كار، یەكێكە لە تایبەتمەندییە ئەقلانیەكانی مرۆڤ و بە بنەمای شارستانی دادەنرێت. مرۆڤ بۆ ژیان و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی كار دەكات.
لە رۆژگاری ئێستادا لەكوردستان ماوەی چەند ساڵێكە كاركردن بەرەو لاوازی و پوكانەوە رۆیشتووە، كە چەندین هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی كاریتێكردووە.
*مرۆڤ و كاركردن
كاتێك مرۆڤ كار دەكات، ئەوا رێڕەوی پێشكەوتن روو لە گەشانەوەو ئاستبەرزی دەكات و هاووڵاتیان ئاستی بژێوی و خۆشگوزەرانی زیاد دەكات، هەروەها ئەو هەستە لەلای كەسانی ئیشكەر دروست دەكات هەوڵی ئامانجی گەورەتر و بەدەستهێنانی پلەی گەورەتر بدەن و گوێ بۆ راوبۆچوونەكەیان بگرێت، ئەمەش وادەكات مرۆڤەكان هەست بە بوونی پێگە و جێپەنجەی خۆیان بكەن لە بەرەوپێشچونەكاندا، كە بەپەرچەكرداری (فیدباك) ئیجابی و باش كۆتایی دێت.
*مرۆڤ و كارنەكردن
ئەگەرچی كارنەكردن لە زۆربەی بوارەكان: ئابووری و كۆمەڵایەتی جێگای رازیبوون و قبوڵكردن نییە، بەڵام لەهەندێك كاتدا، كارنەكردن لە دەسەڵاتی كەسەكەدا نییە، وەك ئەم بارودۆخەی كە لە كوردستان خوڵقێنراوەو بۆتە هۆكاری پەككەوتنی كەرتەكان و بێئیشكردنی (90 %)ی فەرمانبەران بە هۆكاری خراپ بەڕێوەبردن و نەدانی مووچە و مافە یاساییەكانی فەرمانبەران.
یەكێك لە وتە ئابوورییەكان ئەوەیە كە دەڵێت: «سەختترین كار لە دنیادا كارنەكردنە»، هەروەها پەندێكی كوردی دەڵێت: «شەڕ لە بەتاڵی باشترە»، ئەم وتانە لەڕووی ئابوورییەوە لێكبدرێتەوە دەرخەری ئەوەی كە مرۆڤ بوونەوەرێكی كاركەرە، كارنەكردنی دەیكات بە بوونەوەرێكی داهێزراو.
لە كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەر و مووچەخۆران مرۆڤی بەهێز و بەپێزن، بەڵام بارودۆخی كوردستان وایكردووە كە بێكار و بێ بەرهەم بن كە لە رووی ئابووری و دەروونییەوە كاریگەریی گەورەی خراپی لەسەر دروستبكات، چونكە ئەو توانا جەستەیی و ئەقلیەی كە هەیانە نەتوانن بەگەڕی بخەن، دواجار دەبێتە گرێیەكی دەروونیی و بەسەرچوونی تەمەنی كاركردن و فكر و جەستە.
ئێستا، فەرمانبەران نە بەكاركردن دڵخۆشن، نە بەكارنەكردن، چونكە كاتێك كار دەكەن لەبەرامبەردا مووچە و مافە یاساییەكانیان وەرناگرن، بۆیە وەك پێویست كار ناكەن. هەوروەها دڵخۆش نین بەوەی كار ناكەن، چونكە مرۆڤێكی كارخوازن، كاتێك دەبینن جیدەستیان دیار نییە و ناتوانن كاریگەر و دروستكەر بن لە هیچ بوارێكدا، ئەوا هەست بە ئازاری دەروونی ویژدانی دەكەن.
لە پەندێكی تردا دەڵێت: «ئەگەر ویستت كەسێك بكوژیت، ئەوا بێكاری بكە».