مەریوان عەبدوڵڵا

عیراقی سەردەمی کازمی

  2020-08-03 20:26      105 جار بینراوە        کۆمێنت

لەدوای پڕۆسەی ئازادی ئەوەی پێی دەوترێت سەردەمی نوێی عیراق یەکەمجارە کاراکتەری یەکەمی وڵاتی نێوان دوو رووبارەکە بۆ ھەر پرسێک کە پەیوەست بێت بە گەلەکەی قسەی خۆی ھەبێت و لەسادەترین تا دەگاتە ئاڵۆزترین کێشەو ناکۆکی و ململانێ بێتە دەنگ و راشکاوانە بۆچوونی خۆی بۆ گەلەکەی نمایش بکات، ئەو بەوە جیا دەکرێتەوە تەنیا لەسەر کورسی دەسەڵات دانانیشێت و ھەر شوێن و جێگەیەک پێویست بێت ئەو لەوێیە.
ھەرچەندە تەمەنی کابینەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق تەنیا چەند مانگێکە، بەڵام جوڵەو کردەوەو بڕیارەکانی لەماوەی رابردوودا سەرنجی یارو نەیاری بەلای خۆیدا راکێشاوەو تاڕادەیەک ھاوسۆزی شەقامی عیراقی بۆخۆی مسۆگەر کردووە، بەشێک بەنمایشی سیاسی دەزانن بۆ راکێشانی سۆزی گەلەکەی بەئامانجی بەھێزکردنی پێگەی خۆی و دووبارە ھەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆک وەزیرانی داھاتوو لەھەڵبژاردنی پێشوەختی ساڵی ئایندە، بەشێکی تر پێیانوایە ئەوەی ئەم پیاوە دەیکات تەواو جیاوازە لەسەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی و لەسۆنگەی دڵسۆزیی بۆ گەلەکەی سەرچاوەی گرتووەو کەسێکی تەکنۆکراتەو ئەوەی لەعیراق روودەدات قبوڵی نییە، ھەرچەندە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام کازمی ئامانجێتی و دەیەوێت باری لاری عیراق راستبکاتەوەو سەروەری بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە گەلەکەی لەزۆنگاوی نەھامەتی و ململانێیەو بەرداشی نێوان ئێران و ئەمریکاو وڵاتانی ھەرێمایەتی دەربھێنێت .
بەڵام ھەر چۆنێک بێت ئەوەی ئەم پیاوە دەیکات ئەگەر نمایش-ش بێت کازمی ئەکتەرێکی سەرکەوتووەو توانیویەتی سەرنجی زۆرینە بەلای خۆیدا رابکێشێت، ئەوەی ئەو دەیکات تەواو جیاوازەو دەیەوێت بەھەموان بڵێ فریادڕەسی عیراقەو قبوڵی نییە ئەم وڵاتە تا ئایندەیەکی نادیار نوقمی گەندەڵی و گیرۆدەی سیاسەت و سیستمێکی دواکەوتووی بەڕێوەبردن بێت، بەڵکو دەیەوێت وڵاتەکەی خاوەن سەروەری و پێگەی خۆی بێت و چیتر گەلەکەی لەسەر خاکێکی دەوڵەمەند ھەژار نەژین، جموجوڵەکانی چەند مانگی رابردووش ئاماژەی ئەوەن سەرۆک وەزیران لەھەوڵی راستکردنەوەی ھەڵەو کەموکورتییەکاندایە بەتایبەت ھەندێک بڕیارو کارەکانی لەبارەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و شەفافیەت لەداھاتوو خەرجی دەوڵەت و رێکخستنەوەی دامودەزگاکانی حکومەت و دەرھێنانی دەروازە سنوورییەکان لەچنگی گروپەکانی حەشدی شەعبی و ھەوڵی لەقاڵبدانی ئەو گروپە چەکدارانەی کە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵات و دوورخستنەوەی بەشێک لەبەرپرسانی حکومی و سەربازی و دەستوەردانی راستەوخۆی خۆی لەزۆربەی مەلەفە گرنگەکان و چەندین جووڵەو کاری جیاوازی تر وایکردووە کازمی وەک سەرکردەی رزگاری نیشتمانی دەربکەوێت.
لەکاتێکدا کازمی سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانەکەیەتی کەمنین ئەو بەربەست و رەخنانەش کە لەلایەن لایەنە سیاسییە نەیارەکانییەوە ئاراستەی دەکرێت، بەڵام ئەو زیرەکانە توانیویەتی لەڕێگەی بڕیارو جوڵەکانییەوە کاریگەری ئەو رەخنانە کەم بکاتەوەو وانیشانی گەلی عیراقی بدات کە ئەو ھیچ بەربەستێک نایوەستێنێت و لەسەرکەوتنی پلانەکەی کە ئامانجی یەکەم و کۆتایی خۆشگوزەرانی خەڵکە ئاوڕ بۆ دواوە ناداتەوە، بەڵکو بەئامانجێکی روونەوە بەردەوامەو ئامادەی ھەموو قوربانیدانێکە لەپێناو گەلەکەی.
لەمێژووی عیراقی نوێدا مستەفا کازمی تەنیا سەرۆک وەزیرانە کە لەماوەیەکی کورتدا توانیویەتی سەرنجی گەلەکەی بەلای خۆیدا رابکێشێت، سەرۆک وەزیرانێک کە کەمترین پاڵپشتی سیاسی و زۆرترین نەیاری ھەیە لەدوای لابردنی یەکێک لەباشترین سەرکردەکانی عیراق «عادل عەبدولمەھدی» و شکستی دوو راسپێردراو بۆ سەرۆک وەزیران و بێنەو بەردەو گرێ و گۆڵێکی زۆر پۆستەکەی گرتووەتە دەست، کاری ئەو لەعیراقێکی لاوازو پڕ کێشەدا تەواو قورس و دژوارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا توانیویەتی تاڕادەیەک سەرکەوتوو بێت لەبەڕێوەبردنی عیراق، ئەوەی گرنگە لەنێو ئەم ژینگەیەدا کازمی دەتوانێت بەھەمان ھێزو تواناوە شەڕی راستکردنەوەی ھەڵەو کەموکورتییەکانی رابردوو بکات؟ 
لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئایا کازمی عیراق دەگەیەنێت بەکەناری ئارامی و جۆرێک لەسەروەری بۆ وڵات دەگەڕێنێتەوەو داھاتی عیراق دادپەروەرانە دابەشدەکات یان لەپلانەکەیدا شکست دەھێنێت و ناتوانێت وێنەیەکی جیاواز لەسەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی پیشان بدات لەشوێنێکدا دەیوەستێنن و ھەموو شتێک ئاوەژوو دەبێتەوەو وڵات دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی سفر؟ رووداوەکانی چەند مانگی داھاتوو بەردەوامی جموجوڵ و جیاوازییەکانی کازمی وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.

وتاری زیاتر


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو