د.سەردار عەزیز

مەرگێک لە ئابسەرد

  2020-12-07 21:31      99 جار بینراوە        کۆمێنت

لەدەرەوەی تاران بە ٧٠ کیلۆمەتر، لەچیاکانی دەماوەند، دووشەممەی ڕابوردوو، محسن فەخریزادە مهابادی، لەڕووداوێکی ئاڵۆزی فیلم ئاسادا کوژرا، کەس ئەوەندە لەسەر موحسن نازانێت. لەدایکبووی شاری قوممە. هەندێک دەڵێن ١٩٥٧ و هەندێکی تر دەڵین نەخێر ساڵی دوایی لەدایکبووە، کەسێکی دیار نەبوو، هەتا گۆڤاری فۆرن پۆلەسی لە ساڵی ٢٠١٣ وەک کەسێک کاریگەر پۆلێنی کرد لەئاستی دونیادا، لەبەر رۆڵی لەپرۆسەی چەکی ئەتۆمی ئێراندا، پاشان نەتانیاهو ناوی هێنا. ئەو بەباوکی چەکی ئەتۆمی ئێران لە قەڵەم ئەدرێت، یەکەم کەس نییە لەو بوارەدا کاربکات و بەڕووداوی گوماناویی بکوژرێت، بەڵکو شەشەم کەسە. لەڕاپۆرتی مەرگیدا دیسانەوە باس لەکوشتنی قاسم سلێمانیش دەکرێت. قاسم ئەندازیاری هەژەمۆنیەتی ئیرانی بوو لەناوچەکە، موحسن باوکی ئەو سیستەمەیە کە ئێران دەپاریزێت. ئێران بەبێ چەکی ئەتۆمی ناتوانێت بەئاسانی هەژەمۆنیەتی هەبێت، بەڵام مەرگی فەخریزادە تەنها لەبەر ئەوە نییە کە باوکی چەکی ئەتۆمی ئێرانە، بەڵکو ئاڵۆزی تری زۆر لەو رووداوەدا هەیە، ئەم کوشتنە وەک ئەو مردنانە وەهایە کە لەڕۆمانەکانی ژانڕەی تاواندا دەیخوێنینەوە. 
ئەم مەرگە پڕ توێژاڵە چ لەڕووی کات و شێوازی ئەنجامدان و ئامانج و کاریگەرییەکانی لەسەر هاوسەنگی و رەفتاری هێزەکان لەناوچەکە، بەڵام لەسەرووی هەموویەوە رووداوێکی پڕ لەئاماژەیە بۆ داهاتووی ناوچەکە، بۆ لەئێستادا ئەم کوشتنە روویدا؟ دونیاو ناوچەکە لەڕۆژگارێکی ڕاگوزەردا دەژی. ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکی دژە ئێران، هەڵبژاردنی دۆڕاندووەو کەمتر لەدوو مانگی ماوە لەئۆفیسدا. کۆمەڵێک ئاماژە هەیە کە ئەگەری هەیە ئیدارەی بایدن رێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما ببوژێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل و عەرەبەکان (سونییەکان) بە ئەمە دڵخۆش نین. بۆیە ئامانجی هەرە سەرەکی رووداوەکە کوشتنی فەخریزادە نییە وەک کەس، بەدڵنیاییەوە ئەوە گرنگە، بەڵام بەکارهێنانیەتی وەک کارتی فشار بۆ ئەوەی ئێران ناچاربکرێت پەرچەکرداری هەبێت و لەئەنجامدا ئەو پەرچەکردارە دۆخێکی وەها بهێنێتە ئاراوە کە بایدن نەتوانێت باس لەبوژانەوەی ڕێککەوتنامەکە بکات. دیارە ئەم ڕوانگەیە کە زاڵە بەسەر شیکاریی رووداوەکەدا، بێ کێشە نییە. چونکە ئەستەمە بتوانرێت لەماوەیەکی کەمدا کارێکی وەها ئاڵۆز، مەبەست کوشتنی موحسن، ڕێکبخرێت. 
کەواتە تەنها ڕەنگە ڕێککەوت بێت کە ئەم کوشتنە کەوتووەتە ئەم کاتەوە" ئەم کوشتنە ئێران دەخاتە بەردەم بژاردەی یان بێبژاردەیی سەختەوە. وەڵامدانەوەو وەڵامنەدانەوە هەردوو ئاڵۆزی خۆیان هەیە. نەیارانی ئێران لەناوچەکە لەدۆخێکی وەهادا، ئێرانیان خستوەتە گۆشەیەکەوە هەرچیەک بکات براوە نییە. ئەمە یارییەکی ستراتیژی و سەربازی و جیوپۆلەتیکی سەختە" ئێران لەدۆخێکدایە کە ئەگەر وەڵام بداتەوە، وەڵامەکەشی دژ بە ئیسرائیل بێت، ئەوا بەهانە بە ئیسرائیل دەدات بۆ لێدانی، ئەگەر وەڵام نەداتەوە ئەوا زەمینەی واقیعێک دەخولقێنێت کە ئیسرائیل بەبێ نیگەرانی یان لەبەرچاوگرتنی هیچ مەترسییەک بەردەوام لەئێران بدات نەک لەسوریاو لوبنان و جێگاکانی تر، بەڵکو لە دڵی ئێراندا، لەهەمانکاتدا رووداوەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پلانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئێراندا کارێکی ئاسان و بێ رکەبەر نابێت. 
چۆن کوژرا؟ 
ڕەنگە کوشتنی فەخریزادە یەکەم کوشتنی لەو جۆرەبێت، لەڕووی تەکنیکییەوە. دەتوانین ناوی بنێین کوشتنی AI یان زیرەکی دەستکرد. لەساڵانی ڕابوردودا تەکنەلۆجیا ئەنجامدانی جەنگی بەشێوازێکی ڕادیکاڵ گۆڕی. چیدی جەنگ لەنێوان جەنگاوەراندا بەڕێوەناچێت. بەڵکو جەنگ وەک جۆرێک لەیاری پلەی ستەیشنە. مرۆڤەکان لەجێگا دوورەکانەوە لەشوێنە سەلامەت و بێ مەترسییەکانیان، جەنگەکان لەجێگا دوورەکان بەڕێوەدەبەن. دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لەجەنگی رووبەڕوو پرسێکی گەورەی ئەخلاقی و سەربازی هێناوەتە ئاراوە. کوشتن لەدوورەوە یان بە ڕیمۆت کۆنترۆڵ، کوشتن بە درۆن، هەبوونی توانای چاودێریی ناکۆتا، هەموو وەهایکردوە کە مەیدانی جەنگ بۆ هەمیشە بگۆڕێت، کوشتنی فەخریدزادە بە ئەوجۆرە، دەرخستنی باڵایی تەکنەلۆجیایە، پێش هەموو شتێک. ئەم ئاماژەیە لەهەمانکاتدا دەرخەری ئەوەیە کە ئەو توانایەی کە تەکنەلۆجیا دەیبەخشێت سنووری نییەو ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت. کوشتنی فەخریزادە لەشاری ئابسەرد ئاوێکی سارد بەدڵی نوخبەی سیاسی و سەربازی ئێرانیدا دەدات کە ئەوانە لەبەردەم سیستەمێکی باڵان لەئامرازی جەنگ، بەڵام بوارێکی تری ئێجگار هەستیار جێگای تێڕامانە. ئایا چۆن هێزو لایەنە نەیارەکان دەستیان دەگات بەئەو هەموو زانیارییە هەستیارانە دەربارەی کەسانی گرنگی ناو سیستەمی ئاسایشیی و حوکمداری ئێرانی. بەگشتی چاودێران ئەگەری سێ بژاردە دادەنین. یەکەم، دەکرێت سیستەمی ئاسایشی ئێرانی هێندە شپرزو پەرتەوازەبێت کە بەئاسانی زانیاری دزە بکاتە دەرەوەو هیزە دەرەکییەکان بگەنە ناوی. دووەم، دەبێت سیستەمی ئەلیکترۆنی ئێرانی هێندە لاوازبێت کە بتوانرێت لەلایەن ئەوانیترەوە دزە بکرێتە ناوی هەموو زانیارییەکان ببرێت. سێیەم، دەکرێت لەهەناوی سیستەمی ئاسایشی ئێرانیدا خەڵک هەبێت کە کار بۆ هێزی دەرەکی بکات. دەکرێت هەموو ئەمانە بە یەکەوە بن. بەڵام هەبوونی زانیاریی ورد لەسەر شوێن ون کاتی جوڵەی کەسێکی وەک موحسن دەرخەری ئەوەیە کە زانیاری لە دڵی سیستەمی ئاسایشی ئێرانییەوە دەگاتە دەرەوە. ئەمەش مایەی پەشۆکانە بۆ سیستەمەکەو لەهەمانکاتدا جەنگێکی دەروونی گەورەیە. 
بژاردەکانی بایدن؟ 
بێرنی ساندەرس کرداری کوشتنی فەخریزادەی سەرکۆنە کرد. لەتویتێکدا داوای ئەوەی کرد کە دەبێت دیپلۆماسی ڕێگاچارەبێت، نەک تیرۆر. ئەم هەڵوێستە دەرخەری ئەو دۆخە سەختەیە کە بایدن نەک تەنها لەگەڵ نەیارەکانیدا، بەڵکو لە گەڵ پارتەکەی خۆیدا، تیایدا دەژی. ئەم دۆخە ئاڵۆزە لەو کێشانەدا دەبینین کە لە دەستنیشانکردنی وەزیری بەرگریدا بایدن رووبەڕووی دەبێتەوە. باڵی چەپی دیموکرات نایانەوێت کەسێک ببێت بەوەزیری بەرگریی کە نزیک بێت لەکۆمپانیاکانی چەک و لۆبییەکانی چەک. زۆرجار ڕوودەدات کە کەسانی نزیک لە لۆبییەکانی چەک دەبنە بەرپرسی وەزارەتی دەرەوە. لەسەردەمی ترەمپدا، گەرچی ترەمپ پەیمانیدا کە زۆنگاوەکە وشک بکات، بەڵام دوا وەزیری بەرگریی لە دڵی لۆبیی چەکەوە هاتبوو. ئەو ئافرەتەی کە بایدن نیازی هەبوو بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی دایبنێت بە کەسێکی نزیک لە لۆبی چەکەوە دەبینرا لەلایەن باڵی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتەوە. بۆیە هەتا ئێستا ئەو پۆستە یەکلایی نەکراوەتەوە. بەڵام لۆبیی ئیسرائیلی و سعودی و کۆمارییەکان و فشاری دۆخی ناخۆ ڕێگە نادات بەئاسانی لەماوەیەکی دەستوبرددا پرسی دانوستانی ئێران ببێتە پرسێکی سەرەکی ئیدارەی بایدن. 
وەک کوشتنی فەخریزادە دەریدەخات کە نەیارانی ئێران دەستوەوەستان نابن لەهەنگاوەکانیان و هێشتا مانگ و نیوێک ماوە بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر، دەرئەنجامەکان وەها دیارە ئامانجی نەیارانی ئێران لەناوچەکە ئەوەیە کە بەهەموو شێوەیەک ڕێگریی لەئەوە بکەن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. ئێرانیش ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات لەپێناو بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران وەک قەڵغانێک دەبینرێت کە دەیپارێزێت لەفشارو دەستوەردان و رێگەی بۆ خۆشدەکات هەتا بگەڕێتەوە ناو سیستەمی ئاسایش و ئابووری ناوچەکە. لەدۆخێکی وەهادا ململانێ بەردەوام دەبێت. ئەم ململانێیە بەگشتی بەشێوازی ناڕاستەوخۆ بووە هەتا ئێستا، بەڵام پاش کوشتنی سلێمانی و فەخریزادە وەها دیارە ئێمە بەرەو قۆناغی ڕاستەوخۆ دەچێن، بەڵام بەشێوازێکی تایبەت، لەڕێگای ناڕاستەوخۆوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەسەردەمێکی تایبەتدا دەژی. عەرەب لەناوچەکە زۆرینەن، بەڵام خاوەن هیچ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە نین. ئەم بێدەسەڵاتییەی عەرەب زەمینەی بۆ ئیسرائیل ڕەخساندووە کە ڕۆڵی جەمسەرێکی هەرێمی ببینێت. ئەمەش وەها دەکات کە ناوچە عەرەبیەکان گۆڕەپانی ململانێکان بن. عیراق و سوریا لەم دۆخەدا وەک دوو گۆڕەپانی ململانێ دەمێننەوە. بەگۆڕەپانبوونی ئەم دوو وڵاتە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کورد هەیە.
چەند هەفتەی داهاتوو ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانییە. ئەمریکا بەشێک لەکارمەندانی دیپلۆماسی دەباتە دەرەوە، هەروەها لەهەفتەی داهاتوودا بڕێکی تر لەسەربازەکانی دەکشێنێتەوە. ئێمە لەبەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزداین، ناوچەکە هەتابێت زیاتر ئاڵۆزدەبێت و لەهەمانکاتدا گرنگی بۆ ئەمریکا کەم دەکات.


وتاری زیاتر

عەلمانۆفۆبیا/ ئیسلامۆفۆبیا‬ د.سەردار عەزیز
2021-02-23 12:52      36 جار بینراوە



بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2021-02-14 14:47      40 جار بینراوە



عیراق... داهاتوویەکی رەش‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-26 18:16      59 جار بینراوە



تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-10 20:19      46 جار بینراوە


لەئەمریكا چی ڕوویدا؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-07 10:45      76 جار بینراوە

نالی و چین‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-28 19:24      70 جار بینراوە

پیرۆزی و نوێ؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-27 20:09      73 جار بینراوە

٢٠٢١ خوێندنەوە‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-26 15:15      72 جار بینراوە

فەلسەفەی توڕەیی‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-21 23:22      82 جار بینراوە



کوردستان بەرەو باشوور؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-23 19:15      67 جار بینراوە


رامان لەشەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-16 13:40      71 جار بینراوە

بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-13 12:08      87 جار بینراوە





عیراق و ئەمریکا: کۆتایی پشوو؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-27 15:03      101 جار بینراوە

ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      127 جار بینراوە

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      83 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو