هیچ كات كوردەواری هێندەی ئێستا دووچار گرفتی كۆمەڵایەتی و دەروونی جۆراوجۆر نەبووە. تەكنەلۆژیا بەتایبەتی تەكنەلۆژیای گەیاندن لەپڕو بەبێ ئەوەی كۆمەڵگا پێی بەپێی لەگەڵیدا خۆی گۆڕی بێت، خۆی كرد بەناوی ماڵی كوردەواری داو شلەژانێكی ئەوتۆی دروست كرد كە هێشتا كوردەواری شۆك بەرینەداوە. لەباتی بچكوك كردنەوەی كێشەكان تەكنەلۆژیا كێشەكانی لە سووچی دیوەخان و سێبەری دیواری و دانیشتنی ناوكۆڵانەكانەوە بە چڕی هێنایە ناو سۆشیالمیدیاوە.
هیچ كۆمەڵگایەك لە دنیادا ئێستا هێندەی كوردەواری هیلاك نیەو دووچاری كێشەو دەردی كۆمەڵایەتی نیە. ئەو دامەزراوەو كەناڵانەی كە لە كۆمەڵگا پێشكەوتووەكاندا ئەركی چاككردنی كۆمەڵگاو چارەسەركردنی كێشەكان و پێشخستنی كۆمەڵگایان لەرووی كۆمەڵایەتی و دەروونیەوە لە ئەستۆیە، لە كوردستاندا بە پێچەوانەوە، ئەو دامەزراوەو كەناڵانە نەك كێشەكان چارەسەر ناكەن، بەڵكو هێندە رۆڵیان خراپە كێشەكان قووڵتر ئەكەنەوە.
كۆمەڵگا خۆرسكانەو بەبێ ستراتیژی حكومەت و دەوڵەت نە كێشەكانی چارەسەر دەبێت، نە دەشتوانێ ببێتە كۆمەڵگایەكی كەم كێشەو پێشكەوتوو. بەڵكو ئەوە دامەزراوەكانی حوكمڕانی و دامەزراوەكانی ترن، بەستراتیژ هەنگاو بە هەنگاو كێشە كۆمەڵایەتی و دەروونیەكان قەتیس و سنووردار ئەكەن و دواتر چارەسەری دەكەن.
حكومەتی هەرێم هەموو كاری بووە بەوەی بتوانێ مووچەی خەڵك بدات، ئەمەشیان ناتوانێ. كایە و بوار و ئەركەكانی تری بیر چووە. لە شەش ساڵی رابردوودا كە وردە وردە بەناوی ئابووری سەربەخۆو تێكدانی پەیوەندی دەستووری نێوان هەرێم و عیراق، ئابووری كوردستان دادەتەپێی و تا گەیشتنە (سەر ساجی عەلی) كێشەكان كەڵەكەبوون و ناڵەباری باری بژێوو نەبوونی و نەداری كوردەواری هەڵتەكاندا.
شەش ساڵ نەبوونی و نەداری كەم نیە، تا خەڵك هیلاك بكەن و كۆمەڵگایش دابڕوخێنێ. ئەو كۆمەڵگایانەی كە ئێستا لە دنیادا داتەپێون هەر بە قۆناغێكی واد تێپەڕیوون و كێشەكان هێندە كەڵەكەبوون تا كۆمەڵگا داتەپیوەو تاك و كۆمەڵ داروخاون.
تاوانە كۆمەڵایەتیەكانی چەند رۆژی رابردوو، حكومەتی هەرێمی جوڵاندووەو دەیەوێ بەهۆی میدیایەوەو بەهەوڵی رووكەشانە هەڵمەتی دژی توندوتیژی بەرپا بكات، ئەم هەوڵە تاو ئاسایانە، جگە لە رووماڵی میدیایی هیچی تر نین، لەكاتێكدا میدیا لە هەرێم بە كارەكانی هەڵەكانی خۆی هۆكارێكە لەهۆكارەكانی قووڵبوونەوەی دەردو كێشە كۆمەڵایەتیەكان.
حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەكانی تر لە جیاتی ریكلام و بەیاننامە و فەیسبوك، با بەراوێژ و هاوكاری دامەزراوەكانی تر، بە كردەوە ستراتیژی چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتیەكان گەلاڵە بكەن، بژێوی خەڵك چاك بكەن و چاكسازی راستەقینە بكەن.