فەریق حەبیب

حەشدی‌ شەعبی‌ لەبەردەم چەكوشەكەی‌ مستەفا كازمیدا

  2020-09-29 10:08      138 جار بینراوە        کۆمێنت

كاتێك مستەفا كازمی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق، چەند هەفتەیەك دوای‌ دەستبەكاربوونی‌، بەجلوبەرگی‌ حەشدی‌ شەعبییەوە سەردانی‌ بارەگای‌ سەرەكی‌ حەشدی‌ كرد، رەخنەی‌ زۆری‌ ئاراستەكرا بەوەی‌ "موجامەلە"یان دەكات، لەبری‌ ئەوەی‌ كار بۆ كەمكردنەوەی‌ دەسەڵاتە فراوانەكانیان بكات، بەڵام لەئێستادا و دوای‌ نزیكەی‌ 4 مانگ لەو سەردانە، دەركەوت پۆشینی‌ ئەو جلوبەرگە لە جوڵەیەكی‌ میدیای‌ بەولاوە هیچی‌ تر نەبوو، هاوشێوەی‌ جموجۆڵە میدیاییە زۆروزەبەندەكانی‌ تری‌. 
حەشدی‌ شەعبی‌، كە تائێستاش دەسەڵات‌و هەژموونێكی‌ گەورەیان لە جومگە سیاسی‌‌و ئیداریی‌‌و ئەمنییەكانی‌ عیراقدا هەیە، گەورەترین ئاڵنگارین لەبەردەم هەنگاوەكانی‌ كازمیدا، هەر ئەوانیش سەرۆك وەزیرانیان لەبەردەم دۆست‌و هاوپەیمانە ئەمریكی‌‌و ئەوروپی‌و عەرەبییەكانیدا ئیحراج كردووە‌و بەهۆی هێرشی‌ چەند گرووپێكیانەوە ئەمریكاییەكان باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا دادەخەن، هەر بۆیە چۆنیەتی‌ لاوازكردنیان‌و سەرەنجام تواندنەوەیان لەنێو دامەزراوە ئەمنیی‌‌و سەربازییەكانی‌ عیراقدا، سەرەكیترین بابەتە كە ئەندێشەی‌ كازمی‌، لەدوای‌ دەستبەكاربونییەوە، سەرقاڵ كردبێت، چونكە چاك دركی‌ بەوەكردووە كە بوونی‌ سوپایەكی‌ بێ‌ دیسپلین‌و فرە سەركردەی‌ هاوشان بەسوپای‌ دەوڵەت، هیچ بەهایەكی‌ بۆ سوپای‌ نیزامی‌‌و تەنانەت سیستمە سیاسییەكەشی‌ نەهێشتووەتەوە.
كازمی‌ لەچەند هەفتەی‌ رابردوودا، ژمارەیەك هەنگاوی‌ هاویشتووە كە بەهەوڵە سەرەتاییەكانی‌ ئەو بۆ لاوازكردنی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لێكدەدرێنەوە، لەوانەش دانانی‌ كۆسپ‌و لەمپەڕی‌ دارایی‌ بۆ پارەداركردنی‌ حەشد لەنێو پرۆژە یاسای‌ بوودجەی‌ عیراقدا، بەچەشنێك كە سەرچاوەی‌ داراییان كۆنترۆڵ بكات، بەگوێرەی‌ سایتی‌ "عربی‌ 21"، ئەو هەنگاوە هێزە سياسییە شیعەكانی‌ تووڕە كردووە.
پێنجشەممەی‌ رابردووش، سەرۆكایەتی‌ حەشد بڕیاریدا حامید خۆراسانی‌ سەركردەی‌ سریەكانی‌ خۆراسانی‌ لە پۆستی‌ فەرماندەی‌ لیوای‌ 18ی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لابدات. هەروەك بریاری‌ لەسەركارلابردنی‌ وەعد قەدۆ لە پۆستی‌ فەرماندەی‌ لیوای‌ 30 دەركرد، لەپای‌ ئەوەی‌ خۆراسانی‌ سەركردایەتی‌ تیمێك قەناسبەدەستی‌ كردووە‌و خۆپیشاندەریان كوشتووە، قەدۆش هاوڵاتیانی‌ سووننەی‌ موسڵی‌ ئەشكەنجداوە‌و كوشتووە.
هاوكات سەرۆك وەزیران، بڕیاریدا نووسینگەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەنێو فڕۆكەخانەی‌ بەغدا دابخات‌و تەنها نووسینگەكانی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌‌و وەزارەتی‌ ناوخۆ بهێڵێتەوە.
لەبەرانبەر ئەو هەنگاوانەی‌ كازمیدا، گرووپەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ هێرش‌و پەلامارەكانیان بۆسەر بەرژەوەندییەكانی‌ ئەمریكا ‌و كاروانەكانی‌ یارمەتییە سەربازییەكانی‌ هاوپەیمانان زیادكردووە كە سەرەنجام بڕیاری‌ داخستنی‌ باڵیۆزخانەی‌ ئەمریكای‌ لەبەغدا لێكەوتەوە كە ئەوەش بەپێشهاتێكی‌ گەورە‌و مەترسیدار لەقەڵەم دەدرێت.
ئەوەی‌ ئێستا دێتەبەرچاو، تووندبوونەوەو چڕبوونەوەی‌ ململانێكانی‌ نێوان كازمی‌‌و هاوپەیمانەكانی‌ لەلایەك‌و بەرهەڵستكارەكانی‌ لەلایەكی‌ ترە، دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزیی‌ زیاتر دەڕوات، چەند هەفتەی‌ ئایندەش دەریدەخات كە ئایا سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق بەپشتیوانی‌ ئەمریكا دەتوانێت پشتی‌ تووندڕەوانی‌ نێو حەشدی‌ شەعبی‌ بەزەویدا بدات‌و شكۆ بۆ دەوڵەت بگێڕێتەوە، یان ئەویش وەكو پێشینەكانی‌ خۆی‌ دەكەوێتە ژێر ركێفیانەوەو كۆڵ دەدات‌و سووڕانەوەی‌ نێو بازنە بەتاڵەكەی‌ 17 ساڵی‌ رابردوو هەر درێژەی‌ دەبێت؟

 

وتاری زیاتر



كوژرانی هاشمی یان لێدانی كازمی؟‬ فەریق حەبیب
2020-07-07 13:58      108 جار بینراوە




















عەبادی، بەڵێنی زۆرو كرداری كەم‬ فەریق حەبیب
2017-11-15 14:15      439 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو