لەیادی سێ ساڵەی ماڵئاوایی کردنیدا، لەسەر مام جەلالی رابەرو سەرۆکی مێژووییدا، زۆر بابەت و وتارو قسەی وردو بابەتیی نووسران و وتران، هەموو رۆژەکانی ساڵ دابنشین و قسە لەسەر کەسایەتی و ئەزموون و خەباتی مام جەلال بکەین دوایی نایەت و ناتوانین هەقی خۆی بدەینێ.
باشترین وەفاداری بۆ مام جەلال بریتیە لە: هەموو کوردستانییەک و عیراقی و ئازادیخوازێک، بەباشی گەورەیی و ئەزموون و خەباتی مام جەلال ئەزانێت، بۆیە پێویستیمان بەگوفتار نییە، بەڵکو پێویستیمان بەوەیە، رێ و ڕێبازی مام جەلال بەکردەوە جێبەجێ بکەین، هەزاران گوفتارو وشە بارتاقای کردارێک نییە، کە مام جەلال کردبێتی، بۆیە دڵسۆزیی مام جەلال ئەو بەرپرس و سەرکردەو کادرە حزبی و حکومی و پەرلەمانییەیە، کە بەکردەوە ئاکارو فەلسەفەی مام جەلال ئەنجامدەدات، نەک بەقسەو نووسین.
مام جەلال ئەزموونێکی گەورەی بۆ جێهێشتووین، دەتوانین کەڵکی لێوەربگرین و بیکەینە بنەمای سەرەکی خەبات، لەگەڵ گۆڕانکاری و واقعی قۆناغەکەدا بیگونجێنین و گەلالەی بکەینەوە.
ئەزموون و خەباتی نیو سەدەی مام جەلال، لەچوارچێوەی سۆزو داڕشتن و وتاردا بێنینە دەرەوە، بیخەینە نێو چوارچێوەی توێژینەوەی جۆاوجۆرو لەزارەوە بیکەینە تێکست و نووسین و سەنتەری گەورەی بۆ بیناد بنرێ.