(98)
جوله‌كه، یه‌كێ له سێ ئایینه‌كانه، كه خاوه‌نی په‌یام و كتێب (ته‌ورات)ی ئاسمانییه. جوله‌كه تێكه‌ڵه‌ی چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جیاوازه لەكیشوهرهكانی ئاسیا، ئه‌وروپا، ئه‌مریكا. (ته‌ورات) ئه‌و هه‌موو جیاوازییه‌ی لەكلتوورو زمان و مێژوو لەده‌وری خۆی كۆكردووەته‌وه. واته ئایینه‌كه‌یان ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی و به‌یه‌كه‌وه گرێدانی هه‌مووانه. ساڵی (1948)یش به‌دواوه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بوو بەنیشتمان و قیبله‌نمای جوله‌كه‌كانی دنیا. هه‌موویان به‌رگریی لەبوون و پاراستنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌كه‌ن، یارمه‌تی بۆ ده‌نێرن، له‌كاتی پێویستیشدا ئاماده‌ی فیداكاریین لەپێناویدا.
*گه‌لێ جار لەباوكم و ریشسپیانی گوندی گوێم لێبووه، كه تاكوته‌را جوله‌كه لەگونده‌كانی لای ئێمه‌ش بووه، به‌ڵام بەحوكمی كه‌مینه‌و بێده‌سه‌ڵاتیان، هه‌میشه به «ترسنۆك» ناوبراون. گه‌لێ جار لەكوردهواریش بەكهسانی ترسنۆكیان وتووه (هه‌ی جوله‌كه) موسڵمانان غه‌درو ناهه‌قی و ناوناتۆره‌ی خراپیان بۆ دروستكردوون، به‌ڵام ئه‌وان خۆڕاگربوون و وازیان لەئایینی خۆیان نه‌هێنا، تاكو كۆچیان بۆ ئیسرائیل كرد.
*مێژوونووسان ده‌گێڕنه‌وه: لەدوای تهنوورو كووره‌ی نازییه‌كان بۆ جوله‌كه‌كانی ئه‌وروپاو به‌تایبه‌تیش ئه‌ڵمانیا، دوای كۆتاییهاتنی دووه‌مین جه‌نگی جیهانی، تاكوته‌را جوله‌كه لەسه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه خۆبه‌خشانه بەخهونی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل به‌ره‌و فه‌له‌ستین كۆچیان كرد. له‌وێ بەچنگهڕنێ و ژیانی كوله‌مه‌رگی، به‌رد له‌سه‌ر به‌رد هه‌وڵی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی نوێیان بەناوی ئیسرائیل دا. ژماره‌یه‌كیشیان لەشهڕی چه‌كداریی ئه‌و بنیاتنانهدا، كوژران. ساڵی (1948) جوله‌كه‌كان بەپشتیوانی ژماره‌یه‌ك لەدهوڵهتانی ئه‌وروپا، قه‌واره‌یه‌كی بچووكیان به‌و ناوه دروستكرد. له‌و ساڵانه‌دا پێشنیارێكی ده‌ولی بۆ دروستكردنی دوو ده‌وڵه‌ت بەناوی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل كرا، به‌ڵام عه‌ره‌به‌كان ئه‌و پێشنیاره‌یان ره‌تكرده‌وه، كه‌چی ئێستا به سێیه‌كی جاران رازین.
*له‌نێوان ساڵانی (1948-1967) جوله‌كه‌كان ورده ورده خه‌ریكی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و دروستكردنی هێزێكی سه‌ربازیی یه‌كگرتوو بوون. له‌و ماوه‌یه‌دا تاڕاده‌یه‌ك ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی (بۆ نێو خۆیان) و پێشكه‌وتوویان دروستكرد. جیاوازییه‌كانی نێو خۆیان له‌سه‌ر مه‌زهه‌ب و بۆچوونی جیاوازی چۆنیه‌تی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت به‌گفتوگۆو له‌چوارچێوه‌ی یاسا، چاره‌سه‌ركرد. له‌به‌رامبه‌ر دوژمنه دهرهكییهكانیشیاندا یه‌كگرتوو بوون، بۆیه لەشهڕی ساڵی (1967) عه‌ره‌به‌كان به‌و هه‌موو توانا سه‌ربازی و چه‌ك و جبه‌خانه‌و پاره زۆره‌وه نه‌ك هه‌ر شكستیان خوارد، به‌ڵكو هه‌زاران كیلۆمه‌تری چوارگۆشهشیان له‌ده‌ستدا. هۆكاره‌كانی شكستی عه‌ره‌به‌كان:
*شانازییكردن بەڕابردووی ئیمپراتۆریه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی و خۆهه‌ڵكێشان پێیه‌وه، بێ هه‌وڵی پاراستن و نوێبوونه‌وه‌و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی.
*گه‌نده‌ڵی و شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دوور له‌چوارچێوه‌ی یاسا‌و دیموكراتییه‌ت. *دژایه‌تی و پیلانگێڕان لەیهكتر، نه‌بوونی ته‌بایی و شه‌ڕ له‌سه‌ر مه‌زهه‌ب و حزبایه‌تی به‌رته‌سك. *هه‌وڵدان بۆ شكاندن و یهكترلهناوبردن له‌ڕێگای كوده‌تای سه‌ربازی و ده‌ست خستنه ناو كاروباری وڵاتانی تری عه‌ره‌ب و….هتد. پرسیار: جوله‌كه لەماوه‌ی كه‌متر لەبیست ساڵ حوكمڕانیی خۆیاندا، ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتیی پێشكه‌وتوویان بۆ خۆیان دروستكرد. ئه‌ی باشه ئێمه‌ی میلله‌تی كوردی باشوور بۆچی لەماوه‌ی نزیك له 30 ساڵ، نه‌مانتوانی هه‌رێمێكی سه‌ركه‌وتوو پێكبهێنین؟!. -مه‌سه‌له‌ی هه‌ق و ناهه‌قی دروستبوونی ئیسرائیل بابه‌تێكی تره. ئه‌م وتاره په‌یوه‌ندیی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه نییه.