۆدرێن‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-17 19:23      88 جار بینراوە

هێرشەکانی تورکیا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-15 16:53      88 جار بینراوە

دانوستانی عیراق و ئەمریکا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-14 00:03      112 جار بینراوە

ئەمریکاو عیراق، دانوستان‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-07 19:19      92 جار بینراوە

ساتە کیسنجەرییەکان!‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-01 20:24      94 جار بینراوە

٢٨ ساڵە/ ٢٨٠ ساڵ‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-25 16:18      120 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو