ئارێز عەبدوڵڵا

نەوت لەنێوان دەستوورو مووچەدا

  2021-01-11 19:18      52 جار بینراوە        کۆمێنت

لە دوای پەسەندكردنی دەستووری عیراقەوە، تا دێت كێشە سیاسی‌و یاساییەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا كەڵەكە و قوڵتر دەبنەوە، بەڵام ئێستا لە هەمووان پتر باسی كێشەی نەوت دەكرێ، چونكە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان‌و قوتی خەڵكەوە هەیە، دەنا چەندین كێشەی گەورەتر هەن بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.

مانەوەی كێشە هەڵواسراوەكان بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی خەڵك‌و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نین، چونكە چارەسەر نەبوونیان بێ هۆكار نییە، ئەو هۆكارانیش تا دێت گەورەتر و ئاڵۆزتر دەبن.

ماددەكانی (65، 112، 140)ی دەستور جێبەجێ نەكراون‌و كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەتی عیراق هەمیشە بە دەستی دەستی پێكردن‌و سستی نواندن خۆیان لە جێبەجێكردنیان دزیوەتەوە!.

ئەوەی دەمەوێ لێرەدا باسی بكەم كێشەی نەوتە، كە هەردوو ماددەی (111 و 112)ی بۆ تەرخانكراوە. نە هەرێم‌و بەغداش كێشەیان لەسەر ماددەی (111)دا نییە، بەڵام كێشەكە لە ماددەی (112)دایە. پێویستە لە ژێر رۆشنایی ئەو ماددەیە یاسایەك دەربكرێت، كە ماف‌و ئەركی حكومەتی فیدراڵی‌و هەرێم‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت دیاری بكات. ئایا بۆچی بە تێپەڕبوونی ئەو هەموو كاتە ئەو یاسا گرنگە دەرنەكراوە؟.

دەستی دەستیان بەو بابەتە دەكرد
وەڵامی ئەو پرسیارە قورس نییە، ئەگەر بە وردی هۆكارەكان هەڵسەنگێنین:

1 – بەداخەوە، هەر لەسەرەتای دامەزراندنەوەی عیراقی نوێوە، هەندێك لە لایەنە سیاسییە كاریگەرەكانی عیراق بڕوایان بە فیدراڵی‌و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان نەبووە، بەڵام ئەوكات هەلومەرج ناچاری كردن دەستورەكە پەسەند بكەن، بۆیە دواتر بە خشكەیی خۆیان لە جێبەجێكردنی ئەو ماددەو بڕگانە دەدزییەوە كە جێگای بڕوایان نەبوو و ئێستاش هەر واخۆیان لێی دەدزنەوە!.

2 – دیسان بەداخەوە، حكومەتی هەرێم لەبەر بەرزە فڕی خۆی‌و لێكنەدانەوەی هەلومەرجە ناوخۆیی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتیەكان، رێكەوتنیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لەسەر دۆسێی نەوت بە هەند هەڵنەگرت.

3 – لایەنە سیاسییە عیراقیەكان لەناو حكومەتی فیدراڵیدا دەستی دەستیان بەو بابەتە دەكرد تا ئەو كاتەی عیراق بە هێز دەبێتەوەو دەتوانێ مەرجەكانی خۆی بەسەر حكومەتی هەرێمدا بسەپێنێ.

4 – حكومەتی هەرێم بە پاساوی ئابووریی سەربەخۆ و گەیشتن بە بازاڕی نەوتی جیهانی، كورتبینانە هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئەم دۆسێیەدا كردو بە دوای دەرفەتی لەبارتر دەگەڕا تا زیاتر و باشتر كۆنترۆڵی ئەو كەرتە ستراتیژییە بكات.

لێرەدا ئاشكرا دیارە چ حكومەتی فیدراڵی‌و چ حكومەتی هەرێم نیەت‌و ئامانجی رێكەوتنێكی دەستووریان نەبووە كە لە بەرژەوەندی هەردوو لایەن‌و گەلانی كوردستان‌و عیراق بێت.

لەكاتی خۆیدا بە سازشكردنێكی بچووك لەسەر ئەم دۆسێیە دەكرا هەم چارەسەر كرابایەو هەم دەرگای چارەسەری كێشەیەكی دەستووری دیكەش كرابایەوە.

خراپ مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كەرتی نەوتدا
دیارە ئێستا حكومەتی هەرێم سەربەخۆ نەوتەكەی دەفرۆشێ، بەڵام داهاتەكەی بەشی پێویستەكان نییە، بۆیە دوای دابەزینی نرخی نەوت توشی ئەو قەیرانە داراییە بوو.

لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین جار سەبارەت بەو كێشەیە رێكەوتن لەنێوان هەرێم‌و بەغدا كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رێككەوتنەكان لەژێر رۆشنایی یاسا نەبوون بە پابەند نەبوونی هەر لایەنێك رێكەوتنەكانیش پوچەڵ بوونەتەوە. ئێستا كار گەیشتۆتە ئاستێك باسی دەركردنی ئەو یاسایە هەر ناكرێ كە كاروبارەكانی ئەو كەرتە بە ئەرك‌و مافەكانەوە دیاری دەكات، بەڵكو قسە لەسەر رادەستكردن‌و رادەستنەكردنی نەوتە. ئایا نەوت رادەستبكرێ یان نەكرێ لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە؟.

رادەستكردن‌و رادەستنەكردن بابەتێكی سادەو رۆژانەیی نییە، بەڵكو پەیوەندی بە دوا رۆژی گەلی كوردستان‌و مافە دەستووریەكانیەوە هەیە.

خراپ مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كەرتی نەوتدا بە تایبەت نەبوونی بەرچاو روونی لە داهاتەكان، خەرجییەكان‌و بەندە شاراوەكانی پشتی گرێبەستەكان هەم خەڵكی كوردستان‌و هەم عیراقیشیان نیگەران كرد. نیگەرانی خەڵكی كوردستان ناڕەزایەتی‌و بێ متمانەیی لێكەوتەوە، نیگەرانیەكانی عیراقیش بوونە پاساوێكی بەهێز لە دەستی ئەو لایەنانەی كە خۆیان لە هەرێمی كوردستان لە بۆسەناوەو دەیانەوێ لە بچوكترین دەرفەتدا لانیكەم بەشێك لە دەسەڵات‌و مەفەكانی كەم بكەنەوە. حكومەتی هەرێم بە سیاسەتە نەوتییەكەی خۆی‌و گەلی كوردستانیشی رووبەڕووی سەر ئێشەو قەیرانگەلێكی زۆر كردەوە، كەچی نەك هەر ئامادە نییە دان بەو راستییەدا بنێت، بەڵكو دەیەوێت درێژەشی پێ بدات. سەیرەكە لەوەدایە هێشتا پێیوایە بۆرییە نەوتەكەی بە رێگایەكی بێ مەترسی‌و گرێبەستەكانی فرۆشتنی بە ستانداردی جیهانین، كە ئەوانەش وانین.

نەوت رادەست بكرێت یان نا؟
دیارە تا ئێستا كار نەگەیشتۆتە سەر ئەوەی عیراق حكومەتی هەرێم ناچار بكات هەموو نەوتەكەی رادەست بكات، بۆیە ئەگەر رێكەوتنێك لەسەر رادەستكردنی بڕێكی دیاریكراو بكرێ كارێكی باشە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە هەر رێكەوتن كراو هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە دۆخی جاران‌و قەیرانە داراییەكەی دەرباز دەكات، چونكە:

1 – حكومەتی عیراق خۆی لە قەیرانێكی ئابووری‌و دارایی گەورەدایە.

2 – قەیرانە ئابووری‌و داراییەكەی هەرێمی كوردستانیش هێندە گەورەیە بە ساڵێك‌و دووان چارەسەر ناكرێت.

كەواتە لەسەر حكومەتی هەرێمە كە شان بە شانی رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی هەوڵە ناوخۆیەكانیشی چڕ بكاتەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی داهاتەكانی، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی‌و دارشتنی پلانی ستراتیژی.

نەدانی مووچەی مووچەخۆران پەیوەندی بەو قەیرانە داراییەوە هەیە كە حكومەتی هەرێم تێیكەوتووە. دیارە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێم بەتایبەت‌و عیراقیش بەگشتی نەوتە، بۆیە كاتێك نرخی نەوت دادەبزێ یان رێگای هەناردەكردنی لێدەگیرێ قەیرانی دارایی دروست دەبێ. بۆ دەربازكردنی حكومەتی هەرێم لەم قەیرانە دوو سیناریۆ دەبینرێن:

دوو سیناریۆ هەیە

یەكەم: ئەگەر مەرجەكانی هەرێم لە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا لەبەرچاو نەگیرێن ئەوا هەرێم نەوتەكەی خۆی دەفرۆشێ‌و داهاتەكەی هەرچەندە بوو، ئەوەندەش دابەش دەكات.

دووەم: رێكەوتن لەگەڵ بەغدا بە جێبەجێكردنی مەرجەكانی ئەوان.

ئەو دوو سیناریۆیە هەردووكیان خراپن، چونكە نە قەیرانە داراییەكە چارەسەر و نە كێشەی نەوتیش لە بنەڕەتەوە چارەسەر دەكرێ. كەواتە پێویستە بەدوای رێكەوتنێكی مامناوەنددا بگەڕێین‌و یاسای نەوتیش بێنینەوە بەر باس، بۆ ئەوەی كێشەكە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێ.

هەندێ كەس دەڵێن ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتەكە رادەست بكات، ئەوا قەیرانە داراییەكە چارەسەر دەبێت‌و مووچەی مووچەخۆرانیش دەدرێت!. ئەو جۆرە هەڵویست‌و قسانە زۆر بێ بنەمان‌و كارێكی لەو جۆرەش مافێكی دەستووریی خەڵكی كوردستان لەبار دەبات.

هەندێكیش دەڵێن ئەگەر عیراق رێكنەكەوێت، ئەوا سەربەخۆ نەوتەكەمان دەفرۆشین، ئەو قسە و هەڵوێستانەش بێ بنەمان، چونكە فرۆشتنەكە نە جێگیر و نە هەمیشەییە، بەم نرخەی ئێستای نەوتیش هەرێم هەرگیز ناتوانێ قەیرانەكەی چارەسەر بكات. لەبەر ئەم هۆكارانەی سەرەوە باشترین بژاردە رێكەوتنێكی یاسایی‌و دەستوورییە بە شێوەیەكی هەمیشەیی.

وتاری زیاتر

حکومەت و سەروپێ!‬ ئارێز عەبدوڵڵا
2021-01-16 23:34      84 جار بینراوە

لەنێوانی ھەولێرو بەغدا!‬ ئارێز عەبدوڵڵا
2020-12-21 17:29      61 جار بینراوە


درۆزن!‬ ئارێز عەبدوڵڵا
2020-09-26 20:24      123 جار بینراوە

رۆژئاوا، یان رۆژئاوابوون؟‬ ئارێز عەبدوڵڵا
2018-12-26 12:17      112 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو