ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریدا، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لەعیراق، کە گەورەترین باڵیۆزخانەیانە لەجیهاندا دابخەن، پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەتەلەفۆن دووجار پەیوەندی بەسەرۆکایەتی کۆمارو حکومەتەوە کردووە، جارێ بەڕەقی و جارێ هەندێ هێورتر بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لەبەغدا پێراگەیاندوون بەرپرسانی عیراق چەندجارێک پەیوەندیان بە ئەمریکیەکانەوە کردووەو هەوڵیانداوە پاشگەزیان بکەنەوە لەبڕیارەکە، بەڵام بێسوود بووە.
ئەمریکییەکان بەبەرپرسانی عیراقیان وتووە، هەوڵێک لەئارادایە بۆئەوەی پەلاماری باڵیۆزخانەکەیان لەبەغدا بدرێت و بچنە ژوورەوە. ئەم هەواڵانە سەرەتای پێشهاتی تازەن، ئەمریکا دەمێکە نیگەرانە لەپەلاماردان و مووشکەباران کردنی باڵیۆرخانەکەیان. حکومەتی عیراق نەیتوانیوە پەلامارەکان رابگرێ ئەگەرچی زانیاری سەلمێنراویشی لەسەر ئەنجامدەرانی پەلامارەکان هەیە، پێشتر هەوڵیدا لەڕێگای دەزگای دژەتیرۆر دەستگیریان بکات، هەرچەندە هەندێکی لێ دەستگیرکردن، بەڵام دواتر لەژێر فشاردا ئازادی کردن و ئەڵێن گوایە داوای لێبوردنیشی لێکردوون، بەتایبەتی دوایین پەلامار لەشوێنێکەوە کراوە، لەماڵی وەزیری ناوخۆی عیراقەوە زۆر نزیکە، ئەم بڕیارەی ئەمریکا بەدڵنیاییەوە هەڵچوون و کاردانەوەیەکی خێرا نییە، چاوەروان دەکرێ ئەمریکا دوو هەنگاو بهاوێ، یەکەم سزای دیپلۆماتی و دووەمیش گورزوەشاندن لەتوندرەوەکان لەڕێگای هێڕشی ئاسمانییەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئیدارەی ئێستای عیراق لەئەمریکاوە نزیکن، ئایا ئەمریکا کارێک دەکات رووگیریان بکات؟ یاخود نەخێر پلانی پشتی پەردەیان پێکەوە دەبێت و ئەوەی پێشی پەردە دیوی رووکەشی یارییەکەیە؟