(115)
لەكۆتایی مانگی دوانزەی ساڵی (1979) پەیوەندیم بەشۆڕش و پێشمەرگایەتییەوە كرد. بۆ ماوەی یەك مانگ لەبارەگای (كاك نەوشیروان) لەسەر قووتەی یەكێ لەشاخەكانی گوندی (ناوزەنگ) مامەوە. دواتر تاكو سەرەتای مانگی سێی ساڵی (1980) لەدەورەی كادیران؛ بووم بەمامۆستا. ماوەی ئەو دوو مانگ و نیوە بێ چەك بووم، چونكە ئەو ساڵانە توانای (ی.ن.ك) زۆر باش نەبوو، چەكیش بەئاسانی دەست نەدەكەوت. لەڕاستیشدا لەبارەگای سەركردایەتیی حزب لە (ناوزەنگ) كەسانی وەك من زۆر پێویستیان بەچەك نەبوو.
لەدوای تەواوبوونی دەورەی كادیران. لەناوەڕاستی مانگی سێ، رۆژێك سكرتارییەتی (مام جەلال) تەلەفۆنیان بۆ كردم كە سەردانێكی (مام) بكەم، پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ سەردانیم كرد، نامەیەكی پێچراوی دامێ بۆ كاك (سەڵاحی موهتەدی) لەشاری بۆكان. وتی: بڕۆ لای كڵاشینكۆفێك بۆ خۆت بێنە. دیارە ئەو ساڵانە دەبوو چەندین سەعات بەپێ بڕۆیت تاكو دەگەیشتیتە گوندی (بێوران) لەوێشەوە جارجارە ئۆتۆمبێل هەبوو بۆ سەردەشت. لەوێشەوە بۆ هەموو شارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات و ئێران. هەر چۆنێ بوو پاش عەسرێك گەیشتمە شاری بۆكان، پێشتر ئەو شارەو كاك (سەڵاح)م نەدیبوو، بەڵام گەلێ جار (مام جەلال) لەكۆبوونەوەو دانیشتنەكاندا باسی كاك (سەڵاح)ی دەكرد، كە چ پیاوێكی ناودارو نیشتمانپەروەرو رووناكبیرە. هەر چۆنێك بوو، بەپرسیار ماڵەكەیانم دۆزییەوە، بەڵام چ پیاوێك. رێزدارو مەند. هێمن و لەسەرخۆ. تا بڵێی شكۆی لێدەباری. چ ماڵێك. حەوشێكی گەورە. دیوەخانێك دە دەهات دە دەڕۆیشت. منیش دوای سڵاوو دانیشتن نامەكەم رادەستی كرد، دوای خوێندنەوەی، زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی كردم و وتی: هەر لێرە بمێنەوە، بەیانی یان دووبەیانی بۆت جێبەجێدەكەم.
پاشنیوەڕۆی رۆژی دواتر، كڵاشینكۆفێكی (چینی) قۆناغداری دامێ لەگەڵ یەك مەخزەن، بەڕاستی هێندەی دنیا دڵم خۆش بوو، وەختەبوو لەخۆشیدا باڵبگرم. هەر ئەو ئێوارەیە خۆم گەیاندەوە سەردەشت. شەوەكەی بەفرێكی زۆر باری، هەموو رێگاوبانەكان گیران، ئۆتۆمبێل بەدەگمەن هاتوچۆی دەكرد. سەردانی نووسینگەی (ی.ن.ك)م كرد، لەگەڵ مامۆستا (موحسین عەلی ئەكبەر) زۆر دانیشتین و قسەمان كرد، هەر لەو دانیشتنەدا پێیڕاگەیاندم كە (پەخشان)خانی دەزگیرانم هاتووەو لە (ناوزەنگ) چاوەڕوانم دەكات، ئیتر گەشتەكەم بوو بەدوو دەستكەوتی بەنرخ. بەیانی لەڕێگای مامۆستا (موحسین)ەوە لەگەڵ چەندین پێشمەرگە، كە یەكێك لەوانە كاك (حامیدی حاجی غالی) بوو، یەكمانگرتەوەو لەڕێگای جێبێكی لاندرۆڤەرەوە، گەیشتینەوە گوندی (بێوران)، لەڕێگادا جێبەكە چەندینجار پەكیكەوت، لەنێو بەفرو قوڕو لیتە دەچەقی، دەبوو هەموومان بێینە خوارەوەو پاڵبنێین، یان رێگاكەی بۆ پاكبكەینەوە. ئێستاش نازانم لەو هەموو كەینوبەینەدا چۆن یەدەگی كڵاشینكۆفەكەم لێ ونبوو، زۆر گەڕام بەدوایدا نەمدۆزییەوە. ئیتر بووم بەجێی تەعلیق و لاقرتێی پێشمەرگەكان، بەتایبەتی هی كاك (حامید): (پیف لەم ئەفەندییە پێشمەرگەیە. بەڕاستی كوردو شۆڕش سەركەوتوودەبن! هەر لە ئێستاوە دیارە چ جۆرە جەنگاوەرێكە) منیش نقەم لەخۆم بڕیبوو. ئەوان پێشمەرگەی كاراو شارەزای ناوچە جیاوازەكان و منیش تازە لە قۆزاخەوە دەمویست سەردەربێنم. بۆیە لەناخمەوە دڵگران بووم، خۆشی خۆشی وەرگرتنی كڵاشینكۆف و هاتنی (پەخشان)خان لە لووتم هاتەوە. بۆیە ئێستاش جارجارە بەچاوی كاك (حامید)دا دەدەمەوە، كە ئەو رۆژە چییان بەسەرم هێنا.