جەزا سەید مەجید

لێكۆڵینەوە و راسپاردەكان لە كەیسی جینۆسایدی شەنگالدا بەكوێ گەیشتن؟

  2020-08-07 15:20      92 جار بینراوە        کۆمێنت

3ی ئابی 2014 دەستپێكی رۆژێكی رەش و شوم بوو لە مێژووی كورد و شەنگالییەكاندا كە تیایدا ئێزدییەكان رووبەڕووی گەورەترین تاوانی مرۆیی بوونەوە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە لەسەر خاكی خۆیان. لەو كۆمەڵكوژییەی تیرۆرستانی داعشدا كە بە بەرچاوی جیهانەوە ژن و كچانی ئێزدییان بە بارمتەگرت و پیاو و گەنجەكانیشیان زیندەبەچاڵ كرد.
دوای تێپەڕبونی شەش ساڵ بەسەر ئەو جینۆسایدەدا، تائێستاش بەشێك لە پرسیارەكان بێ وەڵام ماونەتەوە و ئەمەش گومانی شەنگالییەكان زیاتر دەكات كە ئەنجامدانی تاوانەكە پلانێكی وردی پێشوەختەی لەپشتەوە بووەو دوورە لە شكستی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
جیهان شایەدی ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان نزیكەی سێ ساڵ بە هاوكاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش و بە خوێنی سەدان شەهیدی قارەمان و هەزاران بریندار، چەندین داستان و نەبەردیی لە بەرامبەر داعشدا تۆماركرد و لەو ماوەیەشدا رێگربوو لە هاتنە پێشەوەی داعش و دەستبەسەرداگرتنی خاكی پیرۆزی كوردستان، دواجار و بۆ یەكەم جار ئەو گروپە پڕچەكە تیرۆرستییە هەر لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە تێكشكا و شكستی یەكجاریی بەركەوت.
هێزی پێشمەرگە كە بەدرێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتری سنوور بەرامبەر بە داعش جەنگابێت و رێگیربووبێت لە خەونی تاریك پەرستان، بۆچی شەنگالی پێ نەپارێزرا؟ ئایا فەرمانی پاشەكشەیان بۆهات؟ كە وایە كێ فەرمانی پێكردن؟
سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان لە 14ی ئابی 2014 لە پەیامێكدا رایگەیاند «ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازیی و حزبییانەی ئەركی پاراستنی شەنگالیان لە ئەستۆ بووە، لەكارەكانیان لادراون و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەش بۆ دەرخستنی راستییەكان پێكهاتووە و ئەو لیژنەیە بڕیار لەسەر سزادانی ئەو بەرپرسانە دەدات كە لە پاراستنی شەنگالدا كەم تەرخەم بوون.
ئێمە لێرەدا دەپرسین كاری لیژنەكە بەكوێ گەیشتوە؟ ئایا لە دوای شەش ساڵ لیژنەكە نەگەیشتن بە راستی و دروستی ئەو كەیسە؟ بۆچی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە ئاشكراناكەن؟ و خەتابارەكان لە دادگاییەكدا بەسزای خۆیان نەگەیشتن؟
لەلایەكی دیكەشەوە پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (3)ی نائاسایی خۆیدا لە 3 ی ئابی 2019 دا رۆژی 3ی ئابی 2014 ی وەك رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان دیاریكرد، بۆئەوەی بەیاسا زەمینەسازیی بكات بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی شەنگال، بەڵام تائێستا بۆچی قەرەبوو نەكراونەتەوە؟
هەروەها حكومەتی عیراقیش ئەركی خۆی جێبەجێ نەكردووە سەبارەت بە قەرەبووكردنەوەی ئێزدییەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و رێگریشە لە هێنانی تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و بە دیكۆمێنتكردنیان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای چوارەمین كۆنگرەی خۆی، پلان و ستراتیژی وردی بۆ هەموو ناوچە و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان هەیە و لە ناویشیاندا خەڵكی رەسەنی ئێزدی، هاوسەرۆكان و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ی.ن.ك، هەوڵی سۆراغ و ئاشكراكردنی چارەنووسی (2500 ) كچ و ژنی ئێزدی كە تائێستا چارەنووسیان نادیارە، هەروەها گوشارەكانی بۆ ئاشكراكردنی كاری لیژنەكەی سەرۆكی پێشووی هەرێم دەخاتە گەڕ، هاوكات لەڕێگەی نوێنەرەكانی لە حكومەت و پەرلەمانی عیراق هەنگاوەكانی چڕتردەكاتەوە كە بە زووترین كات حكومەتی عیراق قەرەبووی شەنگالییەكان بكاتەوە و ناوچەكانیشیان ئاوەدان بكاتەوە و كاردەكەین بۆ گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان و زەمینەش دەرەخسێنین بۆ هێنانی رێكخراوەكانی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بەدیكۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش دەرهەق بە ئێزدییەكان و تۆماركردنی وەك كۆمەڵكوژیی لە دادگای نێودەوڵەتیدا.
*لێپرسراوی مەڵبەندی ١ی رێكخستنی سلێمانی ی.ن.ك

 

وتاری زیاتر

یەکێتی دوای چوارەمین کۆنگرە‬ جەزا سەید مەجید
2020-06-01 17:31      104 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو