ستران عەبدوڵڵا

پڕۆژەكە فیدراڵی بوو، كێ وەك هەڵوەشانەوە وێنای كرد؟

  2020-11-13 17:27      232 جار بینراوە        کۆمێنت

بابەتەكانی ژمارەی رۆژی (9/11/2020) ئەنساتی مەركەزی، برینەكانی كولاندەوەو بیركردنەوەی تیژ كردەوە. موناسەبەكە بڵاوكردنەوەی سەنەد و قەول و قەراری (46)ـەمین سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن بوو، بەتایبەتی لە دۆسێی هەرە ناسراوی ناوچەكەی ئێمە كە عیراق و كوردستانەكەیەتی: دۆسێی فیدرالیزمی سێ گۆشەی وڵات كە بایدن و رەفیقێكی لە ساڵی (2007)دا كردیانە پرۆپۆزەڵێكی مەحكەم و دایانە كۆنگرێسی ئەمریكا و كۆنگرێسیش پەسەندی كرد.

ئەو پڕۆژەیە بووە كراسی ئاگر و كەس نەیدەوێرا بیكاتە بەری. بووە تۆپێكی ئاگرین و هەر كەس بۆ باوەشی ئەویتری تێدەگرت.

عیراقییەكان، بەشیعە و سوننەیانەوە، ژینگەی ئیقلیمی، بە عەرەب و عەجەم، بە ئێران و تۆرانییەوە، دژی پڕۆژەكە وەستانەوە.

تەنانەت لەكاتی خۆیدا ئیدارەی ئەمریكا ناچار بوو، یان ئارەزووی كرد، روونكردنەوە لەسەر ئەو پڕۆژەیەی بایدن و ئەو بڕیارەی كۆنگرێس بدات كە (75) ئەندامی سەنات دەنگیان بۆ دا، لەناویاندا (26) سیناتۆریان لە حزبەكەی سەرۆك بوش، كۆمارییەكان، بوون. لەسەر ئەم هەڵڵایەی فیدراڵییە سێ گۆشەییەكە نایەوە. بایدن و رەفیقەكەی لە رۆژنامەكان روونكردنەوەیان دا. ئەوی ئەوان وتویانە و پێشنیازیان كردووە هیچ نییە جگە لە شرۆڤەیەكی نەرمتر و جوانتری دەستووری عیراق، كە داوای وڵاتێكی فیدراڵی دەكات و لە تشرینی یەكەمی 2005 دا عیراقییەكان لە راپرسیدا پەسەندیان كرد. بایدن جوابی ئیدارەی بوش و ئیدارەی كاری رۆژانەی ئەمریكا لە باڵیۆزخانە گەورەكەی، لە بەغدا، دەداتەوە و دەڵێ: ئەمە ئەسڵی دەستووری عیراقە و ئێمە لە پڕۆژەكەدا هەر ئەوەمان كردووە، خوردمان كردۆتەوە، وەرگێڕانمان بۆ كردووە و وتومانە پاڵەوانەكانی ئەم دراما فیدراڵییەی عیراق، هەر دەبێ كورد و شیعە و سوننە بن.

بێگومان دوای ئەو وتارە، بایدن ئیتر لێی بێدەنگ بوو و قسەی زیاتری لێ نەكرد. ئینجا بایدن بووە جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە دوو خولی سەرۆكایەتیی ئۆبامادا، بەتایبەتیش بووە بەرپرسی دۆسێی عیراق و كەوتە هاموشۆی ئەو سەركردانەی دەبووایە سەركردەی عیراقی سێ گۆشەی فیدراڵی بن، بەڵام هەر بە سەركردەی عیراقی یەكگرتوو لەسەر كاغەز و خوێناوی، پەرت و كەرت، لەسەر زەمینی واقیع، مانەوە.

دوایی لە نرخی ئەو بێدەنگییە ماقولەی بایدن، ئیتر ئێستا ئەم خولە وەك سەرۆكی ئەمریكا هاتۆتەوە. بێگومان بایدن، كە خاوەنی سەروەریی ئیقلیمی شرۆڤەكردنی فیدراڵی دەستووری عیراق بوو، ئیشی خۆی لەسەر عینادی و نەگبەتی عیراقییە مەركەزییەكان پەكنەخست، بەڵكو لەم خولی ململانێ سیاسییەدا لەگەڵ ترەمپ بووە خاوەنی گێڕانەوەی سەروەری بۆ سیاسەتی سەنگین و ماقول و تەگبیری سیاسیی ئەمریكا كە چوار ساڵەكەی ترەمپ لەسەر قیرتاوی رێی شەقام لای بردبوو. هەرچی عیراقییەكانیشە، ئەوە لە عینادی و نەگبەتیدا وڵاتەكەیان كەوتە گێژاوی پۆست قاعیدە و داعش و ئینجا دوای ئەوە میلیشیاكانی كە ئێستا وڵاتەكەیان كۆنترۆڵ كردووە. عیراقی دوای پڕۆژەكەی بایدن كە سوننەی مەركەزیخواز و شیعەی هەژموونخواز بێباكانە دژی فیدراڵییەكەی بایدن و ئیتحادییەكەی دەستووری وڵات وەستانەوە، بەوە قایل بوون وڵاتەكەیان لەبەر هەڕەشەی گرتنی موسڵ و لەدایكبوونی سەد ئەمیری شەڕ و سەد ئەمیری داعش بمێنێتەوە و رەشەبا بیبات، نەك ببێتە فیدراڵییەكی ماقوڵ و ئارام.

ئەگەر دەستەبژێری عیراقی وەفاداری چەمكی عیراقێتی سەری زمان و بنی زمانیان بواین، لە وڵاتێكی فرەیی سێ هەرێمدا پایەدارتر دەبوون، نەك لە وڵاتێكی وا بە رەسمی یەكە و بە دیفاكتۆ پەرتە و هەر رۆژەی بەشێكی لێی تەوەللا دەبێت. بایدن زیانی نەكرد، وا ئێستا سەرۆكی وڵاتی خۆیەتی كە ئیتحادییە و زیاد لە پەنجا هەرێمی هەیە، بەڵام دەستەبژێری شیعە و سوننەی عیراق زەرەریان كرد كە وڵاتەكەیان وایە كە داب و دەستوور و مەنتیق لێی تەوەللایە.

جا عەرەب خۆی پێش بایدن جوانی وتووە (رائد القوم لا یكذب) واتا پێشەنگان درۆ ناكەن، بەڵام دەستەبژێری عیراق دوای هەڵڵا كەوتن و گوێیان بە سەری سپی بایدن و سەری سپی زۆری تریش نەدا.

گشتیان فیدراڵییەكەیان وەكو دابەشكردن و هەڵوەشانەوەی قەوارەی عیراق وێنا كرد. كە لێكی دەدەیتەوە هەست دەكەیت ناكۆكەكانی عیراق دژی یەكن، بەڵام هەریەكەیان ئەویتر تەواو دەكات لە شرۆڤەی خراپی پڕۆژەكەی بایدن-دا، كەچی گلەیی لێ دەكەن داخۆ بۆ پڕۆژەكەی جێبەجێ نەكرد و خۆی لێ دزییەوە؟ كفنودفنی پڕۆژەكەی بایدن ئەو رۆژە كرا كە هەر لایەنە و لە خەیاڵی پیلانێكدا بووە كە وایكردووە وڵاتەكە لە وڵاتێكی كەمەندكێشەوە ببێتە وڵاتی تەوەللاكەر.

وتاری زیاتر

زمان، رێڕەوی غەمگینی نەتەوە‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-02-21 18:04      101 جار بینراوە





ئەو شەوەی شەوی پێشمەرگە بوو‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-08-02 22:00      183 جار بینراوە

شنەی شەماڵ بە فیڕۆی دا‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-06-26 12:10      92 جار بینراوە


رۆژی نامەو نامەی رۆژ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-04-23 18:39      233 جار بینراوە

کورت و پوخت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-01-10 20:52      237 جار بینراوە

بۆشایی ئەمنی ‌و بۆشایی تریش ‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-12-04 20:52      150 جار بینراوە

زۆر بڵێی و کەم عەمەلی‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-23 22:08      138 جار بینراوە

بەیانیت باش مام جەلال‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-03 12:06      172 جار بینراوە













با دوا فه‌رمان بێت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-08-03 23:37      304 جار بینراوە


رۆژی دواتر یەک ببینینەوە‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-07-17 18:01      278 جار بینراوە

یان کوردستان یان کوردستان‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-06-28 16:22      293 جار بینراوە

یادی یەكێتی‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-05-18 16:14      387 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو