د.سەردار عەزیز

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا

  2020-09-05 16:00      72 جار بینراوە        کۆمێنت

تەمەنی حەفتایە، دونیای ئەوەندە لەبیر نەماوە. هەرچەندە برای نییە ناوی حەسەن بێت، بەڵام ناوی حسەینە. ئەمڕۆ حسێن لەباشوور وەک ئاسیا سێل هەمووان کۆدەکاتەوە. بەپێی سیستەمی مێژووگەرێتی ناوچەکە لەساڵی بەفرە سوورەکەدا لەدایک بووە، بۆ من هەمیشە کە ناوی ئەمساڵەم دەبیست، سەرەتا جێگای سەرسوڕمان و پاشان شاعیرێتی بوو، بەڵام هەرگیز جێگای بڕوا نەبوو. بەڵام دەکرێت مێژوو یان ژیان شاعیرانەبێت. لەدەفتەری نفوسدا وەها نووسراوە کە لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٥٠ لەدایکبووە. بەڵام لەسەردەمی عیراقی مەلەکی کەس هێندە بایەخی بەکات و ساتی لەدایکبوون نەداوە. باوکی ئەو ڕۆژگارە بەدەست ئاغاکانی ناوچەکەوە چەوسێنراوەتەوە. هەتا ئەفسەرە ڕەبەنەکە لەساڵی ١٩٥٨ کودەتایەکی شۆرشیانە دەکات و دەتوانن لەگوندەکەیان بەتەنها جێگیربن. تەنیاماڵەیی، بەشێک بوو لەئەفسانەی گەورەبوونی من. لەدۆڵێکی تەنگی قەراخ ڕووبارێک لە بەرد. 
باوکی سۆفیەکی ناسراوە. بەڵام دایکی دەچێتە سەر بنەماڵەیەک لەبناری بەمۆ. وەک زۆرینەی خەڵکی سەردەمی پاشایی، ناخرێتە بەر خوێندن. لەگەڵ مەڕو باو بەرد و گەرماو یاڵ و دۆڵ و دڕک و قافڵەی سەربازیدا گەورە دەبێت. لەتەمەنی سیانزەساڵیدا زەعیم سدیق برا گەورەکەی دەبەستێتە دوای ناقیلەیەکی ئەشخاسەوە هەتا ئەپرو ئەپرون دەبێت. لەخەتی لاویدا دەبێتە جەلالی. دەڵێن کە من لەدایکبووم، ئەو لەوێ نەبوو. وەک دایکم دەڵێت لەپێشمەرگایەتی بوو. کە گەورەتر دەبێت دەچێتە کفری: تەنها شاری گەرمیان، بۆ کارکردن. ئەم قۆناغەی ژیانی ئاشنای دەکات بەتورکمان و هاوڕێتی لەگەڵیاندا. کاتێک لەکۆڕەوەکەدا چووین بۆ گردەنو، زیاتر لە دە خێزانی تورکمانیشمان لەگەڵ خۆماندا برد. 
پاش ژنهێنانی، لەدۆڵێکی پڕ لەئاوی دڵگیردا چایخانەیەک بۆ خۆی دروستدەکات. ئەمە خاڵی پەیوەندیکردنی دەبێت بەدونیاوە. پاشان دەبێتە ژینگەی پێگەیشتنی ئێمە. کەمێک فێری عەرەبی دەبێت. بۆ ئێمە کونەواجەیەک بوو کە دونیامان لێوە دەبینی و لەگوندێتی گەرمیان ڕزگاری دەکردین. لەڕۆژانی ئەنفالدا خەڵکێکی زۆر لە ئەنفالبون ڕزگاردەکات. کە ماڵمان رووخا لەهەشتاو هەشت راگوزەراین بۆ سمود. لەوێ یەکەمجاربوو، بڕوابێنم بەدونیا ئاخری. 
سەرەتا سمود گەرم و وشک و پڕ لە تەپوتۆزو هەتا ئەوپەڕی بێبەزەیی بوو. ئەم دۆزەخە بە ئەدەبی ناساندم وەک شێوازێک بۆ هەڵهاتن. باوکم نەیدەتوانی لە سمود بژی. بۆیە زۆربەی کات لەقەراخ سیروان لەمەزراکانمان دەمایەوە. 
کە من کەمێک گەورەبووم، بووم بەوەرگێڕی ئەو، پێکەوە دەچووین بۆ باشوور بۆ هێنانی جوجکەی مریشک بۆ دەواجن. لەوێ وێنەی باوکێتی دەگۆڕا، کاتێک دەمبینی لەگەڵ جوتیارە عەرەبەکاندا چەند سەختبوو گفتوگۆ بکات. ئەوان هەمیشە زمانێکی پڕ لەگاڵتەو سوکایەتیان هەبوو. بەردەوام دەیانپرسی: شوکت ابنک یصیر قاچاخچی؟ کەی کوڕەکەت دەبێتە قاچاخچی؟ زمانی عەرەبی عیراقی پڕیەتی لەوشەی تورکی عوسمانی و فارسی. بەجۆرێک رۆماننوسی عیراقی ئەحمەد سەعداوی دەڵێت: ئەگەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بمایە رەنگە زمانێکی نوێ گەشەی بکردایە، زۆر جیاواز لەو زمانە عەرەبیەی ئێستا.
قاچاخچیبوونی کورد دیاردەیەکی جێگای تێڕامانە. ئێمە نیشتەجێی ئەو سنوورانەین کە دژ بەخواستی خۆمان کێشراو دەیەوێت لە قاڵبماندا، بەڵام ئەم نەریتە لەسەردەمی حوکمڕانی کوردیدا زیانێکی زۆر بەهەمووان دەگەیەنێت.
باوک فیگەرێکی تایبەتە لەئەدەبی مرۆڤایەتیدا، بەهەردوو دیوەکەیدا: چ پەیوەندی منداڵ بەباوکەوەو چ پەیوەندی باوک بەمنداڵەوە. هەریەکە لەئێمە سەربوردەیەکی هەیە کە مێژووی هەموومان پێکدێنێت. مێژوویەک ڕاستگۆتر لەمێژووی فەرمی کوێخاو بەرپرسەکان. بەگشتی کورد زیاتر عەشقی دایکیانن. جۆرێک لە ئۆدیپۆسی گشتی بوونی هەیە، ڕەنگە هێشتا خێزانی کوردی لەسەر دوانەی باوکی توندو دایکی میهرەبان بژی. ئەم دوالیزمە هەر تەنها لەچوار دیواری خێزاندا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لەچۆنێتی پەیوەندیکردن و هەستکردن بە دونیاوە. بەڵام کوڕ ساتێک لەساتەکانی ژیانی، خۆی دەبێتە باوکی خۆی. لەدرەنگی بیستەکانی تەمەنم ڕۆژێک لەسەر گردێکەوە لەگەڵ هاوڕێیەکی ئەڵمانیمدا بەرەوخوار دەهاتم، دەریایەکی فراوان لەپێشمانەوە بوو. نازانم بۆ ئەو ساتە هەستمکرد، چیدی خۆم باوکی خۆمم.

وتاری زیاتر



تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-10 20:19      30 جار بینراوە


لەئەمریكا چی ڕوویدا؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-07 10:45      60 جار بینراوە

نالی و چین‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-28 19:24      54 جار بینراوە

پیرۆزی و نوێ؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-27 20:09      54 جار بینراوە

٢٠٢١ خوێندنەوە‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-26 15:15      52 جار بینراوە

فەلسەفەی توڕەیی‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-21 23:22      58 جار بینراوە


مەرگێک لە ئابسەرد ‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-07 21:31      84 جار بینراوە


کوردستان بەرەو باشوور؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-23 19:15      54 جار بینراوە


رامان لەشەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-16 13:40      56 جار بینراوە

بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-13 12:08      70 جار بینراوە






ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      113 جار بینراوە


با سیروان نەمرێت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 19:22      106 جار بینراوە

لە مالی چ باسە؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 11:05      87 جار بینراوە


دەربارەی ئەمریکای بایدن‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-21 13:23      67 جار بینراوە


خوێندنەوەی ماکرۆن لە بەیروت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-07 10:12      86 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو