(107)
#منداڵ بووم، لەقۆناغی سەرەتایی دەمخوێند. دەبوو هەموو رۆژێ لەگەڵ هاوتەمەنەكانم و لەخۆم گەورەتر ماوەی یەك كیلۆمەترو نیو بەپێ ببڕین تا دەگەینە قوتابخانەی شارۆچكەی (دیبەگە). دوای تەواوبوونی دەوامیش بەهەمان رێگای خۆماندا بگەڕێینەوە.
رۆژێكیان، پێشنیوەڕۆ، لەكاتی خوێندنی دەرس لەدەرەوەی حەوشەی قوتابخانەكە، بوو بە هات و هاوارو دەنگە دەنگێكی زۆر، هەر بژی و بمرەیان بوو، سەرجەم پۆلەكان دەستیان لەخوێندن هەڵگرت و هەموومان بە مامۆستاو قوتابی هاتینە دەرەوە، دواتر مامۆستا پێیوتین بڕۆینەوە ماڵەوە. كاتێ چوومە ناو ئاپۆراكە بە سەدان خەڵكی شارۆچكەكەو گوندەكانی دەوروبەر كۆببوونەوە، چەندین (لافیتە)یان بە رەنگی سوور نووسیبوو. هەموو بەیەك دەنگ هاواریان دەكرد:
چیتان دەوێ ئەی بەزاز
ئیعدامی سەعید قەزاز
لەشارۆچكەی (دیبەگە) نەك هیچ كوتاڵفرۆش و بەزازی تێدانەبوو، بەڵكو لەچەند دوكانێكی وردەواڵەفرۆش و دوو چایخانە زیاتر، هیچی لێ نەبوو، بەڵام حزبی شیوعی، فەرمانی دابوو ئەو دروشمە بڵێنەوە، دڵنیاش بووم لەوەی تاكوتەرای ئاپۆراكە (سەعید قەزاز)یان دەناسی، ئەوانیتر پێشتر هەر گوێشیان لەناوی نەببوو، نەشیان دەزانی چ كارەیە، ئیتر لەو رۆژەوە سیاسەتی پۆپۆلستی (الشعبویە) لەعیراق پیادەدەكرێت تاكو ئەمڕۆ.
#(سەعید قەزاز) دەرچووی دواناوەندی بوو، پشت بەتواناو لێهاتوویی خۆی، فێری زمانی ئینگلیزی بوو، بۆیە لەقوتابخانەكانی سلێمانی ببوو بەمامۆستای زمانی ئینگلیزی. ئینجا بێ پشتیوانی حزب و ئەملاو ئەولا وەكو نووسەر (كاتب) دامەزرا. هەر بەلێهاتوویی خۆی بوو بە(مدیر ناحیە)ی چەندین شوێن. دواتر بە(قائیمقام) ئینجا (متصرف). لە پێنج ساڵی كۆتایی حوكمی پاشایەتیش لەعیراقدا، بوو بەوەزیری ناوخۆ لەحكومەتی عیراق، بەڵام چ كوردێكی مەرد، چ وەزیرێك، نەفس بەرز، پاك، بڕوابەخۆو چاونەترس و بێلایەن، جێبەجێكردنی یاسا بێ جیاوازی، دوای كودەتاكەی ساڵی (1958) گیرا. بۆیە كاتێ لەزیندان بەلاقرتێ پێیانوت (ئەو وەزیرانە گوناحیان نییە، چونكە داشی دامەی نوری سەعیدو عەبدولئیلا بوون، هەر چۆنیان ویستبێت وایان جوڵاندوون)، (سەعید قەزاز) لەوەڵامدا پێیوتبوون: (ئەو قسانە بەرامبەر من و هەندێ لەوەزیرەكان درۆو بوختانە. من لەكاتی وەزیفەكەمدا لەخزمەتی وڵات و یاسا بەولاوە، گوێم لەهیچ شتێك نەگرتووە، من لێپرسراوی یەكەمی كاری خۆمم).
#لەكاتی دادگاییكردنەكەیدا جیالەوەی دەیان كەس لەهۆڵی دادگاییكردنەكەیدا پەتی لەسێدارەدانیان بۆ هەڵدەشەقاندو جنێویان پێدەدا. سەرۆكی دادگاش (مەهداوی) جنێوی سووكی پێداو ئیهانەی كرد. (سەعید قەزاز) زۆر بوێرانە پێیوتن: (من داوای مەرحەمەت و بەزەیی و لێبووردن لەكەس ناكەم، بەڵكو هەموو شتەكان بۆ خوا جێدەهێڵم، داواتان لێدەكەم جنێوم پێمەدەن و سووكایەتیم پێمەكەن، چونكە قبووڵی ناكەم). دادگاكە هێندە سووك و نایاسایی بوو، ئەو كەسەی شایەتی بۆ بەرژەوەندیی قەزازدا، هەر لەهەمان دادگا سووكایەتییان پێكردو بەتۆمەتی پشتیوانیكردن لە(خائینان) دادگاییان كردو حوكمیان دا.
دوای ئەوەی دادگا حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، هەندێ لەكەسوكاری چوونە لای (زەكیە خانی) خێزانی، تاكو بچێتە لای و لەڕێگای نامەیەك بۆ (عەبدولكەریم قاسم) داوای لێبووردن و بەزەیی بكات. (سەعید قەزاز)یش لەوەڵامدا بەژنەكەی وتبوو: (خۆت بۆ بێوەژنی ئامادە بكە) لەكاتێكدا پێیانووت داوای لێبووردن لەدادگا بكات، وتی: (پەتی سێدارە نامترسێنێ، كاتێ دەچمەسەر سەكۆی لەسێدارەدان، هەندێ كەس دەبینم مافی ژیانیان نییەو سەریان لەپێڵاوەكانم نزمترە).
سوودم لە ماستەرنامەی (سەعید قەزاز)و دەوری لەسیاسەتی عیراق لەنووسینی (عەبدولڕەحمان ئیدریس ساڵح ئەلبەیاتی) وەرگرتووە.