د.سەردار عەزیز

لە مالی چ باسە؟

  2020-08-29 11:05      88 جار بینراوە        کۆمێنت

كاتێك لە زانكۆ وانەی سیاسەتی ئەفریقیمان دەخوێند، تێد مامۆستامان بوو، خەڵكی كۆنگۆ بوو. تێد بۆ ئەوەی سەرنجی خوێندكارە بێتاقەتە ئەوروپییەكان بۆ وانەكەی ڕابكێشێ هەمیشە دەیگوت، خوێندنی سیاسەتی ئەفریقی زۆر بە سودە، چونكە ئەفریقا تاقیگەی هەموو جۆرە سیستەمێكی سیاسییە. زۆرێك لەو سیستەمە سیاسیانە لە زۆر جێگای تری دونیا بونی نەماوە. دەكرێت سودی لێببینرێت بۆ لێكۆڵینەوە و وتوێژینەوە. 
یەكێك لەو دەربڕینە باوانەی كە لە كوردستان دەیبیستی ئەوەیە، ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێت لە گۆی زەویدا بێوێنەیە. ئەمە بۆ ئەوەنیە كە مرۆڤی كورد هانبدا بۆ جوڵە، بەڵكو لە پێناو ئەوەدایە كە وەهای لێبكات كە  وەها هەست بكات كە ئەو لە هەموو دونیا كەمتر و خراپترە. من بڕوام وەهایە بەبێ تێگەیشتنی خود و تێگەیشتن لە دونیا ناتوانرێت هیچی نوێ بهێنرێتە ئاراوە. خۆ-قۆزاخەكردن، نەك هاوكاریمان ناكات هەتا باشتر سیاسەت بكەین بەڵكو دەست و پێمان زیاتر دەبەستێتەوە.
ئەفریقا زۆر وانەی تیادایە بۆ ئێمە، چونكە لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەی دونیای ئێمەیە. دونیای ئێمە چ وەك كۆمەڵگای كوردی، چ وەك عێراق و چ وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دیارە زۆرێك لە خەڵكی كورد، جۆرێك لە ڕەگەزپەرستی دڕندەییان تیادایە بەرامبەر خەڵكی ڕەشپێستی ئەفریقی كە نیشانەی ناشارستانی بوونی ئێمە، وەك لەڕوداوی هاوسەرێتی ئەو كچە كوردە و كورە ئەفریقییەدا بینیمان لە فەرەنسا.
بە هەرحاڵ ئێمە لە زۆر ڕوەوە لە ئەفریقا  و ئەفریقییەكان دەچین، لە مێژوی دەوڵەت و سیستەم، لە دەستوەردانی زلهیزەكان، لە بوونی جۆری هێزی سیاسی، لە پەنابردنە بەر چەك و توندوتیژی، لە هەژاری  خەڵك و دەوڵەمەندی سامانی سروشتی و زۆر بواری تر. لە سەروی هەمویەوە لە هونەری گەندەڵییەوە.
ڕۆژی چوارشەممەی پێشووتر خەڵكی مالی لە خەو هەستان و حكومەت نەمابوو. سوپا كودەتایەكی ئەنجامدابوو. لە ئەنجامی كودەتاكەدا سوپا ئیبراهیم بوبەكر كایتایان دەستگیركرد و ناچاریان كرد كە دەست لە كاری سیاسی بكێشێتەوە.
كودەتاچییەكان پەیمانیان دا كە بگەڕێنەوە بۆ دیموكراسی. ئەمە یەكێكە لە نوكتە تاڵەكانی هێزە چەكدارەكان و دیموكراسی. مالی وەك عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، بەشی زۆری خەڵكەكەی لاون، لە باكور گروپێكی جوداخواز بوونیان هەیە، وڵاتەكە لە چەندین ئیتنیك و شوناسی جیاواز پێكهاتووە، هەرچەندەی زۆرینەی زۆری موسوڵمانن، بەڵام پێكەوبوون لە نێو كۆمەڵگادا كەمە. جگە لە ئیتنیك و گروپی توندڕەوەی خێڵ و جیاوازی كاست سەرچاوەیەكی تری ململانێكانە. وەك عێراق و كوردستانیش ئەمریكا و بە تایبەتی فەرەنسا لە هەوڵی ئەودان كە سوپا لەو وڵاتەدا دروست بكەن بەڵام هەوڵەكان هەتا ئێستا بە هیچ كوێ نەگەیشتووە. وەك دەبینیت سوپا كودەتای كرد. 
یەكێك لە ترسەكانی نەبوونی سوپا لە عێراق و هەروەها كوردستانیشدا ئەنجامدانی كودەتایە. كودەتا مۆتەكەیەكە ڕاوەدوی ئیلیتی سیاسی دونیای سێ دەنێت. زۆر كوردی كودەتاچی لە ناوچەكە بوونی هەبووە، بەكر سدقی، ئەولكەریم قاسم، حوسنی زەعیم. خاوەندارێتی سوپا باشترین ڕێگای ڕێگرییە لە كودەتا. بەڵام  ئەمە لە كودەتا خراپترە بۆ سیستەمی حوكمڕانی.  مالی وەك عێراق چوار دەوردراوە بە وڵاتی شكستخواردوو، لە پێش هەمویانەوە لیبیا، كە وەها هەست دەكرێت بڕێكی زۆری چەكەكان لە ئەوێوە هاتبێتە ناو مالی. بەڵام چاودێرانی مالی بە شێوەیەكی تر دەیبینن. لە بنەڕەتدا كێشە و چەك بوونیان هەبوو، بەڵام مەخزنە چەكەكانی لیبیا و كەوتنە دەستی قاچاخچی و ئاودیوی سنوركردنی هەموو لەو نیشانانەن كە لە ناوچەكەی خۆشمان بوونی هەیە. 
 مالی وەك كوردستان و عێراقیش بە شێوەیەكی زۆرتر، كێشەی هەڵاوسانی لاوانی هەیە، ئەوەی لە ئەدەبیانی ئابوری و سیاسیدا پێی دەڵێن بەڵج. بە پێی ئەم دیدە، زۆربەی كۆمەڵگا گەنجن، بەڵام ئابوری بە ئاستێك نیە كە بتوانێت هەمویان وەكار بخات، بۆیە هەڵاوسان دروست دەبێت، كە بە مانای بێكاریی و هەژاری لاوان دێت. ئەمەشە هۆكاری ئەوەی كە مالی یەكێكە لە ئەو وڵاتانەی كە ڕێژەیەكی زۆر لە كۆچبەر دەنێرێتە ئەوروپا. 
دابرانی ئێمە لە دونیا دۆخێكی دەرونی و ئاگایی قورس و ساختەی دروستكردوە بۆ خەڵكی كورد. بەشێكی زۆر لە دونیا هاوشێوەی ئێمەیە لە كێشەكانیدا، بۆیە دەتوانین سود لە ئەزمون و قەیرانەكانیان وەربگرین بۆ تێگەیشتن لە دۆخی خۆمان، لە بری ئەوەی خۆمان لێببێتە بەدبەخترین مرۆڤی گۆی زەوی.

 

وتاری زیاتر



تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-10 20:19      30 جار بینراوە


لەئەمریكا چی ڕوویدا؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-07 10:45      60 جار بینراوە

نالی و چین‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-28 19:24      54 جار بینراوە

پیرۆزی و نوێ؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-27 20:09      54 جار بینراوە

٢٠٢١ خوێندنەوە‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-26 15:15      52 جار بینراوە

فەلسەفەی توڕەیی‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-21 23:22      58 جار بینراوە


مەرگێک لە ئابسەرد ‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-07 21:31      84 جار بینراوە


کوردستان بەرەو باشوور؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-23 19:15      54 جار بینراوە


رامان لەشەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-16 13:40      56 جار بینراوە

بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-13 12:08      70 جار بینراوە






ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      113 جار بینراوە

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      72 جار بینراوە


با سیروان نەمرێت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 19:22      106 جار بینراوە


دەربارەی ئەمریکای بایدن‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-21 13:23      67 جار بینراوە


خوێندنەوەی ماکرۆن لە بەیروت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-07 10:12      86 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو