(25)ی ئەم مانگە لە عەممانی پایتەختی ئەردەن، کازمی و سیسی و شا عەبدولڵا کۆبونەوەو تاوتوێ پرۆژەی "شامی نوێ"یان کرد، کە کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش گەڕانەوەی لە واشنتۆن هێڵە سەرەکی و ووردەکارییەکانی دارشتۆتەوەو پێشتریش ڕەشنووسەکەی بۆ شاعەبدولڵا وسیسی ناردووە.
هێڵە سەرەکیەکانی پرۆژەکە، لەلایەک لێدانە لەدەستیوەردانی تورکیا لە ئابوری و سیاسەتی ناوچەکە، لەلایەکیش بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێرانە. ڕێگای لێدانی بەرژەوەندی ئابووری ئەو وڵاتانە، لەڕێگای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی پێشوو و گەلاڵەکردنی گرێبەست و ڕێکەوتنی نوێ.
لەقۆناغی یەکەمدا کۆبونەوەکەی عەممان، لە چوارچێوەی پرۆژەی "شامی نوێ"دا، ئەم هەنگاوانە دەنێن: نەوتی باكوری عێراق و هەرێم لە ژێر پاوەنخوازی توركیا دەردەهێنرێت، گرێبەستی کڕینی كارەبای ئێران لەلایەن عێراقەوە هەڵدەوشێننەوە، هێڵی بەسرە-عەقەبە، هێڵی ینبع-عەقەبە-بەسرە، پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبای عێراق بە میسر و ئوردنەوە.
پرسی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ڕێکەوتنی "ئەبراهام" لەنێوان (ئیسرائیل، ئیمارات، ئەمریکا)، بۆری نەوتی عێراق یافا و هەندێك پرسی تر ڕێوشوێنی بۆ دانراوە.
دوێنێ (26)ی مانگ، كازمی وەزیرانی پەیوەندیداری ڕاسیپارد بۆ كۆبوونەوە و هەماهەنگی لەگەڵ هاوتا میسری و ئەردەنیەكانیان بۆ جیبەجێكردنی ئەو ڕێكەوتنامانەی لە کۆبونەوە سێ قۆڵیەکەی عەممان ئیمزاکراوە.
پرسیارەکە ئەوەیە، کورد لەکوێ ئەم هاوکێشە نوێیانەدایه، کە لەمیانەی هەندێ گۆڕانکاری هێواشدا، لەناوچەکەدا روودەدەن، کە بە هەردوو دیوی نەرێنی و ئەرێنی کاریگەری لەسەر کورد دەبێت، لەلایەک کار لەسەر سنوردارکردنی هەژموونی ئێران و تورکیا دەکرێ، لەلایەکیش بەهێزبوونی عێراقی ناوەندی، هێندەی تر پێگەی کورد لە هاوکێشەکاندا لاواز دەکات.
گرفتی گەورەی کورد، کە وایکردووە نەتوانێ ببێتە ژمارەیەکی گەورە و کاریگەر لە هاوکێشەکاندا، پرسی گەندەڵی و کەڵەکەبوونی کێشە و قەیرانەکان و چاکسازی نەکردنە لە حوکمڕانیدا.
پرسی نەبوونی مووچە، وایکردووە هەرێم دەستبەرداری پرسە چارەنووساز و ستراتیژییەکانی بێت، کە سەدەیەکە خوێنی بۆ دەرێژێ و خەبات بۆ بەدیهێنانیان دەکات، بەتایبەتی لەعێراقی دوای سەدام، کورد فیدراڵیەتی لەدەستوردا چەسپاند و تاڕادەیەک چوارچێوەیەکی دەستوری بۆ مافەکانی دانا، بەڵام ئێستا پرسی یەکەم و کۆتایی لەنێوان هەرێم و عێراق هەر پرسی مووچەیە.
کازمی لەم مانگەدا دووجار لەماڵی عامری لەگەڵ سەرکردە سیاسی و عەسکەرییەکانی شیعە کۆبووتەوەو پرسە گرنگەکان و پێشهات و گۆڕانکارییەکانی بۆ شیکردوونەتەوە، بەڵام بۆ کورد هیچ باس ناکات و کوردیش لەبەشی زۆری زانیارییەکان بێ خەبەرە.