د.سەردار عەزیز

رامان لەشەڕی ناوخۆی کوردی!

  2020-11-16 13:40      56 جار بینراوە        کۆمێنت

شەڕی ناوخۆ دیاردەیەکی دێرینە؛ رەگی زۆری کەلتووریی و دەروونی و جیوپۆلەتیکی هەیە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا. ئەم دیاردەیە چونکە هەمیشە وەک شەرمێک تەماشا دەکرێت، سەرباری ئەوەی زۆرینەی زۆری کۆمەڵگای کوردی بەئاگایی و بێئاگایی تیادا بەشدارەو درێژەی پێئەدات، بەڵام لەبێدەنگییەکی قڕوقپ پێچراوە. ئەوەی کوشندەیە کە سەرباری بوونی سەربوردەو حیکایەت و رووداوی زۆر لەمبارەوە، بەڵام نە لەبواری ئەدەب، نە فیکر، نە مێژوو، نە ئابووری هیچ کارێکی جیددی لەمبارەوە نەکراوە، ئەم بێدەنگییە یەکێکە لەهۆکارەکانی بێئاگابوون و نەتوانینی دابران لەم دیاریدەیە. شەڕی ناوخۆ سوودی زۆرە لەڕووی دروستکردنی جۆرێک لەکەسایەتی و ئابووریی و خزمەتکردنی هێزە هەرێمییەکان، کوردستان وەک جوگرافیا لەپەراوێزی چەند ئیمپراتۆریەتێکدا بووە لەمێژووی پێنج سەدەی رابوردوویدا، بوون لەپەراوێزی ئیمپراتۆرییەتدا چەند خەسڵەتێکی هەیە. لەبەر دووریی لەناوەندەوە دەتوانرێت بڕێکی زیاتر ئۆتۆنۆمی هەبێت و بوار هەبێت بۆ مانۆڤەرکردن. ئەمەش هۆکاری بوونی سیستەمی میرایەتی بووە لەکوردستان بۆ سەردەمانێک. لەهەمانکاتدا لەبەربوونی کوردستان بەسنووری ئەوانیترەوە، ئەوا ناوەندەکان هەوڵیانداوە سۆزو لایەنگیریی میرەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن. هەموو ئەمانە وەهایانکردوە کە ناوەند سیاسەتێکی تایبەتی هەبێت بەرامبەر دەسەڵاتی میرەکان، لەکاتێکدا کە گرنگە لایەنگری و سۆزیان لەبەرچاو بگرێت لەهەمانکاتدا دەبێت هاوسەنگی هێز لەنێوانیاندا دروستبکەیت بەجۆرێک کە کەس بەئاسانی نەتوانێت یاخی بێت. لەسەر ئەم بنەمایانە دەتوانین بڵێین سیاسەتی ناوەندی ئیمپراتۆرییەتەکان بەرامبەر هێزە کوردییەکان لەپەراوێزدا هەمیشە چەند خەسڵەتێکی هەبووە: یەکەم، سوود لێبینینان بۆ دروستکردنی بەربەرست بەرامبەر نەیارەکان، کردنیان بە بەفەر. دووەم، ڕێگریکردن لە بەهێزبوونیان بەدروستکردنی ناکۆکی لەنێوانیانداو پاشان دەستوەردان بۆ دروستکردنی هاوسەنگی. ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگییە هەروەها میکانیزمی پەیوەندی و بەکاربردن و ناچارکردن دروستدەکات. سەرباری ئەمانە لەهەناوی هێزە کوردییەکاندا چەند خەسڵەتێک دێتە ئاراوە. چەکداری و شەڕکردن دەبێتە بەشێکی سەرەکی ژیان، سەرچاوەی دابینکردنی داهات و پێگەو سامان. یاریکردن لەنێوان ناوەندەکاندا کوردەکان وەها لێدەکات خاوەنی خەسڵەتی تایبەتی خۆیان نەبن، بەڵکو خەڵكێک بن کە ململانێی هێزەکان ئاراستەیان بکات. لەسەدەی نۆزدە دوو ئیمپراتۆرییەتی تر دێنە ناوچەکە کە ڕوس و بەریتانیان، بەهاتنی ئەوان ئیتر سەردەمی ئیمارەتەکان کۆتایی دێت و سەردەمی کەسایەتی ئاینی و خێڵ دێتە ئاراوە. ئەمە هێندەی تر کورد لاواز دەکات. هاتنی لایەنی سێیەم و چوارهەم جۆری یاریکردنی خێڵ و کەسایەتییەکان دەگۆڕێت. چاودێران ئەم چەند سەدەی ژیانی سیاسی کوردی دەکەن بەسێ بەشەوە: سەردەمی ئیمارەتەکان کە سەردەمێکی عەلمانییە. عەلمانیەت بەمانای ئەوەی دونیایین نەک ئاینی. ئەم عەلمانی بوونە جۆرێک لەسەروەریی دابینکردووە، چونکە دەسەڵاتی ئایینی کوردی هەمیشە پاشکۆی ناوەندەکانی ترە. پاشان سەردەمی ئاینی، پاش ئەوە سەردەمی خێڵەکان. ئەمە پاشخانی ئەوە دروست دەکات کە جاشایەتی لە ١٨٩٠ لە سەردەمی سوڵتان عبدولحمید دەستپێبکات، وەک لەم پاشخانە خێراوە دەبینین، دۆخی کوردی لەپەراویزی ئیمپراتۆرییەکاندا هەمیشە لەژێر فشاری پەرتبوون و شەڕی یەکترو شەڕ بۆ هێزەکانی تر بووە. لەهەمانکاتدا سەرباری نەیارێتییان ناوەندە ئیمپراتۆرییەکان لەوە بەئاگابوون و وەک جۆرێک لەکۆنتراک بووە لەنێوانیاندا، کە ڕێگە نەدەن هێزە کوردییەکان لەیەکتریان داببڕێت، هەموو ئەمانە لەمیانەی دووبارەبوونەوەدا کەلتوورو یادەوەریی بۆ دروستبووە. لەئەنجامدا کوردەکان زوو بوون بە ئەویتر بۆ یەکتر. هەموو ئەمانە ڕێگربووە لەوەی ناوەندی کوردی سەقامگیرو بەهێز دروست بێت. لەکاتێکدا هێزە کوردییەکان هەوڵیانداوە کە دەسەڵاتیان فراوان بکەن، بەناوی کوردستانەوە تێبکۆشن و شەڕ بکەن، بەڵام هەموو ئەمانە لەشەڕی یەکتردا فەراهەم بووە. بەمانایەکی تر کوردستان لای ئەمیرێک یان کەسایەتییەکی کورد وەک ئامانجێک نەبووە لەپێناو کوردستان، بەڵکو ئامانجێک بووە لەپێناو دەسەڵاتی میر یان شێخ یان ئاغادا. ئەمە لەئەنجامدا نەبووەتە هۆکاری هاتنە ئارای کۆنفیدراسیون، پێکەوەبوون، بەسەنتەرکردنی پەراویز. بەڵکو زیاترو زیاتر یەکترکوژی ئاسایی کردووەتەوە. ئەمەش پاشاخانی ئەو دۆخەیە کە کورد کاتێک کوردێکی تر دەکوژێت هەرگیز بیر نە لەکوردبوونی خۆی و نە لەکوردبوونی ئەویتر دەکاتەوە. بەڵکو شوناسە لاوەکییەکان گرنگترە بۆی. ئەمەش بنەمای ئەوەمان بۆ دادەڕێژێت کە ئارگومێنتی ئەوە بهێنینە ئاراوە کە کورد هێشتا شەڕی ناوخۆو شەڕی براکوژی و شەڕی یەکتر کوژی تەنها لەئاستی زمانەوانیدا بەکاردەبات، ئەگینا هێشتا ئێمە لەبەرامبەر ناوخۆیەکی کوردیدانین. چونکە چەمکی ناوخۆ بەمانای ئەوەدێت کە پانتاییەکی هەیە جودا لەوانەی دەوروبەری، کە لەهەناو خۆیدا ناوخۆی خۆی بەرهەم دەهێنێت و لەهەمانکاتدا دەرەوەی خۆی. بۆیە چەمکی ناوخۆ چەمکێکی ناسیونالیستانەیە. هەمو پرۆژەی بونیادی نەتەوە لەسەر ئەوە بونیادنراوە کە لە ناوەوە یەکبون دروست بکات و لەدەرەوەی جودا بکاتەوە. بەڵام ئێمە ڕەنگە تەنها لەئاستی زمانەوانیدا لەم پرۆسەیە بدوێین. چونکە بەرهەمهێنانی ناوخۆ هەوڵ قۆناغ و کاری زۆری دەوێت کە ئێمە نەمانکردووە. شەڕی ناوخۆی کوردی سوودی زۆرە بۆ ئەکتەرەکانی بۆیە بەردەوامی هەیە. کوردستان سەرزەمینێکە کە ئەستەمە لەمێژوودا کەسایەتییەک بتوانێت هەموو کورد یەکبخات. ئەم پەرتییە هۆکاری جوگرافی و سیاسی و جیوپۆلەتیکی زۆری هەیە. بۆیە هەمیشە دەرفەت هەیە بۆ سەرهەڵدانی کەسایەتی و کەسی سیاسی لۆکاڵ. دەستوەردانی هێزە هەرێمییەکان هۆکارێکی سەرەکین کە کەسایەتییە لۆکاڵیەکان دەتوانن دروست بن، بمێننەوەو ململانێی یەکتر بکەن. ئەمەش وەها دەکات کە کەسایەتییە لۆکاڵییەکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەمیشە هەوڵی ئەوە بدەن کە نەک دژایەتی دۆخەکە نەکەن، بەڵکو درێژەی پێبدەن. شەڕ ئەفسانەی قارەمانێتی و هێزو سامان بۆ کەسایەتییە لۆکاڵەکان دابین دەکات. پیاویان بۆ دابین دەکات. ئەمڕۆ چەندین شەڕی ناوخۆی کوردی هەیە. هەموو ئەم شەڕانە لەنێوان دۆخی شەڕ و دۆخی نەرمدا جۆلانێ دەکەن. ئەگەر سەیری پەرتبوونەکانی هەناوی کۆمەڵگای کوردی بکەیت دەبینێت کە هەموو ئەو پانتاییانە وەک سەرمایەو زەخیرەی سیاسی بەکاردەبرێت لەلایەن ئەکتەرە لۆکاڵەکانەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی سیاسی و ڕەمزی. هاتنی دیموکراسی و پارەی سیاسی و تەکنەلۆجیا ئەم دۆخەی زیاتر ئاڵۆزو تۆخکردوەتەوە، لەبەر ئەم هۆکارانە شەڕی ناوخۆی کوردی ڕەگ و ڕیشەی قوڵی هەیە، وەک پەتا تەشەنەی کردووە لەهەناوی هەموو جومگەکانی کۆمەڵگادا، بەدروستبوونی دەرفەتی سیاسی هەموو سیاسییەک هەوڵدەدات بەکاری بهێنێت. دەرچوون لەم دۆخە سەختە، چونکە هەم کەسایەتی سیاسی و هەم پارتی سیاسی بەئاسانی ناتوانن ببنە خاوەن پاشخانی سیاسی و ئامرازی وروژاندن و سەرمایەی سیاسی.
ڕەهەندێکی تری شەڕی ناوخۆ ڕەهەندی ئایدەلۆجییە. هێزە کوردییەکان ئایدەلۆجیا کوردیانە بەرهەم دەهێننەوە. ئایدەلۆجیا بەکاردەبەن بۆ ڕەوایی بەخشین و خۆ جوداکردنەوە. ئایدەلۆژییەکان زەخیرەی ئەوە دابیندەکەن کە بکوژ بەرهەم بهێنن. مرۆڤێک کە بڕوای وەهایە لەپێناو دونیایەکی باشتردا دەبێت خەڵکانێک، کە ڕێگرن، لەناوببرێن. ئەمە دیدێکی مارکسیانەیە هەتا ئاستێکی زۆر، بەڵام لەهەناوی ژیاری سیاسی کوردیدا بەرهەمهاتووەتەوە. بوونی چەمکی وەک شۆرش بەشێوەیەکی بڵاو دەرخەری ئەو دونیابینییە کە وەها دەبینێت کە نەیارو جیاوازەکان دەبێت لەناوببرێن. کاتێک ئەم دونیابینییە بڕەوی پێدەدرێت ئەوا گەمەی سفریی و شەڕی مان و نەمان دێتە ئاراوە. ئایدەلۆژیا مرۆڤە-ڕۆبۆتی ترسناک بەرهەم دەهێنێت کە توانای سازان و گونجان و پێکەوەبون و تێگەیشتنی نییە. زمانێک قسەدەکات کە لە واقیع دابڕاوە. ئەمە بەڕەهەندە ئاینی و ئیسلامییەکەیشیدا ڕاستە. ئەم ئارگومێنتە مانای ئەوە نییە کە ئایدەلۆژیا شەڕی ناوخۆی کوردی بەرهەمهێناوە، بەڵکو بەمانای ئەوەیە کە ئایدەلۆژیا بەگوڕێکی جیاوازەوە ڕەوایی بۆ شەڕی ناوخۆی کوردی دابین دەکات.

وتاری زیاتر



تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-10 20:19      30 جار بینراوە


لەئەمریكا چی ڕوویدا؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-07 10:45      60 جار بینراوە

نالی و چین‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-28 19:24      54 جار بینراوە

پیرۆزی و نوێ؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-27 20:09      54 جار بینراوە

٢٠٢١ خوێندنەوە‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-26 15:15      52 جار بینراوە

فەلسەفەی توڕەیی‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-21 23:22      58 جار بینراوە


مەرگێک لە ئابسەرد ‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-07 21:31      84 جار بینراوە


کوردستان بەرەو باشوور؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-23 19:15      54 جار بینراوە


بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-13 12:08      70 جار بینراوە






ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      112 جار بینراوە

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      71 جار بینراوە


با سیروان نەمرێت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 19:22      106 جار بینراوە

لە مالی چ باسە؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 11:05      87 جار بینراوە


دەربارەی ئەمریکای بایدن‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-21 13:23      67 جار بینراوە


خوێندنەوەی ماکرۆن لە بەیروت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-07 10:12      86 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو