زۆربەی وڵاتان، بەتایبەتی فرۆشیارانی نەوت، بەخۆشحاڵی و گرنگییەوە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەڕوانن، تەنیا هاوڵاتیانی ئاسایی كورد نەبێت، بۆچی؟
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئێستادا، بۆ حكومەتی عێراق دوو سود و گرنگی هەیە:
یەكەم، دوای دابەزاندنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار ئەوا لەكاتی گۆڕینەوەی دۆلار بەدینار بەڕێژەی لەسەدا 25 قازانج ئەكات، چونكە عێراق لەفرۆشی نەوت دۆلار وەردەگرێت و دەیگۆڕێتەوە بەدینار، ئەمەش وا دەكات بەرامبەر بەمانگەكانی پێشوو لە هەر سەد دۆلارێك 27 هەزار دینار سودی زیاتر دەسبكەوێت.
دووەم، ماوەی هەفتەیەكە بە بەردەوامی نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، ئەمڕۆ دووشەمە گۆڵدمان ساكس (NYSE:GS) ڕایگەیاند و پێشبینی ئەوەی كرد لەم ساڵدا نرخی نەوت بگاتە 65 دۆلار، كە ئەمەش بۆ وڵاتێكی وەك عێراق كە تاڕادەیەك فرۆشتنی نەوت شەفافە و وەزرەتی دارایی ئاگاداری تەواوی فرۆشتنی نەوتە و دەتوانن لەسەر بنەمای داهات، كاروباری وڵات زیاتر ڕێكبخەنەوەو موچەش لەكاتی خۆیدا بدا. ئەگەرچی مووچەخۆرانی عێراق ناڕاستەوخۆ بەهۆكاری دابەزاندنی دینار بەرامبەر دۆڵار بەڕێژەی لەسەدا 25 زیانیان بەردەكەوێت، بەڵام باشی ئەوەیە كە دەتوانرێت لەكاتی خۆیدا موچە وەربگرن.
-هاوڵاتیانی كوردستان لە دامێنی نرخی نەوتدا
لەگەڵ هەرگۆڕانكارییەك لە بەرزبووەنەوەی نرخی نەوتدا، ڕاستەوخۆ هاوڵاتیانی كوردستان بەسەرسوڕمانەوە پرسیار دەكەن، چی سودی بۆ كورد و بەتایبەتی مووچەخۆران هەیە، هەر خۆشیان وەڵامدەدنەوە و دەڵێن هیچ...!
دەپرسین باشە بۆ بەرزی نرخی نەوت سودی بۆ كورد نییە؟
لەبەر ئەوە كاتێك نرخی نەوت 28 دۆڵار بوو هەروەك ئێستا مووچەی بەدوومانگ دابەشدەكرا، ئێستا كە نرخی نەوت بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە، لەهەمان كاتدا لە گۆڕینەوەی دۆلار بەدینار حكومەتی هەرێم سودمەندی یەكەمە، لەبەرامبەردا نەدەتوانێت مووچە لەكاتی خۆیدا بدات، نەدەشتوانێت دەست لە بڕینی ڕێژەی مووچە هەڵبگرێت. هەروەها فرۆشتنی نەوت لەكوردستان شەفاف نییە، بۆیە هاوڵاتیانی كوردستان بەتایبەتی موچەخۆران زەرمەندی یەكەمن چونكە دابەزانی نرخی دینار بۆتە هۆكار بۆ بەرزكردنەوەی نرخی كاڵاو شتومەك و هەروەها مووچەشیان لەكاتی خۆیدا پێنادرێت.
كەواتە بەرزی نرخی نەوت بەهاوڵاتیان كوردستان چی؟