د.سەردار عەزیز

دەربارەی ئەمریکای بایدن

  2020-08-21 13:23      68 جار بینراوە        کۆمێنت

جاران کورد حەماسەتی زۆربوو بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئێستا پرسەکە وەها نابینرێت. ئایا ئەم بایەخپێنەدانە دەرخەری چیە؟ لەکاتێکدا ڕۆڵی ئەمریکا لەگەڵ کورددا، فراوان و زیاتر بووە؟ ئایا کورد بێتاقەت بوو لە ئەم هەموو سەرکردە نوێیە؟ یان ئیدارەی ترەمپ هەموو دۆخەکەی گۆڕی؟ یان سەرقاڵی ئەمریکا بەخۆیەوە، وەهای لێکردووە سیحرەکەی جارانی نەمێنێت؟.
نەوەی کۆنی سیاسی کوردی دیدێکی پیلانیان هەبوو بەرامبەر ئەمریکا. مەبەستم لەدیدی پیلانی ئەوەیە کە ئەمریکا دەتوانێت هەموو شتێک بکات و هەرشتێک ئەمریکا نەیەوێت ناکرێت. ئەم دیدە ڕەنگە لای نەوەی نوێ نەبێت. لەهەمانکاتدا ئەمریکا ئێستا وەک جاران وڵاتێکی دووری نەزانراو نییە، ئەمەش وەهای لێکردووە کە لای خەڵکی سیحری کەمبێتەوە.
بەڵام وەک زۆر لەجیوپۆلەتیستە ناسراوەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە، گەر بتەوێت لەم سەدەیە تێبگەیت دەبێت چاودێری سیاسەتی ئەمریکی بکەیت. 
ئەوەی ئەمڕۆ لەدونیادا دەگوزەرێت: یان ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی ئەمریکیدا دەگوزەرێت یان لەئەنجامی ئەو بۆشاییەی کە ئەمریکا دروستی کردووە. بۆ کورد ئەمریکا لە سی ساڵی رابوردودا گرنگ بووەو ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بەسەر هەڵوێست و پێگەو ڕۆڵیدا بێت لەناوچەکە، ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر کورد لەهەموو ساتێکی تر زیاتر لەمێژوودا.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکا لەچەند روویەکەوە جیاوازە، یەکەم، لەساتەوەختێکی تەواو تایبەتدا روودەدات، بەهۆی کۆرۆناوە. دووەم، ئەمریکا لەهەموو ساتێکی تر زیاتر سەرقاڵی خۆیەتی. سیێەم، جەمسەرگیریی لەئەمریکادا گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە. چوارهەم، دونیا وەک چەند دەیەی ڕابوردوو نییە کە ئەمریکا یەکەمی بێ ڕکەبەر بێت.
ئێستا دوو کەس کاندیدن بۆ سەرۆکایەتی، وەک کومیدی ناسراو ترێڤەر نوا وتی: بەهەردووکیانەوە نزیکەی ٢٠٠ ساڵ تەمەنیانە، ئەمە لەکاتێکدایە کە لاوانی ئەمریکی لەهەموو ساتێکی تر زیاتر سیاسی ترن و ئەوە نەوەیەی کە لە دوو هەزارەکان لەدایکبووە، گروپێکی خاوەن دیدو دونیابینی تایبەتن.
هەردوو کاندید بۆ خەڵكی کورد ناسراون. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێکی تری کەمتەرخەمی بێت، بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. دۆناڵ ترەمپ بەڕای زۆرینەی ئەوانەی ڕایان لەسەری هەیە کەسێکی دیماگۆجە. دیماگۆج ئەو کەسەیە کە پەنا دەباتە بەر وروژانی هەست و سۆزی ئەوانیتر بۆ ئەوەی بەسەریاندا زاڵ بێت لەبری پەیوەندی و مامەڵەی عەقڵانی.
هەرچەندە لەبنەڕەتدا دیماگۆج بەمانای جۆرێک لەکەسایەتی نەدەهات، بەڵکو تەنها شێوازێکی مامەڵەی سیاسی بوو. بەڵام ئەمڕۆ زیاتر بۆ جۆرێکی تایبەت لەسیاسی بەکاردێت. لەهەمانکاتدا دیماگۆج هەمیشە ئەو دۆخە بووە کە ئەوانەی ڕەخنەیان لەدیموکراسی هەبووە، وەک چەمکێک بەکاریانهێناوە بۆ ڕەخنەکردنی دیموکراسی. چونکە دیموکراسی مامەڵەیە لەگەڵ جەماوەردا، ئەوا دیماگۆج، هەمیشە مەترسییە، بەتایبەتی لەسەردەمێکدا کە وتنی ڕاستی بووەتە عەیبە. دونیای سیاسەتی کوردی پڕیەتی لەدیماگۆج، خەڵکانێک کە وروژان و سۆزو لەخشتەبردن بەکاردەبەن بۆ گەیشتن بەمەبەستیان. 
کۆتایی هاتنی دیماگۆجیەت، ڕەنگە یەکەم گۆڕانکاری بێت لەدۆخی سیاسەتی ئەمریکیدا، ئەگەر بێتوو جۆ بایدن هەڵبژاردنەکان بباتەوە. بایدن خاوەن کەسایەتیەکی تراژیدیە. تەمەنی کاری سیاسی نزیکەی نیو سەدەیە. ترەمپ بە بایدنی خەواڵو ناوی دەبات. نەک هەر ئەو، هەندێک لەوانەی کە لێشیەوە نزیکن وەهای وەسفی دەکەن کە بەباشی شتەکانی لەبیر نییە. بایدن لەسەرووی حەفتا ساڵەوەیە. لەتەمەنی سیاسیدا چەندین جار شکستی هێناوە، بەڵام ڕەنگە ئەوەی زیاتر کاریگەری لەسەری دانابێت ژیانی خێزانییەتی. جۆ هاوسەرەکەیی و دوو منداڵی لەتەمەنی منداڵیدا لە دەستدا. ئەمەش وەهای لێکرد کە هەموو ڕۆژێک لە واشنتۆنەوە بەشەمەندەفەر سەفەر بکاتەوە بۆ ماڵەوە لە دێلاوەر بۆ ئەوەی مناڵەکانی ببینیت. ئەم عادەتەی هەتا ساڵی ٢٠٠٨ درێژەی هەبوو. وەک ڕۆژنامەنوسێکی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز حیسابی کردوە بایدن ٢١ هەزار کاتژمێری لەشەمەندەفەردا بەسەر بردووە. هەموو ئەوانەی لە ئەو هێلەدا کاردەکەن دەیناسن. دۆست و ڕەخنەگرانی بایدن لەسەر ئەوە کۆکن کە بایدن سەر بەسەردەمێکی ترە. دونیای ئەو دونیایەکی بەسەرچووە. ئەمریکای ئەمڕۆ تەواو گۆڕاوە.
هەندێک وەهای دەبینن کە ئەوەی بایدن دەبێت بیکات یان دەیکات ئەوەیە کە ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژگاری سەردەمی ئۆباما. بەڵام زۆرێک گومانیان هەیە لەسەرکەوتنی ئەم هەوڵی گەڕانەوەیە، نە ئەمریکاو نە دونیا، وەک سەردەمی ئۆباما نییە. چین وڵاتێکی زۆر بەهێزترە، وەک هەندێک چاودێر بڕوایان وەهایە کە لەململانێی چین و ئەمریکادا، هەردوو سوودمەندن، بۆیە پەیوەندی هاوکارییانە ڕەنگە سەردەمی بەسەرچووبێت. هەرچەندە بایدن وەها خۆی دەردەخات کە توندە لەسەر چین. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە چین بەباشی لەلایەن کۆمەڵگای ئەمریکییەوە وێنا ناکرێت. 
بایدن پێویست ناکات کوردی پێبناسێنیت ئەو دەمێکە کورد دەناسێت و پشتیوانیانە. دیدی ئەو بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای کەسایەتییە، ڕەنگە ئەمە بۆ پرسی بەدەزگاییکردنی پرسی کورد، ڕۆڵێکی نەرێنی ببینێت. بن ڕۆدس بەوردی باسی ئەم پرسە ئەکات لەکتێبەکەیدا. ڕەنگە ئەمە لەو خەسڵەتەی بایدنەوە سەرچاوەی گرتبێت کە دەڵێن کەسێکی کۆمەڵایەتییە. ئەم کۆمەڵایەتییبونەوەی بەزەقی دەردەکەوت لەسەردەمی ئۆبامادا، چونکە ئۆباما وەک ڕۆشنبیرێک لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لاوازبوو. لەڕوانگەی گشتییەوە بایدن هەوڵدەدات ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا زیندووبکاتەوە، لەئاستی جیهاندا بەرەیەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا پێکبهێنێت. بەڵام ئەوەی ڕوونەو دەبێتە فشارێک لەسەری ئەوەیە کە چۆن سیاسەتی دەرەوە بەدیدی بەرژەوەندی خەڵکی ئەمریکا دابڕێژێتەوە. ئەمە یەکێکە لەو دیاردانەی کە ترەمپ لەسیاسەتی ئەمریکیدا چەسپاندی.
وەک چاودێران دەیبینن، رەنگە رۆڵی بایدن زیاتر رەمزیی بێت وەک سەرۆک. هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکی وەها دەردەکەوێت کە بەهێزە، بەڵام لەڕاستیدا وەها نییە. دیارە بەهێزی ئەمریکا وەها دەکات کە سەرۆکی ئەمریکی بەهێز دەربکەوێت، ئەگینا سەرۆکی ئەمریکی هەمیشە دوو پەرلەمان چاودێرین، میدیای پارتیزانی، بەرژەوەندیییە تایبەتەکان، دۆخی جیهانی و زۆر ڕێگریی تر. لەسیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆک وەزیران زۆرجار سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەو بەهێزترین پارتی سیاسیش لەپەرلەمان پاڵپشتیەتی، بەو جۆرە فشاری کەمتر لەسەرە. بەڵام هێشتا دەبێت ئەوە لەیاد نەکەین دۆڕانی مستەر ترەمپ گەرەنتیی نییە.


وتاری زیاتر



تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-10 20:19      30 جار بینراوە


لەئەمریكا چی ڕوویدا؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-07 10:45      60 جار بینراوە

نالی و چین‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-28 19:24      54 جار بینراوە

پیرۆزی و نوێ؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-27 20:09      54 جار بینراوە

٢٠٢١ خوێندنەوە‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-26 15:15      52 جار بینراوە

فەلسەفەی توڕەیی‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-21 23:22      58 جار بینراوە


مەرگێک لە ئابسەرد ‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-07 21:31      84 جار بینراوە


کوردستان بەرەو باشوور؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-23 19:15      54 جار بینراوە


رامان لەشەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-16 13:40      56 جار بینراوە

بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-13 12:08      70 جار بینراوە






ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      113 جار بینراوە

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      72 جار بینراوە


با سیروان نەمرێت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 19:22      106 جار بینراوە

لە مالی چ باسە؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 11:05      88 جار بینراوە



خوێندنەوەی ماکرۆن لە بەیروت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-07 10:12      86 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو