د.سەردار عەزیز

نالی و چین

  2020-12-28 19:24      71 جار بینراوە        کۆمێنت

نالی شاعیر لەشیعرێکدا باس لە چین دەکات. لەم شیعرەدا نالی دەربڕی ئەو ئاگاییە کە لەو سەردەمەدا لەئارادا بووە دەربارەی وڵاتی چین. هەرچەندە شیعرەکە دەربارەی وڵاتی چین نییە بەتایبەتی، بەڵکو یارییەکی زمانەوانییە بە وشەو ناوی چین، نالی دەنووسێت: خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین، کە ناچین، لێرە خۆشە چینی ماچین. برۆت ھەر چین و پەرچەم چین لەسەر چین. ئەمەندە چینە، قوربان، پێم بڵێ چین؟!
ئەم دێرە بۆ من چەند ئاڵۆزییەک لەخۆی دەگرێت دەربارەی ئاگایی ئێمە لەمێژوودا دەربارەی وڵاتێک بەناوی چین. لەشیعرەکەدا چین و ماچین پێکەوە هاتوون. هەتا ئەم دواییەش وەهام دەزانی ئەم چین و ماچینە، بەشێکە لەو تەکنیکی زمانی نەنووسراو، وەک شیعرو میعرو بزن و مزن و ژن و من و زۆری تر. ئەم تەکنیکە بۆ ئەوە داهێنراوە هەتا بەئاسانی ئەزبەر بکرێت، چونکە نووسین بەشێک نەبووە لەکەلتوور، بەڵام پاش کارکردن لەسەر چین بۆم دەرکەوت ماچین مێژوویەکی تایبەتی هەیە. 
لەشیعرەکەدا چین وەک جێگایەکی خۆش دەردەکەوێت، بەڵام لەشیعری سۆفیگەری تایبەت بە مەحبوبەدا هیچ جێگایەک خۆش نییە بەبێ ئەو. شیعری سۆفیگەریی و خۆشەویستی کوردی بەگشتی دەربڕی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و دەروونییە نەخۆشەیە کە ڕێگە بەگەیشتن بەخۆشەویست نادات. بەڵام ئەمە بوارو باسی ئێمە نییە ئەمڕۆ.
چین لەئەدەبیاتی گشتی ناوچەکەدا وەک شوێنێکی دوور دەبینرێت. شوێنێک کە گەیشتن پێی سەخت یان مەحاڵ بێت. ئەمە لەکاتێکدا سەردەمێکی زۆرە ڕێگاو جووڵە لەنێوان چین و ناوچەکەدا بوونی هەیە، ئەوەی کە پێی دەڵێن رێگا یان رێگاکانی ئاورێشم.
چین ناوێکی سەیرە. وەها دەردەکەوێت یان وەها ناسراوە کە ناوێكی دێرین بێت. بەڵام بەگشتی ناوێکی نوێیە. ئەوەی باوە ئەوەیە کە ناوی چین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بنەماڵەی چینگ، لەڕاستیدا چینگییەکان چینی نەبوون، لەناوەوەی ئاسیاوە هاتبوون و ئەو سەرزەمینەی کە بە چین ناسراوە بەشێک بوو لەئیمپراتۆرییەتەکەیان.
بڵ هەیتۆن لەکتێبە نوێکەیدا بەناوی داهێنانی چین، دەڵێت "هەتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەش چین وەک ناوی شوێنێک تەنها لەئاگایی بیانییەکاندا هەبوو"، نەک چینیەکان خۆیان. ئەم پرۆسەی داهێنانە تەنها چینیەکان نەیانکردووە بەڵکو هەموو ئەو وڵاتانەی کە لەئیمپراتۆرییەتەوە گۆڕاون بۆ دەوڵەت نەتەوە هەوڵی ئەم فێڵەیان داوە. تورکیا یەکێکە لەنموونە دیارەکانی وەک چیناسی تورکی مارکسی عارف دیرلیک باسی دەکات. 
ناوی چین یەکەمجار لە پورتوگالییەکانەوە داڕێژراوە. دورات باربۆسا لەساڵی ١٥١٦ وشەی چینی بەکارهێناو لەساڵی ١٥٥٥ ریتچارد ئیدن ئەم کارە وەردەگێڕێت بۆ ئینگلیزی. ئەم کارەی باربۆسا ١١١ ساڵ پێش باڵادەستی بنەماڵەی چینگ دێت بەسەر چیندا.
ئەو ماچینەی کە نالی بەکاریدەهێنێت لە مانجییەوە هاتووە. وشەکە لەزمانی چینیدا مانزییە، کە مانایەکی ناشیرینی هەیەو بەمانای بەربەرییە باشوورییەکان دێت. ئەم وەسفە لەلایەن هانەکانەوە بۆ ئەوانە بەکاردەهێنرا کە هان نەبوون. هانەکان زۆرینەی خەڵكی چینن، کە نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن کەسن. ئەمە لەو سەردەمەدا کە چین دابەشبووبوو لەنێوان بنەماڵەی جین و بنەماڵەی سۆنگ لەباشوور. مارکۆپۆلو مانزی کردوە بەمانجی و لەڕێگەی ئەوەوە گەیشتووەتە ئەوروپا. وەها دیارە ئەم ناوە لەئەوروپاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووە، وەک زۆر ناوی تر.
مێژووی ئەم ناوە چەند خەسڵەتێکی مێژوو کەلتوورو جوڵەی مرۆیی و مەعریفیمان بۆ دەردەخات. یەکەم، بەکارهێنانی نالی مانای ئەوەیە ئەو وەک کەسێک بەئاگای سەردەمی خۆی بە ئاگابووە لەبوونی ئەم ناوە. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەم ناوە بوونی هەبووە لەکەلتوورەکانی ناوچەکە وەک عەرەبی و فارسی بەتایبەت. دەزانین کە ئیبن بەتوتە بەکاریهێناوە. دووەم، پرۆسەی ناونان و ناسینەوە چۆن بەرهەم هاتووە لەمیانەی کەسەکان و کەلتوورەکان و زمانەکانەوە. سێیەم، چۆن ئەم مێژووە ئەمڕۆ لەمیانەی هەڵکشانی چیندا وەک هێزێکی گەردوونی جارێکی تر بەرهەم دێتەوە. لەمیانەی کارکردنم لەگەڵ هاوەڵە چینیەکەمدا ئەوەم بۆ روونبووەوە کە چۆن چین لەپانتاییەکی ئەفسانەییەوە دەگۆڕێت بۆ یەکەیەکی ئایدەلۆجی و پاشان بۆ خەسڵەتی جۆرێک لەکاڵاو لەداهاتوودا دەبێتە یەکەیەکی سیاسی. بەڵام ئایا ئێمە دەتوانین دەستبەرداری فەنتازیاو ئایدەلۆجیا ببین لەتێگەیشتن لە چین لەقۆناغی سیاسی و ئابووریدا، بۆئەوەی بتوانین باشتر لەزلهێزەکانی تر مامەڵەی لەگەڵدا بکەین؟؟
ناو راستەوخۆ پەیوەستە بەشوناسەوە. ناوی چین ئەمڕۆ وەها بەرهەم دێت کە دەربڕی خەڵك و وڵات و مێژوو و شارستانی و گەلێک بێت کە چەندین هەزار ساڵە وەک شارستانیەتێک پێکەوە دەژین، ئەمە کرۆکی پرۆژەی ناسیونالیزمی چینیە، لەبیرمەندی مارکسی ئیریک هۆبسباومەوە فێردەبین کە ڕابوردوو بەپێی پێداویستی ئێستا بەرهەمدەهێنرێتەوە. ئەم دیاردیدەیە لەسەدەی هەژدە دادەهێنرێت . ئەمە لەمیانەی هەوڵی تێگەیشتنی ئێمە بۆ تێگەیشتن لە چین وەک زلهێزێک گرنگە، چونکە ئەگەر بەئاسانی تەسلیمی بین ئەوا ئەو تراژیدیایە دووبارە دەکەینەوە کە هەتا ئەمڕۆ لەگەڵ زلهێزێکی وەک ئەمریکادا هەمانە. کیسنجەر لەحەفتاکان لەدانیشتنێکدا لەگەڵ باڵویزی ئەمریکا لە ئێران دەڵێت دەمەوێت پرسی کورد وەک برینێکی سارێژ نەبوو بمێنێتەوە. برینی سارێژنەبوو دەربڕینێکی شاعیرانەی ناو دونیای پڕ لەناڵەو بۆڵەی کوردییە، بەڵام لەئاستی جیوپۆلەتیکیدا هێندە شاعیرانە نییە، بەداخەوە. لێرەدا گەر بەخێرایی ئاماژەی پێبدەم، بیرکردنەوەی شیعری کە بەسەر دونیای ئێمەدا زاڵە بیرکردنەوەیەکی مناڵانەیە.
ماچین لەمیانەی تێگەیشتنی ئێمەدا بۆ چین تەنها ناوێکی تر نییە، یان دەربڕینێک نیە بۆ خەڵکانێک، یان خۆ بەباڵازانینی هانەکان نییە بەسەر ئەوانی تردا. بنەمای دیدی مەملەکەت ناوەند یان ناوەندی دونیا نییە. بەڵکو بەشێکە لەپرۆسەی ناونان و جیاکاریی و خودبینین و پەیوەندی بە ئەوانی ترەوە. 
ئێمە جۆرێکین لە ماچین بۆ چینی ئەمڕۆ. لە بە زلهێزبوونی چیند دەبێت ئێمە بەمێژوو و پرۆسەی مێژووگەرێتی و ناسیونالیزمی ئەو وڵاتەدا بڕۆینەوە. بەبێ ئەنجامدانی کارێکی وەها ناتوانین لەڕەفتاری ئەو وڵاتە تێبگەین. 
گەر بگەڕێینەوە بۆ شیعرەکەی نالی، ئێمەی چیدی بژاردەی ئەوەمان نییە نەچین بۆ چین. ئەگەر نەشچین، ئەوا چین دێت بۆ لای ئێمە. لەهەمانکاتدا ئێمە بژاردەی ئەوەمان نییە کە مەحبوبە بگۆڕینەوە بۆ چین، چین لەپرۆسەی پەلهاوێشتنیدا خۆی لەهەناوو دەوری ئێمە دەپێچێت. چیدی بیرکردنەوەی سۆفیانەو عاشقانەو سێکسیانە دەردەی ئێمە دەوا ناکات. ئێمە بەڕەجاڵی لەدونیاداین. دەکرێت ئەم پاشخانە بەکاربێت بۆ ئێستاو داهاتوو، وەک بنەمایەک بۆ دەسەڵاتی نەرم. بەڵام ئەمیش کوڕی خۆی دەوێت. 
دەکرێت نالی وەها لێبکەین لەئەمڕۆدا
خەتا نییە بفەرمووی خۆشە چین و ماچین. کە ناچارین بچین چیدی لێرە خۆش نییە، چینی بێ چین. کراست ھەر چین، دەرپێت هەر چین و چین لەسەر چین. ئەمەندە چینیە، قوربان، پێم بڵێ چییە چین؟!

وتاری زیاتر

عەلمانۆفۆبیا/ ئیسلامۆفۆبیا‬ د.سەردار عەزیز
2021-02-23 12:52      36 جار بینراوە



بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2021-02-14 14:47      40 جار بینراوە



عیراق... داهاتوویەکی رەش‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-26 18:16      59 جار بینراوە



تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-10 20:19      46 جار بینراوە


لەئەمریكا چی ڕوویدا؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-07 10:45      77 جار بینراوە

پیرۆزی و نوێ؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-27 20:09      74 جار بینراوە

٢٠٢١ خوێندنەوە‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-26 15:15      73 جار بینراوە

فەلسەفەی توڕەیی‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-21 23:22      82 جار بینراوە


مەرگێک لە ئابسەرد ‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-07 21:31      99 جار بینراوە


کوردستان بەرەو باشوور؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-23 19:15      67 جار بینراوە


رامان لەشەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-16 13:40      71 جار بینراوە

بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-13 12:08      87 جار بینراوە





عیراق و ئەمریکا: کۆتایی پشوو؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-27 15:03      101 جار بینراوە

ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      127 جار بینراوە

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      83 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو