مەلا بەختیار

نامەیەك بۆ سەرۆک کۆماری فەرەنسا

  2020-10-29 23:00      76 جار بینراوە        کۆمێنت

جەنابی سەرۆك ماكرۆن
رای گشتی فەرەنسای ئازادیخواز
هەفتەیەكە، لەسەر لێدوانێكی سەرۆك ماكرۆن و بڵاوكردنەوەی كاریكاتێرێكی ناشایستە لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، تەواوی هێزە ئیسلامگەراكان، لەگەڵیاندا بەشێكی بێشوماری  باوەڕدارانی ئیسلامی، ناڕەزاییەكی بێڕادە دەردەبڕن. خەریكە وای لێدێ، لەسەر ئاستی جیهان، بەرەی ئیسلامی و بەرەی دیموكراسی، بكەونە دژایەتی یەكتر.
بەڕێزینە!
وەكو پلاتفۆڕمی دابڕان كە (5) ساڵە دامەزراوە و چوار كۆنفرانسی بەستووە. فەلسەفەی رۆشنگەری و سیكۆلارمان، ئاشكرا راگەیاندووە و دوژمنایەتیەكی زۆریش كراوین، بەڵام كۆڵمان نەداوە. وردە وردە سەلماندمان كە دیموكراسی و سیكۆلاریزم، نەك دژی ئاینەكان نین، بەڵكو باشترین سیستەمن بۆ ئازادیی ئاینەكان. دەستوری (1905)ی فەرەنساش، هەمان ئازادی بۆ ئاینەكان دەستەبەر كردوە.
لەم یاداشتەدا دەمانەوێ، جەخت بكەینەوە كە پلاتفۆڕمی دابڕان، هاوكات تەواوی ئەوانەی ئازادی راستەقینەی فەلسەفەو ئاینەكان ئامانجیانە، بێ پەردە پشتیوانی سیستەمی دیموكراسی و سیكۆلاریستی فەرەنسا دەكەین. ئەمە جگە لەوەی فەرەنسا، لەسەردەمی سەرۆك میتران و دانیالی خانمی یەكەمی پێشوتری فەرەنساوە، لەكاتێكدا كوردستان كیمیاباران كرا، زۆربەی حكومەتە عەرەبیە ئیسلامیەكان، بەتایبەتی حكومەتەكانی كەنداو (سعودیە، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، كوەیت) هەروەها كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی پشتیوانی رژێمی سەدامیان دەكرد.. دەیان ملیار دۆلاریان پێ دەبەخشی و تەكنەلۆژیای جەنگی پێ دەكڕی و دژی كوردستان لەساڵ (1976)وە هەتا داگیركردنی كوەیت (1990) بەكاریدەهێنان. پاشان دژی ئێرانیش بەكارهێنران. وڵاتی كوەیتیشی پێ وێران و تاڵان كرا، لەو دۆخە كارەساتبارانەدا، فەرەنسا یەكەمین وڵات بوو، دژی سیاسەتی جینۆسایدی بەعس هەڵوێستی دەربڕی. یەكەمین وڵاتیش بوو، كۆنگرەی مافی مرۆڤ بەسەرپەرشتی خاتوو (دانیال میتران) لە پاریسدا لەسەردەمی ئەنفالی كوردستان و تێكشكانی خەباتی چەكداریدا (1989) سازدا. هەر لەو كۆنگرەیەدا، لەسەر سوربونی سەرۆك مام جەلال و وەفدی بەرەی كوردستانی، وەفدی عێراق بە سەرۆكایەتی بەهادین ئەحمەد سەرۆكی مەجلیسی تەشریعی-بەعس، كرانە دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی  ساڵی (1994) سەرۆك میتران هەوڵی دا كورد یەكبخات و كێشەی سەربەخۆیی كوردستانیش بخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام بڕیارە نهێنیەكان گەیەندرایە دەوڵەتی توركیا و تێكدرا!
لەكاتی ریفراندۆمیشدا.. سەرۆك ماكرۆن، یەكەمین سەرۆكی جیهان بوو، پێشوازی لەسەرۆكی حكومەتی كوردستان و جێگرەكەی كردو گەمارۆی ناڕەوای دیپلۆماسی لەسەر هەرێمی كوردستان، كە بەهۆی ریفراندۆمەوە سەپێنرابوو، هەڵگرت. لەو دۆخەشدا، وڵاتانی ئیسلامی و هێزە ئیسلامیەكانی جیهان، بەرامبەر گەمارۆدانی كوردستان تاوانی بێدەنگیان هەڵبژارد.
ئێستا مامۆستایەكی فەرەنسی، كە بەبێ پرسی حكومەتی فەرەنسا، كاریكاتێرێكی ناشایستەی لەسەر پێغەمبەری ئیسلام بڵاوكردۆتەوە. سەرئەنجام دڕندەیەكی موسڵمانی چیچانی، سەری بڕیوە، لەبری ئەوەی دونیا دژی ئەم تاوانە رابپەڕێ، كەچی هێزە ئیسلامیەكان و سەدان هەزار موسڵمان، دەنگی ناڕەزاییان دژی سەرۆكی فەرەنسا بەرزكردۆتەوە.. تەنها لەبەر ئەوەی فەرمویەتی: ئیسلام لەكێشەدایە. ئەمە لەكاتێكدایە، ساڵەهایە بیرمەندانی عەرەب و ئیسلامی، زیاتریان لەسەر كێشەی ئیسلام فەرمووە.
دیارە، لەم دێڕەدا، سەرۆك ماكرۆن وەكو لوتكەی دەسەڵاتی فەرەنسا، گوتبای جیهانی ئیسلام، یان دەسەڵاتەكانی ئیسلام لەكێشەدایە، باشتر بوو. چونكە، ئاینی ئیسلام.. وەكو ئایین، لەچۆنێتی پەیڕەوكردن، حكومڕانی، لێكدانەوەی مەزهەبی، تەریقەت و زاناكانیدا، لێكەوتەی چەشناو چەشنی هەیە. هەر بۆیە لایەنە سیاسیەكان و مەزهەبەكان و تەریقەت و حكومەتەكانیش، سیستەمی دەسەڵاتی ئیسلامی و ژینگەی ئیسلامی ناكۆكیان هەیە. كەچی یەك خودا و یەك قورئان و یەك پێغەمبەریشیان هەیە. بەڕێزینە!
تەواوی حكومەتە ئیسلامی و لایەنەكان و زانایانی ئیسلامی، بە خۆیان رەوا دەبینن، لەناو جیهانی ئیسلامیدا.. لێكدانەوەی جیاوازیان هەبێ. دەسەڵاتی جیاواز بسەپێنن. لەدێرزەمانەوە مەزهەبی جیاواز پەیڕەو بكەن. شەرع و شەریعەتی جیاواز بكەنە دەستور.. دژی یەك بن. شەڕی یەكتر بكەن. خوێنی موسڵمانان بڕێژن، كەچی ئەگەر سەرۆك ماكرۆن یان هەر سەرۆكێكی تری رۆژئاوا، رەخنەیەكیان لێبگرێ.. كاردانەوەی توندیان دەبێ. ئەمە لەكاتێكدا لەمێژووی ئیسلامدا، دەیان بیرمەندی وەكو ئیبن عەرەبی، ئیبن روشد، ئیبن سینا، هەن كە زۆر لە دۆگماكانی جیهانی ئیسلام، بە ئەقڵێكی كراوەتر سەیری ئیسلامیان كردوە.
جەنابی سەرۆك ماكرۆن!
ئازادیخوازانی فەرەنسا!
تكایە، لە سیستەمی مۆدێرنێتەی خۆتانەوە، كە رەگوریشەكەی بۆ سەردەمی رێنیسانسی ئیتاڵیاو، ریفۆرمی ئاینی ئەڵمانیا و، رۆشنگەری فەرەنسا دەگەڕێتەوە، سەیری ئیسلام و جیهانی ئیسلام و نەریتی ئیسلامی مەكەن. هێشتا ئەو گۆڕانكاریە دیموكراسی و ئازادییەی رۆژئاوا، هێشتا ئەو ئەقڵە كراوەیە بە ئازادی رەخنە گرتن لە پێغەمبەرانی مەسیحی و جولەكە، یان نوسینی رۆمان و دەرهێنانی فیلمی سینەما لەسەریان، بە دروستكردنی كاریكاتێریش، زۆر دورە لەجیهانی ئیسلام و لە سیستەمی بیركردنەوەی رای گشتی موسڵمانان. بۆیە، كاتێك كاریكارتێر لەسەر پێغەمبەر بكرێ. ئەم جۆرە رەفتارە، نەك بۆ فەرەنساو رۆژئاوا، بەڵكو بۆ هەستی ئازادیخواز و مەدەنیخوازانی وڵاتانی ئیسلامیش زیانی هەیە، ئەمە جگەلەوەی فەلسەفەی ئازادی، رێگە نادا، پێشێلی پیرۆزیەكانی مرۆڤی ئیماندار بكرێ.
بەڕێزان!
لەكاتێكدا ئێمە خۆمان لەبەرەی دیموكرات و سیكۆلار و مەدەنیەكانی جیهان دەبینین، لەهەمان كاتدا، ئومێدەوارین، ئەم كێشەیە، بە حیكمەتی سەرۆك ماكرۆن و ئاقڵمەندە گەورەكانی فەرەنسا، چارەسەربكرێ. هەستی برینداركراوی موسڵمانیانیش، سارێژ بكرێ. هەروەها ئەركی تەواوی نەتەوەی كورد و ئازادیخوازانە، دژی ئیسلامگەرا توندڕەوەكان بن، كە فاشستانە، سەری مامۆستایەك دەبڕن. بەردەوامیشن لەسەر ئەم تاوانانە، بەڵام شانازیە بۆ سەروەری یاساو ئازادی فەرەنسا، تاوانبارەكان لەكاتی كوشتن و رەشەكوژیدا دەگرن.. كەچی روبەڕووی دادگایان دەكەنەوە.. بەڵام لەكوردستان و لەهەر شوێنێك داعش، یان تاڵیبان، یان بەرەی نوسرە، یاخود ئەحرار شام، یا بۆكۆ حەرام، هاوڵاتی بەدیل بگرن، یەكسەر دەیكوژن.
بەداخەوە، هەزاران تاوانی توندڕەوەكان، كە دژی ئاینی ئیسلامەو سەدان هەزار كەسیشیان كردە قوربانی، لای ئیسلامیەكان بە شەرمنانە رەخنەی لێ دەگیرێ. كەچی قسەیەكی سەرۆك ماكرۆن.. بە هەل زانرا، كێشە سیاسیەكانی ئیسلامیەكان خەفە بكەن و لەدژی ئازادیەكانی فەرەنسا، ناكۆكیەكانیان بخەنە لاوە!
لەگەڵ هیوای چارەسەری دوربینانەی ئەم كێشەیە.. لەلایەن سەرۆك ماكرۆن و فەرەنسای پشتیوانی كوردستانەوە.
رێزمان دووبارە دەكەینەوە

مەلا بەختیار
سەرپەرشتیاری پلاتفۆرمی دابڕان
29/10/2020
كوردستان-سلێمانی

وتاری زیاتر


مام عەبدولخالق.. مێژووت هەیە ‬ مەلا بەختیار
2020-11-15 12:13      44 جار بینراوە


مام.. ئازادیت باش‬ مەلا بەختیار
2020-10-03 13:57      80 جار بینراوە


هات و نەهاتەكەی هاتنی كازمی‬ مەلا بەختیار
2020-09-12 21:05      69 جار بینراوە

عومەر شیرەمەڕیی كۆچت ناوەختە!‬ مەلا بەختیار
2020-09-08 14:56      98 جار بینراوە














وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-14 10:56      152 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-10 00:09      141 جار بینراوە

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-09 22:56      165 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-04 14:43      125 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو