(113)
#پارچەرە بووم، قوتابی قۆناغی دووەمی ناوەندی بووم، تازە دارە دارەی فێربوونی زمانی عەرەبیم دەكرد. شەوانە خەڵكی گوندەكەمان بەتێكڕای پێكهاتە حزبی و چینایەتییەكانەوە خوێندەوارو نەخوێندەوار، بە دیار تاكە رادیۆی گوندەكەمان (دەنگی ئیسرائیل) دادەنیشتن. دانیشتوانی گوندەكە هەموویان دەیانزانی دەوڵەتی ئیسرائیل جولەكەیەو دژی موسڵمانان شەڕ دەكات. كەچی دەنگی ئەو رادیۆیە جێی بڕواو متمانەی ئەو خەڵكە بوو، چونكە شەوانە چەندین بەرنامەی لەسەر بارودۆخی سیاسیی عیراق و كوردستان هەبوو. باسی لە زوڵم و ناعەدالەتییەكان دەكرد، ئەگەرچی ئەو ساڵانە بەشی هەرە زۆری گوندنشینەكانی دەشتی هەولێر شیوعی بوون، بەڵام مەگەر تاكوتەرا، ئەگینا كەس گوێی لە رادیۆی (مۆسكۆ) نەدەگرت، چونكە بە حوكمی ئەوەی بەرژەوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ رژێمی (قاسم) و دواتریش بەعسییەكان هەبوو، بۆیە هەرگیز باسی لە بارودۆخی خراپی عیراق نەدەكرد، باسی كوردستان و شۆڕشیش هەر هیچ، ئینجا بەرنامەكانی ئەو رادیۆیەو رۆژنامەی (پراڤدا) بۆ خۆیان لە دنیایەكی دروستكراوی خەیاڵ دەخولانەوە، هەمیشە باسی سیاسەتی راستی دەوڵەتی یەكێتیی سۆڤیەت و (كۆلخوز) و (سۆفۆخوز)یان دەكردو دەنووسی، وای نیشاندەدا سۆڤیەت بەهەشتێكی خواییە لەسەر گۆی زەمین و هیچ كەموكوڕییەكی نییە. ئەو جۆرە سیاسەتە، گیرۆدەكردنی راگەیاندن لەو چوارچێوە بەرتەسكەدا، بوو بەهۆی كەڵەكەبوونی گەندەڵی و ناعەدالەتی، تاكو دواتر بەسەریەكدا رووخا.
#دەڵێن: راگەیاندن تەنیا گواستنەوەی هەواڵ و دەنگوباس نییە بۆ خوێنەرو بینەرو بیسەر، بەڵكو ئامرازێكیشە بۆ گۆڕانكاری و نوێبوونەوە، ئامرازێكە بۆ تیشك خستنەسەر سەركەوتن و كەموكوڕییەكان بێ زیادەڕۆیی، راگەیاندن ئامرازێكە بۆ پەروەردەكردن و هۆشیاركردنەوەو بیناكردنی سەرخانێكی نوێ بەڕەچاوكردنی كلتور، هەر راگەیاندنێك خۆی لەگەڵ گۆڕانكاری و نوێبوونەوەی رۆژانە نەگونجێنێت و لە هەندێ بواردا رابەرایەتی نەكات، ئەگەر خۆی لە واقیعە تاڵەكان بەدووربگرێ، دەبێتە دووبارەكردنەوەی هەمان ئاوازو نەریتی ساڵانی بەسەرچوو، كە خوێنەرو بینەر تامەزرۆی نابن.
خوێنەر چی لە راگەیاندنێك بكات، كە باس لە موعانات و كێشەكانی رۆژانەی ئەو نەكات، باس لە گۆڕانكاری و نوێبوونەوەی ژیان نەكات، گۆڕانكاریی بەسەر ئازارو ناعەدالەتیدا نەهێنێت، چی لە راگەیاندنێك بكات ئەگەر بنیاتنەرانە پەنجە نەخاتەسەر هەڵەكان و رێگای راستكردنەوەیان نەخاتە بەردەم.
#وتار چییە، ئەگەر هەناسەیەكی (سەركۆنە)+و گلەیی تێدا نەبێت و هەستی خوێنەر نەجوڵێنێ و سەرنجی بەلای خۆیدا رانەكێشێ، ئەگەر پەنجە نەخاتەسەر برینەكان و لەگەڵ زامدارەكان نەناڵێنێ، پیاهەڵدان و مەدح و سەنا بۆ راگەیاندن زۆر ئاسانە، بەڵام هیچ حیكمەتێكی تێدا نییە، چونكە لێدانەوەی قەوانی سواوی بەسەرچووەو هۆكارێكیشە بۆ چەقبەستنی كۆمەڵگەو دواتر بەرەو هەڵدێرانی.
ئەو گۆشەیەی منیش، هیچ سوودێكی نییە ئەگەر جارجارە لە دەرگای ماڵی چەوساوەكان نەدات و نەبێتە میوانی ئازارەكانیان. ئەگەر داوای دادپەروەری و سەروەریی یاسا نەكات.
سەركۆنە: سەرزەنشت.