د.سەردار عەزیز

ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم

  2020-09-07 15:22      113 جار بینراوە        کۆمێنت

سەردانی لەپڕی ماکرۆن بۆ بەیروت پاش تەقینەوەکە، ئەگەر تەقینەوەکە نەبوایە، ئەوا لە یەکی مانگی ئەیلولدا روویدەدا، سەد ساڵ پێش ئەو رۆژە، لوبنان لەلایەن فەرەنسییەکانەوە دروستکرا. وەک هەر دەوڵەتێکی تری دروستکراوی ناوچەکە، سەرتاپا مێژووی بریتی بووە لەخوێن و ئاوارەیی و شکست و قەیران. 
کاتێک ڕۆژانی پێشوو ماکرۆن جارێکی تر، سەردانی بەیروتی کردەوە، لەفڕۆکەکەدا بەپەیامنێری گۆڤاری پۆلیتیکۆی وت: نوێ (هێزی نوێ) کاتێکی سەختی هەیە بۆ ئەوەی سەرهەڵبدات، هەروەها هێزە کۆنەکان بەرگە دەگرن. دەبێت رێگایەک لەنێوانیادا بدۆزینەوە، من هەوڵی ئەوە ئەدەم. قسەکەی ماکرۆن دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەندو چالاکوانی ئیتالی ئەنتۆنیو گرامشی. لە سییەکان گرامشی لەبەندیخانەی فاشیستەکانی ئیتالیادابوو. بەڵام دیدی گرامشی وەهابوو کە لەنێوان نوێی لاوازو کۆنی بەرگرییکەردا، دیاردەی نەخۆش و سەقەت دەردەکەوێت. ماکرۆن بەپێچەوانەوە دەیەوێت ئەو دیاردە نەخۆشە بگۆرێت و خۆی لەنێوان نوێی و کۆندا دەرکەوێت. 
ماکرۆن لە بەیروت فەیروزی بینی و لەعیراقیش حەزی بەوەبوو کە سیستانی ببینێت. بۆ ئەو فەیروزو سیستانی یەك رۆڵ دەبینن، ئەویش گەیشتنە بەدەسەڵات و سیمبولەکانی تر، جگە لەدەسەڵات و سیمبولە فەرمییەکان. رەنگە کاریگەری بۆردیوبێت، کەهێندە لە فەرەنسا سیمبول گرنگ. لەڕێی سیمبولەوە گەیشتن بەپانتایی تر لە ئەم کۆمەڵگایانەو گەیاندنی پەیامی جیاوازتر. چونکە ماکرۆن لەوە بەئاگایە کە نوخبەی سیاسی ناوچەکە، نە نوێنەرایەتی خەڵك دەکەن و نە توانای ئەوەیان هەیە کە خزمەت بەخەونەکانی ئەو بکەن.
ماکرۆن بەهەموو پێوەرێک نایەوێت سیاسییەکی ئاسایی بێت، بەتایبەتی لەئاستی رەفتارو گوتاردا. بەگشتی وەها ناسراوە کە دژایەتی لەخیتابەکانیدا هەیە، زۆر وتەی فەیلەسوفان بەکاردەهێت، خۆی خوێندکاری فەلسەفە بووە لای فەیلەسوفی فەرەنسی پۆل ریکۆر. هەروەها ماکرۆن دەیەوێت لەئەو بەرانەی کە لەناوەوەی فەرەنساو دەرەوەدا بوونیان هەیە یاریی و هاوسەنگی بکات.
ماکرۆن لەباوک و دایکێکی دوکتۆرەوە دێتە دونیاوە. خەونی ئەوەبوو کە لە ئیکۆل نۆرمال بخوێنێت، بەڵام لەساینس پوا درێژەی بەخوێندن دا. هەردوو لەناوەندە باڵاکانی خوێندنن لەفەرەنسا. لەساڵی ١٩٩٩ فرانچۆی دۆسی بە پۆل ریکۆری دەناسێنێت. ئەو کاتە ریکۆر بەدوای هاوکارێکدا دەگەرا هەتا لەپرۆژەی یادەوەری، مێژوو، بێئاگایی هاوکاری بێت. ماکرۆن لێرەوە دەستی گەیشت بەگۆڤاری Espirt. لێرەوە ڕێچکەی ئەو بۆ دونیای دەسەڵات و پارەو بانک و سیاسەت دەست پێدەکات. وەک نەریتی باوی فەرەنسی هەموو ئەمانە لەڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی و ناسراوی و نزیکی و بەیەکناساندن و هاودیدی و ئەمانەوە بەڕێوەدەچێت.
ڕێبازی ماکرۆن لەژیانیدا وەهایە کە کاتێک بەیارمەتی کەسێک دەگاتە شوێنێک. لەوێدا دەمێنێتەوە هەتا دۆستایەتی و تۆڕی پەیوەندی دروست دەکات هەتا بڕوات بەرەو ئاستێکی باڵا تر. وەک دەبینیت لەتەمەنێکی کەمدا، چەندین قۆناغی جیاوازی بڕیوەو هەموو ئەمانەی وەک سەرمایە ( جارێکی تر دیدی بۆردۆیی بۆ شێوازە جیاوازەکانی سەرمایە) بەکارهێناوە، بەتایبەتی کاتێک لەساڵی ٢٠١٦ جوڵانەوەکەی دروستکرد بەناوی en marche 
ماکرۆن وەهای خۆی نمایش دەکات کە ڕابوردووی نییە، بەڵکو کەسێکە کە هەمووان کۆدەکاتەوە، بە چەپ و ڕاست، خۆی خاوەنی شارەزایی و توانایە، بۆیە تەنانەت لەسیستەمێکی وەهادا پلان و پرۆگرامیشت ناوێت. ئەم خەسڵەتەی ماکرۆن لەگەڵ سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەبای دەکات، بەوەی ئەوانیش خۆیان وەها دەبینن کە کەسانێکن لەسەرەوەی سیستەم و پلان و پرۆگرامەوە، بەڵکو هەموو شتێک لەئەواندا کۆبووەتەوە. بەشێکی زۆری سیاسیەکانی دونیای ئێمە لەقوڕاوێکی خەستی وەهم و بێئاگاییدا دەژین. ئەم خود ئەڤینیەی ماکرۆن هاوشێوەیانە. ڕەنگە ئەم دۆخە دەروونییە یەکێک بێت لەپاڵنەرە سەرەکییەکانی ماکرۆن بۆ هاتنی بۆ رۆژهەڵات. لەڕۆژهەڵات ماکرۆن وەک فریادەرس و ڕزگارکەرو جیاوازو باڵا دەبینرێت. ئەویش خۆی ئەوەی دەوێت، چونکە لە فەرەنسا کەس وەهای نابینێت، هەرچەندە هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا نزیکەی دوو ساڵی ماوە، بەڵام قەیرانەکان و هەڵکشانی حزبە فاشیستەکەی بنەماڵەی لوپێن ئالنگاری زۆری بۆ دروستدەکات. 
پێشتر ماکرۆن هەوڵی کاری گەورەی داوە، بەهێنانی روسیا بۆ ناو پانتایی ئەوروپی، هەوڵی بۆ بەیەکگەیاندنی ئێران و ئەمریکا، بەتایبەت هەوڵی بۆ رووبەڕووکردنەوەی ترەمپ و رۆحانی، بەڵام ئەم هەوڵانە هەموویان بێ ئەنجام بوون.
ئایا چۆن لە ماکرۆن بنواڕین؟
یەکەم، لەماندووبون و کشانەوەی ئەمریکادا لەناوچەکە، هێزە کۆنەکانی ناوچەکە، لەهەوڵی ئەوەدان کە جارێکی تر وەبەرهێنان بکەن لەسەر میراتە کۆلۆنیالیزمییەکەیان. ئەم دیدە بۆ تورک و ئێران و فەرەنساو بەریتانیاش راستە، بەم پێیە سەرباری ڕەهەندی کەسیی، بۆشاییەک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە لەئاستی ئامادەیی زلهێز، کە ئەوانیتر داوەت دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.
دووەم، چاوەڕوانکراوە، لەئەنجامی هەوڵدان بۆ پڕکردنەوە یان سوودبینین لەم بۆشاییە، هێزەکان کێبڕکێ یان ململانێی یەکتر بکەن. ئەمە یەکێک لەخەسڵەتەکانی سەردەمی داهاتوو دیاریدەکات. ئەگەر نیزامی لیبرالی جیهانی لەقەیراندا بێت، ئەوا ئەوەی دێت هێشتا روون نییە، ئایا لیبرال دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە، یان دەگوێزینەوە بۆ جۆرە سیستەمێکی تر؟ لەم نێوانەدا، ئێمە جارێكی تر بەشێوازێکی تر لەئاستی جیهانیدا لەدۆخێکی گرامشیانەیین: نە کۆنەکان بەتەواوی دەڕۆن و نە نوێ بە تەواوی جێگەی دەگرێتەوە. فەرەنسا ناتوانێت سیستەم دابڕێژێت، بەڵکو لەم دۆخەدا یاریی دەکات. چەمکی یاریی زۆر گرنگە کە بە باشی لێی تێبگەین. لێرەدا نازانم چەندێک خوێنەران بەتێزەکانی ناش و ئەوانیتر شارەزان؟
سێیەم، فەرەنسا بەهێزێکی نەرمی سنووردار دەمێنێتەوە. ئەمە کێشەی هەموو ئەوروپایە. بەبێ بوونی سوپاو توانای بەکارهێنانی ئەستەمە بتوانرێت بەباشی لەسەردەمی نوێدا، بەتایبەتی لەجێگایەکی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یاریی بکرێت. 
چوارهەم، کاتێک مەبەستی فەرەنسا یارییە، ئەوا هەوڵی جیاوازبوون دەدات بۆئەوەی دەرفەت بۆ خۆی دروستبکات، بەڵام ئەم جیاوازبوونە کاتێک لەگەڵ ئەمریکادا بەریەک دەکەوێت، پەرچەکرداری خراپی دەبێت. وەک لەکەیسی حزبواللەی لوبنانیدا بینیمان. فەرەنسا دەبێت لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمان بێت ئەگەر دەیەوێت کاریگەری هەبێت، بەبێ بوونی هێزێکی وەها لەپشتەوە کاریگەری فەرەنسا سنووردار دەبێت. دیارە دژە ئەمریکایی لەفەرەنسا مێژوویەکی کۆنی هەیەو زۆربەی زۆری بیرو فیکریی فەرەنسی لەسەر ئەم بنەمایە دروستبووە. 
بۆ کورد چی گرنگە: سەردەمی پشێویی بەڕێوەیە. لە پشێوییدا دەرفەت و مەترسیش بوونی هەیە. کورد ناتوانێت بەخێرایی هاوپەیمانی دروستبکات و پەیوەندییەکانی بگۆڕێت.

وتاری زیاتر



تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-10 20:19      30 جار بینراوە


لەئەمریكا چی ڕوویدا؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-07 10:45      60 جار بینراوە

نالی و چین‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-28 19:24      54 جار بینراوە

پیرۆزی و نوێ؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-27 20:09      54 جار بینراوە

٢٠٢١ خوێندنەوە‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-26 15:15      52 جار بینراوە

فەلسەفەی توڕەیی‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-21 23:22      58 جار بینراوە


مەرگێک لە ئابسەرد ‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-07 21:31      84 جار بینراوە


کوردستان بەرەو باشوور؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-23 19:15      54 جار بینراوە


رامان لەشەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-16 13:40      56 جار بینراوە

بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-13 12:08      70 جار بینراوە






باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      71 جار بینراوە


با سیروان نەمرێت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 19:22      106 جار بینراوە

لە مالی چ باسە؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 11:05      87 جار بینراوە


دەربارەی ئەمریکای بایدن‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-21 13:23      67 جار بینراوە


خوێندنەوەی ماکرۆن لە بەیروت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-07 10:12      86 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو