مه‌ریوان عه‌لی محه‌مه‌د

خائین و خیانەت

  2020-10-17 15:25      58 جار بینراوە        کۆمێنت

لەنەریتی سیاسیی هەموو ولاتێكدا وا باوبووە لەهەڵبژاردن یاخود لەهەر كێبڕكێیەكی سیاسییدا، سەرجەم لایەن و حزبەكان گشت تواناكانیان دەخەنەگەڕ بۆ دروستكردنی كەشێكی لەبارو هەروەك كۆی دامەزراوەو رێكخراوە حكومەیی و ناحكومییەكان پەیوەستدەكەن بە بەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتیی و هێوركردنی شەقام و ئارامكردنی دەروونی دەنگدەرو هاوڵاتیان، حزبە مونافسەكانیش تەنیاو تەنیا پاڵێوراوەكانیان سەرپشك دەكەن بۆ خستنەڕووی خاڵی لاوازی ركابەرەكەی، بەڵام بەومەرجەی سنووری یاسا تێنەپەرێنێت و كەرامەتی كەسیی لەكەدارنەكرێت، فەزح و ئابڕوبردنەكانیش خۆیان لەڕەخنە و تانەدان لەبەرنامەی كاری یەكترو خراپیی ئەدای بەڕێوەبردنی یەكتر زیاتر تێپەرناكات، ئەوەشی لەدوورەوە موتابەعەی هەڵبژاردن و كێبركێی سیاسیی دەرەوەی ئەم هەرێمە بچووكەی ئێمەی كردبێ ، نەبووەو نەكراوەو بەهیچ شێوەیەكیش وشەی ( خائین)ی گوێ لێنەبووە كە ئەندامێكی باڵای حزبێك بەئەندامی باڵای حزبەركابەرەكەی بڵێ، چونكە ئەو وشەیە ئەگەر لای مرۆڤەكانی دەرەوەی هەرێم دەستەواژەیەكی نامۆبێ كەدادگاو حاكم و قازی ئەتوانن موعالەجەی بكەن، بەڵام لەزهنی ئێمەی كورددا دەلالەتێكی فرە رەهەندەو  ئاشنایەتییەكی تاڵمان لەتەكیدا هەیە، چونكە زیاتر لەنیو سەدەیە میللەتی ئێمە كوشتەی دەستی ( خائین) بووەو ( خائین)یش لەسادەترین پێناسەیدا جۆرەكەسێكە كە پەیمانشكێن و خاك و نیشتمان فرۆش و خۆپەرست بێ و سەرزەنشت و ریسوابوونی لەلاگرنگ نەبێ و كەسێكی مەنبوزو مەكروه و قێزەون بێ، خائین و خیانەت وشەگەلێكن پێویستە بەوریاییەوە بەكاربهێنرێت، چونكە لەوڵاتێكدا ئەگەر یاسا سەروەربێ، بەكارهێنەری وشەكە زۆری لەسەردەكەوێ ئەگەر بەڵگەی لەسەركەسی تانەلێدراودا نەبێ، بۆیە لەنەزەردا دیارە ئەم سەركردانەی ئێمە ئەگەر هەموو تانەیەك بیانگرێتەوە، ئەوافرسەخێك لەخائین و خیانەتكردندا دوورن، خۆئەگەر هەر قەراربێ دەستلەودەستەواژەیە هەڵنەگیرێ ئەوا مامەڵكردن لەگەڵ خائیندا، خیانەتە چونكە هەمووان لەیەك حكومەتەدا بەشدارن و شەوو رۆژیش پێكەو كۆدەبنەوەو دەستلەونادەستن لەبەرێوەبردنی حكومەتدا ،بەڵام مەخابن لەڕاگەیاندنە سێبەرەكاندا كە خاوەندارێتیان وەك رۆژی رووناك دیارە، یەكتر بەخائین دەشوبێهنن و لەولاشەوە تانەلێدەرو تانەلێدراوەكان پێكەوە وەك برا پێكەوە دانیشتوون ، لەم كەشە ئاڵۆزو ناسەقامگیرو نائارامەی هەرێمەكەماندا كە لەلایەك قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچەو لەلایەكی دیكەش بەهۆی نەتەبایی نێو حزب و نێوان حزبە كوردییەكان بەرۆكی  تاكی هاووڵاتیانی گرتووە، چەند مانگێكی دیكە هەڵبژاردنێكی زۆر گرنگ لەعیراقدا بەڕێوەدەچێ و چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و زۆر پرسی دیكەی گرنگی تیادا یەكلایی دەبێتەوە، ئایا لەكەشێكی وەهادا كە پەیوەندیی نێوان گەل و دەسەڵات بەمجۆر و شێوەیەی ئێستابێ، پێگەی كورد وەك نەتەوە لەعیراقدا چی لێدێ؟  بۆیە با حزب و سەرۆكی حزبەكان لەبری ئەوەی وشەی نەشیاو بەیەك بڵێن، حسابێك بۆ شعوری ئەم میللەتە گیرفان بەتاڵە بكەن و لەوە زیاتریش بێمنەتیی نەنوێنن، دەسەڵاتیش بازۆر دڵنیابێ، میللەت زۆرتوڕەیە باشترە حیسابی جددی بۆ تووڕەبوونەكەی بكات.

وتاری زیاتر


سەدساڵەی سیڤەر‬ مه‌ریوان عه‌لی محه‌مه‌د
2020-08-08 15:28      86 جار بینراوە











نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو