فەتحوڵڵا حسێنی

مەرجەكانی رژێمی سوریا بۆ كورد‌و مەرجەكانی كورد بۆ رژێم

  2020-11-23 22:31      81 جار بینراوە        کۆمێنت

لە یەكەم دیداری نیمچە رەسمی نێوان وەفدی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات‌و وەفدی باڵای ئەمنیی دیمەشق لە ناوەڕاستی 2017 دا وەفدی رژێم هەیكەلی ئیدارەی خۆجێیی رەت كردەوە كە لە ساڵی 2014وە دامەزراوە‌و جەختیشی كردەوە كە رژێم تەنیا مافی كورد دەپەژرێنێت‌و مافی پێكهاتەكانی بەشدار لەو هەیكەلە ئیدارییەدا قبوڵ ناكات، پێداگریشی كرد كە بەشداریی كورد‌و عەرەب‌و سریان‌و توركمانی باكووری سوریا لە بڕیارەكانی سوریادا بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەن، ئەنجومەنی سوریای دیموكراتیش ئەمەی پێ قبوڵ نەكرا، لەو كاتەوە دانوستانی نێوان ئیدارەی خۆجێیی‌و رژێمی سوریا راگیراوە‌و لە لایەن رژێمی سوریا‌و روسیاشەوە كە زاڵە بەسەر بڕیاری سوریادا دەست پێ كردنەوەی رەت دەكرێتەوە.

یەكەم دیداری هەردوو لا شكستی هێنا، بابەتەكەش بەو شێوەیە خرایە روو، كە ئیدارەی خۆجێیی دەسەڵاتی مەركەزی رەت دەكاتەوە‌و دەسەڵاتی مەركەزیش ئیدارەی خۆجێیی‌و هەیكەلی دامەزراوەكانی رەت دەكاتەوە، بێگومان ئەو كاتە رێكخراوی داعش لەوپەڕی بەهێزیدا بوو دەستیشی گرتبوو بەسەر ناوچەیەكی فراوانی خاكی سوریادا، ئیدلب-یش بە تەواوی لە بن دەستی بەرەی نوسرەدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا رژێم هەر كەللە رەقی كرد‌و ئەو شێوازە نوێیەی حوكمڕانی لە باكووری سوریا رەت كردەوە، هاوكات ئیدارەی خۆجێیی بە شێوازە كوردییەكەی زۆرێك لە كێشە سیاسی‌و سەربازی‌و ئابوورییەكانی چارەسەر كرد‌و بووە واقیعێكیش.

ئیدارەی خۆجێیی‌و چەترە فراوانەكەشی كە ئەنجومەنی سوریای دیموكراتە، چەندان جار داوای كرد گفتوگۆی جددی‌و بەرپرسانە لەگەڵ رژێمی ئەسەد دەست پێ بكاتەوە، بەڵام سوودی نەبوو، رژێم بەردەوام بوو لەسەر رەتكردنەوەی ئەو واقیعە‌و داواشی دەكرد دەسەڵاتی مەركەزی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە‌و دۆخی ناوچەكە وەك پێش 2011ی لێ بێتەوە، ئەمەش پێكهاتەكانی ئیدارەی خۆجێیی رەتی دەكەنەوە، لە پێش كوردەوە عەرەب رەتی دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی: سەربارەی هەڕەشە بەردەوامەكانی توركیا بۆ ناوچەی ئیدارەی خۆجێیی لە قامیشلووەوە تا رەقە‌و دێرەزور، سەرجەم پێكهاتەكان بە راستی بەشداری دەكەن لە هەردوو بڕیاری سیاسی‌و سەربازی باكووری سوریادا.

توركیا هەڕەشە دەكات‌و سوریاش بە هەمان شێوە، كورد كەوتۆتە نێوان دوو هێزی دژ بەیەك، سەیر لەوەدایە ئەو دوو هێزە دژی یەكن، بەڵام بۆ لێدانی دەستكەوتەكانی كورد‌و هاوبەشەكانیان لە باكووری سوریا یەكیان گرتووە، لەملایشەوە روسیا‌و ئەمریكا رێك ناكەون لەسەر ئەوەی لە سوریا بە گشتی‌و باكوور‌و خۆرهەڵاتی سوریا بە تایبەتی روو دەدات، رەنگە ئەگەر كورد‌و تورك رێك بكەون لەسەر سنووری هاوبەش هەموو ئەو كێشانە یەكلایی ببنەوە، مەبەست لە كێشەكانی نێوان كورد‌و توركیا‌و نێوان كورد رژێمی سوریایە، هەر ئەمەش بوو كە ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی لە لێدوانەكەی ئەم دواییەیدا بۆ (مۆنیتۆر) جەختی لەسەر كردەوە‌و وتی: ئەوان وەك هێزەكانی سوریای دیموكرات لە نیگەرانییەكان تێدەگەن‌و خوازیاری ئاشتییەكن لەگەڵ توركیادا كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوو گەلی توركیا‌و سوریا بكات. ئاماژەی بەوەش كرد، نیازی ئیدارەی خۆجێیی لەو بارەیەوە روون‌و ئاشكرایە‌و خوازیاری ئاشتی‌و ئارامییە، بەڵام لەبەرامبەردا توركیا بەرنامەی دوژمنكارانە‌و فراوانخوازی هەیە بەرامبەر بە گەلان‌و پێكهاتەكانی ناوچەكە.

سەردانە یەك لە دوای یەكەكانی وەفدی ئیدارەی خۆجێیی بۆ مۆسكۆ هیچ ئەنجامێكی نەبوو، رەنگە رێكەوتن لەگەڵ حزبی ئیرادەی گەل باشترین بەرهەمی ئەو جموجۆڵانە بێت، بەڵام ئەوەش بەس نەبوو بۆ ئەوەی روسیا لە لایەنی كوردی نزیك بێتەوە‌و ئەوەندە نەهاتە پێشەوە كە رێگر بێت لە پەلهاویشتنی توركیا لە ناوچەكەدا.

كورد چاوەڕوانی ئەوە لە ئەمریكا دەكات لە سەردەمی جۆ بایدنی سەرۆكی نوێدا ئەمریكا زیاتر لە ئیدارەی خۆجێیی نزیك بێتەوە‌و لەبەرامبەریشدا هەژموونی توركیا كەم بێتەوە، كە تا ئێستاش سوورە لەسەر هەڕەشەكانی لەسەر هاوبەشەكانی ئەمریكادا، بێ ئەوەی خودی ئەمریكاش هیچ فشارێك بخاتە سەر توركیای هاوپەیمانی، ئەو توركیایەی بەردەوام پڕۆژەی كورد بە مەترسی دەزانێت لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، ئەوەش لە كاتێكدایە كە توركیا خۆی هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی كورد‌و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاش لە ناوچەكەدا‌و ئاسایش‌و ئارامی جیهانیشی تێكداوە، كۆمەڵی نێودەوڵەتی‌و ئەمریكاش قڕوقەپیان لێ كردووە.

وتاری زیاتر








شەڕی خوێن ‌و شەڕی سەر كاغەز‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2020-10-19 16:31      73 جار بینراوە










نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو