شوان كەریم كابان

رەوایی و ناڕەوایی!

  2021-01-09 17:20      98 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمەریكا تەمەنی چەند ساڵێك لەتەمەنی شاری سلێمانی زیاترە، بەڵام لەو تەمەنە كورتەیدا لەچاو وڵاتانی تردا، هاوشانی بەشێكی زۆری وڵاتان بەشدارییەكی گەورەی لەخزمەتی مرۆڤایەتیدا كردووە. لەبواری چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی و گرنگیی چەسپاندنی یاسا رۆڵی گەورەی گێڕاوە. لەداهێنانی شێوازێكی نوێی سیاسەت كردن نەخشی هەبووە، دەیان داهێنان و دۆزینەوە لەسێ سەدەدا لەم وڵاتە بووە. لەبواری هونەرداو بەتایبەتیش هونەری حەوتەم، سینەما، پێشەنگە، لەزانستدا هەروەها، لەتەنكنەلۆژیاو پیشەسازیدا بەهەمان شێوە، لەبواری ئابووریدا تائێستا لەپێشەوەی جیهانە، لەبواری سەربازیشدا یەكەمی جیهانەو هەروەها زۆربەی بوارەكانی تر، بەڵام ئەم وڵاتە چەند ساڵێكە بەهۆی سیاسەت و هەڵسوكەوتی هەندێ لەسیاسەتمەدارو دەسەڵاتدارەكانییەوە، تووشی گلەیی و گازەندەی زۆر بووەتەوە لەسەر ئاستی دونیاو ناوخۆش، بەتایبەت لەم چوار ساڵەی رابوردوودا كە دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆكی ئەمریكا. ترەمپ لەو چەند ساڵەدا ژمارەیەكی زۆری نەیاری تری بۆ سیاسەتەكانی ئەمریكا دروستكرد، دەیان سزای نوێی بەسەر چەندین وڵاتدا لەچەندین بواردا سەپاند، دوژمنایەتییە لەمێژینەكەی بەسەپاندنی زنجیرەیەك سزا بەسەر روسیای فیدڕاڵدا تازەكردەوە، دوژمناییەتی ئەمریكای لەگەڵ ڤینزوێلاو ئێرانی گەیاندە ئاستی تەقاندنەوە، لەگەڵ كۆریای باكوور نەگەیشتە هیچ دەرەنجامێك. لەناوخۆی ئەمریكادا دوژمنایەتی لەگەڵ نەیارەكانیدا تۆخ كردەوە، لەگەڵ حیزبی دیموكرات، لەگەڵ روژنامەنووساندا، لەگەڵ رەش پێست و كۆچبەرەكاندا. هەموو ئەمانە وایكرد ترەمپ سەرۆكێكی جیاوازتر بێ لەسەرۆكەكانی تری ئەمریكا تا ئەو رادەیەی لێبووردنی بۆ ژمارەیەك تاوانباری كۆمپانیای سیكیوریتی بلاك ۆتەر دەركرد كە تاوانباربوون بەكوشتن.
ترەمپ هێندە جیاواز بوو، پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەئەمەریكا بەشكەوە باسی لەوە دەكرد كە بەئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات بێ و هەروا كۆشكی سپی بەجێ بێڵێ!
سەركێشییەكانی ترەمپ و دەرەنجامی تویتە سەرنجڕاكێشەكانی لەسەر تویتەر  لەگەڵ ئاشكرابوونی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەركەوت كاتێك روونبووەوە جۆ بایدن لەپێش ئەوەوەیەو كەوتە لێدانی قەوانی بوونی ساختەكاری و گوایە گەورەترین ساختەكاری لەمێژووی ئەمریكادا لەهەڵبژاردندا كراوەو دەیان شكاتی تۆماركردو چووەوە بەگژ  فەرمانداری چەندین ویلایەتدا لەسەر ئەوەی بەقسەیان نەكردو كارەكەی گەیاندە ئەوەی داوای لەلایەنگرانی كرد، رۆژی كۆبوونەوەی كۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن كە جۆ بایدن براوەی بوو، لە واشنگتۆن گرد ببنەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و رێگری لەپەسەندكردن. 
رۆژی شەشی كانونی دووەمی ٢٠٢١ رۆژێكی رەش بوو لەمێژووی سیاسی و دیموكراسی ئەمریكادا، ئەو رۆژە بەشێك لەلایەنگرانی ترەمپ لەباخچەی پشتەوەی كۆشكی سپی كە نزیكی كاپیتۆڵ هۆڵ- كۆنگرێسە- كۆبوونەوە. رێكخەرانی كۆبوونەوەكە پێش هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ گوتارخوێندنەوە وەك بەشدارییەك لەو ناڕەزایەتییەدا، موزیك و گۆرانییان لێدەدا، ئەوەی جێی سەرنج بوو یەكێك لەو گۆرانییانە، گۆرانییە بەناوبانگەكەی خانمە گۆرانینێژ سیلین دیۆن بوو كە بۆ فیلمی بەناوبانگی تایتانیك گوتبووی، وەك ئەوەبوو بڵێن ئەوە هەم پاپۆڕەكەی ترەمپ، هەم ئەوەی دیموكراسی ئەمریكاش وا نوقم دەبن، لەڕاستیشدا هەروابوو. پاش گوتارەكەی ترەمپ و بەخشی بەوەی دەیان تۆمەت و سووربوونی لەسەر ساختەكاری لەهەڵبژاردن و ئامادەنەبوون بۆ دەستبەردار بوون لەكورسی سەرۆكایەتی و تەوابوونی گوتارەكەی، ئامادەبووانی گردبوونەوەكە بەرەو بینای كۆنگرێس كەوتنەڕێ و هەموو بەربەستەكانیان شكاندو چوونە نێو كۆنگرێس كە لەكۆبوونەوەدا بوو ئەندامانی كۆنگرێس بەپەلە پروسكێ خۆیان دەربازكردو لایەنگرانی ترەمپیش كەوتنە بڵاوكردنەوەی كەلوپەلی نێو هۆڵ و ژورەكان و شكاندنی دەرگاو پەنجەرە، بەمەش ترەمپ و لایەنگرەكانی رۆژێكی رەشیان لەمێژووی ئەمریكادا تۆماركردو بوونە جێی رەخنەی توندی ئەمریكییەكان و سەرجەم دونیا. ئەوی روویدا رووداوێكی ئاسایی و سەرپێیی نەبوو، ئەوە بەرهەمی ئەو سیاسەتەی ئەمریكا بوو كە لەچوار ساڵی رابوردوودا پیادەی دەكرد. ئەگەر ئەوەی ترەمپ دەرهەق وڵاتەكەی و دیموكراسییەت و سیستمی سیاسی وڵاتەكەی لەشەشی كانوندا كردی رەوابێ، ئەوا ئەوەی لەچوار ساڵی رابوردوودا كردوویەتی رەوایە! گەر ناڕەواشە، كە بێگومان وایە، ئەوا هەرچییەكی دەرهەق ئەمریكییەكان وڵاتانی دونیا كردووە، ناڕەوایەو لەڕاستیشدا گەمییەكەی ترەمپ و دیموكراسی ئەمریكا  پێكەوە نوقم بوون!

 

وتاری زیاتر


هیوادارم وابكەن!‬ شوان كەریم كابان
2021-04-11 23:45      60 جار بینراوە

خەباتی سەردەمی نوێ!‬ شوان كەریم كابان
2021-04-03 14:15      59 جار بینراوە

















شەمسەو لەتیفەو مەریخ!‬ شوان كەریم كابان
2021-02-22 17:05      78 جار بینراوە

عەلەتریكەكەی كەریم كابان‬ شوان كەریم كابان
2021-02-20 19:34      73 جار بینراوە


ئەوەی روودەدات وەرزش نییە!‬ شوان كەریم كابان
2021-02-14 17:03      84 جار بینراوە

نموونەیەكی زیندوو‬ شوان كەریم كابان
2021-02-13 18:33      80 جار بینراوە


شەهیدان لەبیر مەكەن ‬ شوان كەریم كابان
2021-01-30 22:05      108 جار بینراوە


داعش لەفیلمێكی نوێدا! ‬ شوان كەریم كابان
2021-01-12 17:41      103 جار بینراوە

چارەسەر بدۆزنەوە!‬ شوان كەریم كابان
2021-01-02 21:23      133 جار بینراوە

ساڵێكی تری پڕ نەهامەتی!‬ شوان كەریم كابان
2020-12-26 15:49      96 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو