د.سەردار عەزیز

نەوت لەسیاسەتی نوێی ئەمریکادا

  2020-09-01 00:07      70 جار بینراوە        کۆمێنت

جیمی کارتەر لەوە نەئەچوو وەهابێت، پیاوێکی مۆرمۆنی ئاینی، هەموو کەس چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرد کە بایەخ بەخوداو عیساو مافی مرۆڤ و بەها باڵاکان بدات. ئەو وەها دائەنرا کە تەنها سەرۆکە پاش ودرۆ ولسن کە لەڕووی خوداناسییەوە، تیولۆجیی، شارەزابێت. هەموومان وڵسن و چواردە خاڵەکەی دەزانین، سەرەتای بەئاگابوونەوەی کوردە بە ئەمریکا، ڕەنگە ئەمەش هۆکاری ئەو ئایدیالیزمە بێت کە لەکرۆکی پەیوەندییەکەدا بوونی هەیە، ئەم باوەرەی کارتەر وەهای لێکرد کە وەک کەسێک دەرکەوێت کە بیەوێت دژایەتی رژێمە سەرکوتکەرەکان بکات لەجێگاکانی تر، هەندێک بە ئایدیالیست و لاواز لە قەڵەمی ئەدەن، بە بڕەودانی بەخیتابی مافی مرۆڤ، شای ئێرانی لاوازکردو نەیارەکانی بەهێزکردو پاشان شۆڕشی ئێرانی روویدا، کە بووە شکستێکی گەورە بۆی. 
بەڵام کارتەر بە دۆکترنەکەی ناسراوە. لەساڵی ١٩٨٠ لەوتاری بۆ گەلی ئەمریکا کە بە state of the Union  ناسراوە، کارتەر وتی: با هەڵوێستمان ئەوپەڕی ڕوون بێت: هەر هەوڵێک لەلایەن هەر هێزێکی دەرەکییەوە، بۆ دەست بەسەراگرتنی نەوتی کەنداوی فارسی لەلایەن ئەمریکاوە وەها دادەنرێت کە هێرشە بۆ سەر بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆیە هەر هەوڵێکی وەها لەلایەن ئەمریکاوە دژایەتی دەکرێت، تەنانەت ئەگەر پێویست بەبەکارهێنانی چەکیش بکات.
ئەو ڕۆژگارە سۆڤییەت و ئێران مەترسی بوون. ئەمریکاش بۆ دابینکردنی وزەو ئاسایشی وزەی خۆی و هاوپەیمانانی پشتی بە نەوتی کەنداو دەبەست. بەڵام ئەمڕۆ دونیا وەها نییە، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٥ بڕی خواستی زیادبوونی نەوت لەئەمریکاو ئەوروپا تەنها ٢٠٠ هەزار بەرمیل بووە لەڕۆژێکدا، بەڵام بەپێچەوانەوە، خواست لەسەر نەوت لەڕۆژهەڵاتی ئاسیا زیاتر لە پەنجاجار لەو بڕە زیاترە، بەپێی ئینستیتویەتی بەیکەر.
لەگەڵ ئەمەدا ئەمریکا خۆی بووە بەبەرهەمهێنی نەوت. بەم پێیە ئێمە سێ خەسڵەتی سەرەکی گۆڕانکاریمان هەیە: یەکەم، خواستی کەم لەسەر نەوت، دووەم، گۆڕان بۆ بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە، سێیەم، گۆڕینی جۆری ئابووری، لەگەڵ پەرەسەندنی ئاگایی ژینگەیی.
ئەمانە هەموو پێکەوە وەها دەکات کە چیدی ئەمریکاو ئەوروپا لەڕوانگەی ئاسایشییەوە خەمی دابینکردنی نەوتیان نەبێت. کەواتە سیاسەتی ئاسایشی وزە، کە هەمیشە بەشێک بووە لەئاسایشی نیشتمانی، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام ئایا لەسیاسەتی دەرەوەی نوێدا ئەمریکا چۆن نەوت بەکاردەهێنێت؟
وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، کاتێک نەوت بۆ ڕۆژئاوا گرنگی نامێنێت و بۆ ڕۆژهەڵات گرنگی زیاد دەکات، لەهەمانکاتدا سیستەمی جیهانی بەرەو ئەوە دەچێت کە ببێتە چەند جەمسەریی و کێبڕکێ دروست بێت لەنێوان ئەم جەمسەرانەدا، ئەوا نەوت دەبێت بەئامرازێکی کێبڕکێ. خوێندنەوەی چۆنێتی بەرجەستەبوونی ئەم ئامرازی کێبڕکێیە، بۆ کورد گرنگە. 
دوو رووداو لەم روانگەیەوە هەڵدەسەنگێنم، یەکەم، گرێبەستی نەوتی کۆمپانیای Delta Crescent Energy  لەگەڵ پەیەدەدا. دووەم هەوڵی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەگەڵ عێراقدا.
سیتفن کینزەر لەستوونەکەی خۆی لەڕۆژنامەی بۆستن گلۆب ستونێکی لەژێر ناونیشانی ئەوە نووسی کە نەوت ڕەنگە ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێڵیتەوە. بۆ ئەوانەی چاودێرن، ستیفن کەسێکی ناسراوە، بەشارەزایی دەربارەی ناوچەکە، بەتایبەتی ئێران و ئەمریکاو عیراق، چ وەک پەیامنێری نیویورک تایمز، چ وەک لێکۆڵەرێک و نووسەرێک. ئەو خاوەنی چەندین کتێبی گرنگە لەسەر ناوچەکە.
ستیفن بڕوای وەهایە کۆمپانیای دەلتا کرێسێنت بەتایبەت بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە. خاوەنەکانی کەسانێکن کە پاشخانی سەربازییان هەیە، زیاتر لەپاشخانی نەوتی. بەدیدی ئەو ئامانجی ئەم کۆمپانیایەو گرێبەستەکەی ئەوەیە کە بەهانەیەک بۆ ئەمریکاو خەڵکی ئەمریکا دروستبکرێت هەتا سوپای ئەمریکی لەو ناوچەیە بمێنێتەوە، چونکە بەدیدی ریالیستەکان، ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لەسوریاو پێویست ناکات لەوێ بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمپانیای ئەمریکی لەوێ هەبێت ئەوا بەرژەوەندی بۆ ئەمریکا دروستدەبێت و ئەمریکا دەبێت سوپاکەی لەوێ بهێڵێتەوە. ئەمە لەهەمانکاتدا پاشەکشێیە لەسیاسەتی گۆڕینی ڕژێم و دیموکراسیکردنی سوریاو ئەو هەوڵانە. بەڵام خاڵێکی تری گرنگ لێرەداو شایانی ئاماژە پێدانە. 
لەدیدارێکیدا لەگەڵ ئەتلانتیک کاونسڵدا، جاک سولیڤان، کە ئەگەری هەیە ببێتە وەزیری دەرەوە ئەگەر بایدن هەڵبژاردنەکان بباتەوە، دەڵێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی بایدندا لەماڵەوە دەستپێدەکات. وەها دیارە ئەو وەرچەرخانەی کە لەسەردەمی ترامپدا روویدا، بەئاسانی ناگۆڕێت. بەم ئەم دیدە نوێیە، دەبێت هەموو هەوڵێکی ئەمریکا لەدەرەوە بەسوودو قازانجی ناوەوە بێت، یان هیچ نەبێت لەڕووی دارایی و مرۆییەوە لەسەر ئەمریکا نەکەوێت، پرسی پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ کورددا لەسوریا لەچەند روویەکەوە لەم ڕوانگەیەوەیە. یەکەم، ئەمریکا کاریگەری زۆری هەیەو تەنها ٨ سەربازی کوژراوە. دووەم، تێچوونی کەمە. سێیەم، بەبوونی کۆمپانیای نەوت، هەم سەرچاوەی دارایی بۆ کورد پەیدا دەکەن و پێویست ناکات بیانژێنن، هەروەها بەهانە بۆ ئەمریکا دابین دەکەن کە بۆچی سوپایان لەوێیە. هەموو ئەمانە بۆ ئەوەی ئەمریکا سیاسەتی تر بکات لەمیانەی ململانێی و هاوسەنگی هێزو بەرژەوەندی لەناوچەکە.
ئەگەر سوریا بۆ ئەمریکا جێگای ململانێی ئێران و ڕوسیاو هەتا ئاستێک تورکیایە. ئەوا عیراق سەرزەمینی ململانێی ئێران و چینە. وەک لەگرێبەستە نوێکاندا دەیبینین هەوڵێک هەیە بۆ بووژانەوەی غازی عیراق، ئەم هەوڵە بۆ پێدانی توانای سەربەخۆبوونی عیراقە لەئێران. لەهەمانکاتدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەیانەوێت بێنەوە ناو کایەی نەوتی عیراقی، هەرچەندە ئەمە ئاسان نییە، چونکە دژایەتی و بیروکراتیەت و نەبوونی ئاسایش ڕێگرە لەهاتنەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان. بەڵام هەمووی پێکەوە ئەوەمان پێدەڵێت کە وزە لەلایە ئەمریکییەکان بووەتە ئامرازێکی ململانێ نەک سەرچاوەیەکی سەرەکی ئابووری و ژیاریان. لەهەشتاکانی کارتەرەوە، بگرە لەپەنجاکانی موسەدەقەوە نەوت داڕێژەری سیاسەتی ناوچەکەیە، نەوت چۆن بەردەوامبێت و بەنرخێکی گونجاو. ئەم سەردەمە کۆتایی هاتووە، رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر کۆتایی دێت. ئێستا نەوت تەنها ئامرازێکە بۆ ئیدارەدانی ململانێکانی ناوچەکە.

وتاری زیاتر



تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-10 20:19      30 جار بینراوە


لەئەمریكا چی ڕوویدا؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-07 10:45      60 جار بینراوە

نالی و چین‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-28 19:24      55 جار بینراوە

پیرۆزی و نوێ؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-27 20:09      54 جار بینراوە

٢٠٢١ خوێندنەوە‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-26 15:15      52 جار بینراوە

فەلسەفەی توڕەیی‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-21 23:22      58 جار بینراوە


مەرگێک لە ئابسەرد ‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-07 21:31      84 جار بینراوە


کوردستان بەرەو باشوور؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-23 19:15      54 جار بینراوە


رامان لەشەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-16 13:40      56 جار بینراوە

بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-13 12:08      71 جار بینراوە






ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      113 جار بینراوە

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      72 جار بینراوە

با سیروان نەمرێت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 19:22      106 جار بینراوە

لە مالی چ باسە؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 11:05      88 جار بینراوە


دەربارەی ئەمریکای بایدن‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-21 13:23      68 جار بینراوە


خوێندنەوەی ماکرۆن لە بەیروت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-07 10:12      87 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو