لە (6)ی ئایاری ئەمساڵەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقە. دوای شەش کابینە، هاتۆتەسەر کۆمەڵێک قەیران و کێشە، کە هەندێکیان درێژخایەنن و دوای (2003) کەڵەکەبوونە و هەندێکیشی وەک کۆرۆنا و قەیرانی دارایی کە تازەن.
کێشە کۆن و تازەکان گەلانی عێراقیان تاڕادەی بێئومێدبوون و لەدەستدانی متمانە بە حوکمڕانی لەعێراق شەکەت کردووە. بەڵام لە ئاستی میللی تاڕادەیەک و لە میدیا و سۆسیالمیدیا زیاتر جۆرێک لە ئومێد و هیوابەستن به هەنگاوەکانی کازمی دروست بووە.
کازمی دەزانێت نە کاتی پێویست و نەهێزی پێویستی لەبەردەستدایە تا بتوانێ هەندێک لە کێشە بنەڕەتیەکان چارەسەر بکات، لەڕاستیدا هەندێک هەنگاوی بوێرانە هاویشت لە گەڕاندنەوەی جەنەڕاڵە دوورخراوەکان و سەردانی مەیدانی و چوونە ناو خەڵک و سنوردارکردنی چالاکی ملیشیاکان، بەڵام لەهەندێ هەنگاویشدا نەیتوانی بویرانە مامەڵە بکات، وەک کێشەکەی حزب اللە و ئاشکراکردنی بکوژانی هیشام هاشمی، لەکاتێکدا زانیاری و بەڵگەی سەڵمێنراویشی لەبەردەستدایە.
داوای لێبوردن کردن لە گەنجە ئازاردراوەکە و دانانی مناڵێکی ئێزدی شەنگال لەسەر کورسیەکەی و چوونە ناو جادە و بینینی خەڵک بەدیوێکدا بوێری و پەرۆشی کازمیە، بەدیوێکی تریشدا نمایشە و لەرووی کردارییەوە بۆ ژیانی گەلانی عێراق و باشکردنی دۆخەکە هیچ ئەنجامێکی نابێت.
کازمی بۆ شەش مانگی داهاتوویش بەهەمان تەرز بەردەوام دەبێت و دەیەوێ پارێزگاری لەم کەشە بکات تا ئەچێتە ناو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە. دەیەوێ هاوپەیمانێتیەکەی زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بۆ خولی داهاتوو هێزی پەرلەمانی و سیاسی و هەژموونی بەسەر حوکمڕانیدا بەتەواوەتی جێگیر بکات و لەوێوە بۆ چوار ساڵ بەهێواشی بەرنامەکانی جێبەجێ بکات.