فەتحوڵڵا حسێنی

سوریا لەڕووی سیاسی ‌و جوگرافییەوە پارچە پارچە بووە

  2020-11-30 16:27      67 جار بینراوە        کۆمێنت

سوریا بە سەرجەم پارێزگا ‌و ناوچەكانیەوە ‌و بە سەروەرییەكەشییەوە ئێستا پارچە پارچەیە، ئەویش بەبەر چاوی بڕیاربەدەستانی نێودەوڵەتی‌و ئیقلیمییەوە ‌و بێ ئەوەی تروسكاییەك بەدی بكرێت بۆ یەكگرتنەوە ‌و سارێژبوونەوەی ئەم برینە، لەبەر ئەوە دەكرێ بڵێین ئێستا سوریا لە رووی سیاسی‌و جوگرافییەوە پارچە پارچەیە.

لە رووی جوگرافییەوە سوریا دابەش بووە بەسەر سێ ناوچەدا ‌و دابەشبوونەكەش بۆتە ئەمری واقیع، بەشێكی لەبن دەستی سوپای رژێمی سوریادایە، رژێمیش دەسەڵاتی مەركەزی تا ئێستا لەو ناوچانە پیادە دەكات، بێ ئەوەی دەسەڵاتی راستەوخۆی هەبێ بەسەر ناوچەكانی دیكەدا، ناوچەكانی بن دەستی خۆی ئاڵای سوریای لێ هەڵكراوە، بەشێكی دیكەی سوریا لە ژێر قەڵەمڕەوی كورددایە لەگەڵ پڕۆژەی ئیدارەی خۆجێیی، ئەم بەشە یەك لەسەر سێی خاكی سوریایە‌و لە رووی سەربازییەوە هێزەكانی سوریای دیموكرات بەڕێوەی دەبات‌و هەردوو ئاڵای ئیدارەی خۆجێی‌و كوردیشی لێ هەڵكراوە، دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە بریتییە لە دەسەڵاتی خۆجێیی ئەنجومەنی شارەكانی هەر ناوچەیەك لەگەڵ بوونی نوێنەری سەربازی گونجاو بەگوێرەی رێژەی پێكهاتەكانی شار یان ناوچەكە. جوگرافیایەكی دیكەش لەبن دەستی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی ئیسلامیدایە كە راستەخۆ لەلایەن توركیاوە لە رووی سیاسی‌و سەربازییەوە پشتیوانییان لێ دەكرێت، بێ ئەوەی هیچ پڕۆژەیەكی سیاسییان هەبێت، لە راستیدا ئەم ئۆپۆزسیۆنە سەر بە توركیایە‌و تەنیا نوێنەرێكی كارتۆنییان هەیە بە ناوی حكومەتی هاوپەیمانی كاتی، كە بارەگاكەی لە غازی عەنتابە‌و ئاڵای توركیای لێ بەرزكراوەتەوە‌و زمانی توركیشی تێدا دەخوێندرێ، ئەمەش دزێوترین جۆری پارچە پارچەبوونە كە ماوەی 10 ساڵە ئەو ناوچەیە بەخۆیەوە دەبینێت.

بە پێی ئەو پێدراوانە واقیعی حاڵی سوریا دەوڵەتێكی پارچە پارچەیە ‌و بۆتە سێ دەوڵەتۆچكەی ناكۆك‌و ناڕێك‌و پەیوەندییەكانیان ئاڵۆزیی تێكەوتووە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە رژێمی سوریا لەگەڵ ئەو لایەنانەدا رێك ناكەوێت كە ناوچەكانی دیكەیان بە دەستە.

ئەگەر رژێمی سوریا بەراستی بێت‌و بیەوێ سوریایەكی بەهێز ‌و یەكگرتووی وەكو جاران دروست بكاتەوە دوای ئەو هەموو شەڕو وێرانكارییە، ئەوا دەبێ رژێم هاوبەشی لایەنەكانی دیكەش قبوڵ بكات لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا، بەتایبەتی لایەنی كوردی كە پڕۆژەی هەیە، هەروەها دەبێ پڕۆژەكانی توركیا بە پڕۆژەی داگیركاری سەیربكات‌و بە رێكەوتنی نێودەوڵەتی‌و رازی بوونی ئەمریكا‌و روسیا كۆتاییان پێ بهێنرێت، ئەم خاڵەیان روسیا دەتوانێ دەستپێشخەری تێدابكات بەو پێیەی كە زاڵە بەسەر بڕیاری دیمەشقدا.

ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی كە بە گوێرەی پێدراوەكان روون‌و ئاشكرایە لە ئەستەنبوڵ بەرنامەی بۆ داڕێژراوە هەوڵی دابەشبوونی تایەفی دەدات، ئەویش لە رێگەی لێدانی پڕۆژەی ئیدارەی خۆجێیی كورد بەر لە لێدانی رژێمی سوریا، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێك هێرشی كردۆتە سەر ناوچە كوردییەكان، ئەوەش دەبێتە لەبەر یەك هەڵوەشاندنی سوریا، رژێمیش هیچ هەڵوێستێكی ناڕەزایی‌و ئیدانەكردنی دەرنەبڕیوە.

هاوكات كورد لە رێگەی پڕۆژەی ئیدارەی خۆجێییەوە ویستوویەتی ئەوەندەی كە ماوە لە ناوچە وێرانەكانی سوریا بپارێزێت‌و ناوچەكەی خۆیشی ئاوەدان بكاتەوە كە پێچەوانەی خواستی رژێم‌و ئۆپۆسیۆنی عەرەبیشە، هەر ئەمەش وایكردووە ئەو دوو لایەنە كۆك بن لەسەر لێدانی پڕۆژەی سەرپێ كەوتنەوەی سوریای وێرانە، سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیەی كورد داویەتی لەو ناوچانە، بەڵام وتاری عەرەبی كۆك‌و یەكگرتووە سەبارەت بە دژایەتی كردنی رۆژاڤا.

ئێستا ئەو لایەنانەی كە هەر یەكەیان دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەیەكی دیاریكراودا هەیە، ئەگەر بیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ نەخشەی سوریایەكی بەر لە پارچە پارچەبوون، دەبێ هاوبەشی راستەقینەی هەموو لایەنەكانیان لە بڕیاری سیاسیدا قبوڵ بێت‌و رێكەوتنی سەربازی بپەژرێنن‌و هەیكەلی گشتی سوریا بنیات بنێنەوە‌و دەستبەرداری خەونی دەسەڵاتی تاك حزبی ببن‌و واز لە بیرۆكەی باڵادەستی یەك پێكهاتە بهێنن، هەروەها دەبێ ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی بە تەواوی لە توركیا دابڕێت‌و رۆڵی ناجوامێرانەی توركیا لە سوریادا كۆتایی پێ بهێنرێت‌و داوای لێ بكرێت دەستبەجێ هێزەكانی خۆی لە خاكی سوریا بكێشێتەوە، پاشان ئاسایشی هەر ناوچەیەك لە رێگەی هێزی ناوچەكە خۆیەوە جێگیر بكرێت، جا ئەو هێزە كوردی بێت یان ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی، یاخود هێزی رژێمی سوریا.

وتاری زیاتر








شەڕی خوێن ‌و شەڕی سەر كاغەز‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2020-10-19 16:31      78 جار بینراوە










نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو