د.سەردار عەزیز

خوێندنەوەی ئاهەنگی بە سەرۆک بوونی بایدن

  2021-01-24 15:10      58 جار بینراوە        کۆمێنت

لێرەدا میتۆدی دیکۆدینگ بەکاردەهێنین. دیکۆدینگ بەمانای هەوڵدان بۆ کردنەوەی کۆدەکان. ئەم هەوڵە لەسەر ئەو زەمینەیە وەستاوە کە دیاردەکان هەڵگری کۆدن. لەکۆدەکاندا پەیام هەیە. ناسین و خوێندنەوەی ئەم پەیامانە گرنگن بۆ تێگەیشتن لەگوتارو رەفتاری کەسەکان، هەروەها ئامانجی سیاسییان.
ئاهەنگی سیاسی یان سیرەمۆنی، رووداوێکی تایبەتە، کە لەساتەوەختی تایبەتدا روودەدات، ساتەوەختی وەک ناشتنی مردوو، گواستنەوەی دەسەڵات، سەرکەوتن، یاریی و بۆنەی وەرزشیی. لەم ساتەوەختانەدا کەسانی سیاسی هەوڵدەدەن کە جەماوەرەکەیان بدوێنن و وێنای تایبەت بۆ خۆیان دروست بکەن. ڕەگی ئەم دیاردانە زۆر کۆنن. جیوفری سومی کتێبێکی دەربارەی دەسەڵات و سیرەمۆنی لەسەردەمی رۆمانەکاندا نووسیوە. بە گشتی ئەم ساتەوەختانە ساتەوەختی هەستیاریین، بەو مانایە یان کاتی خۆشین، یان ناخۆشی یان دەربڕینی گرنگی پێدان و بایەخپێدان. 
کەواتە ئێمە لەڕووی بۆنەو ساتەوەخت و وتارەوە لەساتەوەختێکی ئاساییدا نین. ئەم ساتەوەختە نائاساییە ژمارەیەکی زۆری خەڵک سەرنجیان لەسەر دۆخەکەیە، بۆیە ساتێکی گونجاوە بۆ ناردنی پەیام. گواستنەوە دەسەڵات لە ئەمریکا هەتا ٢٠١٦ ساتەوەختێکی ئاسایی بوو. ساتەوەختێک بوو کە ئەمریکاییەکان پۆزیان بەوەوە لێدەدا کە جیاوازن لەزۆربەی وڵاتانی تر. بەڵام پاش هاتنی ترەمپ ئەم پۆزلێدانە فس بوویەوە. ئەمەش وەها دەکات کە ئاهەنگی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ جۆ بایدن ساتەوەختێکی دووجارەی ئاسایی نەبوو لەمێژووی ئەمریکادا. ئەم رووداوە لەدوو ئاستدا بەتایبەتی جودابوو، لەئاستی سەردەمی پەتاو هەروەها رووداوی هێرشکردنە سەر کۆنگریس لەلایەن راستڕەوە، توندڕەوە، سپی پێستەکانەوە.
پەتا ئاهەنگەکەی بچووککردەوە، لەبری خەڵك ئاڵا هەڵکرابوو، کە نەرێتێکی پاتریوتیکی ئەمریکییە. هێرشی میلیشیاکان وەهایکرد کە ئاهەنگەکە لەسایەی هێزی سەربازیدا بەڕێوەبچێت. هاتنی ئەو هەموو ژمارە سەربازە بۆ واشنتون مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هاوسەنگی مەدەنی سەربازی لەهەناوی حکومەتی ئەمریکیدا. پێشتر مشتومڕێکی زۆر هەبوو لەسەر دانانی ئەفسەرێکی سەربازی بەوەزیری بەرگریی، بەڵام ئەم رووداوە هێندەی تر قسەی زیاتر دەهێنێت لەسەر مەترسی رۆڵی زیادی دەزگای سەربازی و پەنتاگۆن لەبەڕێوەچوونی حوکمرانی لە ئەمریکادا. 
عەریفی ئاهەنگەکە ئامی کلوبەچاربوو، ئەو خانمەی بۆ ئەوانەی چاودێری ئەمریکا دەکەن لەساتی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی دیموکراتدا زەردەخەنە هەمیشەییەکەیان لەیادە. ئامی دوانزە ساڵە ئەندامی سێناتە، بۆ ولایەتی مینۆسیتا. ئامی هەرچەندە سەرۆکی لیژنەی ئاهەنگسازیی گواستنەوەیە لەکۆنگریس، لیژنەیەکی تایبەتی کۆنگریس بۆ بەڕێوەچونی ئاهەنگی گواستنەوەی دەسەڵات، بەڵام وەک دیموکراتێک قسەی دەکرد. یەکێک لەخەسڵەتە تایبەتەکانی پارتی دیموکرات لە ئەمریکا ئەوەیە کە پارتێکی هاوپەیمانییە. هاوپەیمانی لەنێوان شوناس و باڵەکاندا. دیارە پارتی کۆماریش بەهەمانشێوە پارتێکی باڵییە. یانی پارتی کۆمەڵێک باڵی سیاسی جیاوازە. بەڵام هەریەک لەباڵەکانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان سەربە گروپی جیاوازی کۆمەڵگای ئەمریکین و رەفتاری سیاسییان زۆر جیاوازە.
گروپەکانی ناو دیموکراتەکان بە کەمینەو خاوەن شوناسە جیاوازەکان ناسراون. ئەمەش بەزەقی رەنگی دەدایەوە لەوتاریی ئاهەنگی گواستنەوەکەدا. کاتێک بەردەوام جەخت لەسەر ئەفریقایی بوون و ئاسیایی بوونی جێگری سەرۆک کۆمار دەکرایەوە، هەروەها لەبوونی وەک یەکەم ئافرەتی ڕەش پێست لەو پۆستەدا. کەمالە هاریس لەڕەنگی پێست و جێندەرو پاشخانیدا هەڵگری کۆمەڵێک کۆدی زۆرە کە دیموکرات دەیەوێت وەک چەشە بدات بەوەرگرانی و بیاندوێنێت. سەرباری ئەم فرە شوناسییەی کەمالا، بەڵام هێشتا نەیدەتوانی هەموو ڕەنگ و شوناسە جیاوازەکان لەخۆی بگرێت، بۆیە کاتێک سوێندی خوارد، ئامی لەکاتی ناساندنی دادوەرەکەدا جەختی لەسەر لاتینۆ بوونی ئەو کردەوە. لاتینۆ، ئاماژەیە بۆ خەڵکانێکی خاوەن پاشخانی جیاواز کە لە ئەمریکای ناوەندو ئەمریکای لاتین و کاریبییەوە دێن یان هاتوون بۆ ئەمریکا. پارتی دیموکرات بەهیوایە لەژێر ئەم ناوە جوگرافییە، شارستانییەدا، کۆیان بکاتەوە. هێنانی گۆرانیبێژێکی وەک جێنفەر لوپێزیش هەر بەئامانجی دواندنی ئەم توێژە کۆمەڵایەتیەی ئەمریکا بوو کە بە خێرایی زۆر دەبن و کاریگەری سیاسیان گەورە دەبێت. هەرچەندە ناوی تریش لەم بوارەدا بەکاردەهێنرێن وەک هیسپانیک بۆ نموونە، بەمانای خەڵکانی ئیسپانی زمانی ئەمریکای ناوەندو ئەمریکای باشوور. ئەم پرۆسەی کەمینەسازیی و شوناسسازییە ئەوەندە لەلایەن ئەندامانی ئەو گروپانەوە قبوڵکراو نییە، چونکە زۆرینەی زۆری ئەوانە دەیانەوێت ئەمریکی بن و ببن بە ئەمریکی. ئەمە ئەو ڕەخنەیەیە کە کەسێکی وەک فەرید زەکەرییا بەتوندی جەختی لێدەکات. بەلای ئەوەوە زۆرینەی ئەو خەڵکانەی دێن بۆ ئەمریکا، بۆ ئەوە دێن ئەمریکی بن یان ببن بە ئەمریکی نەک هەروەک خۆیان بمێننەوە. بەڵام ئەم جۆرە لە پەیوەندی کێشەی تری هەیە، بۆ نموونە زۆرێک لەخەڵکان رەنگە بەتایبەتی پاش بە ئەمریکی بوونیان ئەوەندە بایەخ بە کەلتوورو شووناسی رابوردوویان نەدەن و زیاتر باج و کارو ئاسایش و رەهەندەکانی تری ژیانی ئەمریکییان بەلاوە گرنگ بێت. بۆیە هەندێکجار دژایەتی دەبینین. بۆ نموونە لەکاتێکدا دیموکراتەکان هەوڵیان دەدا کە ترەمپ بە دژە موسوڵمانان بناسێنن، بەڵام سەرباری ئەوە ٣٥٪ دەنگی موسوڵمانانی ئەمریکای بەدەستهێنا. 
قەیرانێکی تری ئەم پێکەوەبوونی جیاوازانە ئەوەیە کە بە دەگمەن دەتوانن لەژێر چەترێک یان دەوارێکدا کۆببنەوە. بەڵکو هەمیشە بانگەشەکردن بۆ هەر شتێک لای هەندێک قبوڵەو لای هەندێکی تر بەپێچەوانەوە. کۆدەکان تەنها ئاراستەی کەمینەو گروپە ئیتنییەکان نەبوون، بەڵکو هەروەها ئاراستەی گروپە ئایدەلۆژیی و ژیارییە جیاوازەکانیش بوون. لەهەمووی سەرنجڕاکێشتر لەم بوارەدا دەستکێشەکانی سێناتۆری پیری ڤێرمۆت بێرنی ساندەرس بوو. بێرنی جوتێ دەسکێشی تایبەتی لەدەستدابوو، لەو جۆرانەی کە تەنها پەنجە گەورە جێگای تایبەتی هەیە. دوو ساڵ پێشتر ئافرەتێک پێی بەخشی کە ڕیساکڵی فانیلەیەکی کۆن بوو. ئەم دەستکێشەی بێرنی پەیام بوو بۆ ژینگە پارێزان و بایەخدان بەو بوارە. دیارە ژینگە بوارێکی هەرە سەرەکی ئیدارەی بایدن دەبێت چونکە باڵی چەپی پێشکەوتووی دیموکرات ژینگەیان زۆر بەلاوە جێگای بایەخە. ئەوەش بوو بایدن لەیەکەم ڕۆژدا ئەمریکای کردەوە ئەندامی رێککەوتنی پاریس. بەڵام دەستکێشەکانی بێرنی تەنها مایەی قبوڵ نەبوو، بەڵکو لەهەمانکاتدا جێگای ڕەخنەیەکی زۆریش بوو. خەڵکانێکی زۆر ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگرت کە دەستکێشە خورییەکان ئاماژەیە بۆ خواردنی گۆشت. گۆشتخواردن ئەمڕۆ وەک تاوانێکی گەورە بەرامبەر ئاژەڵان و ژینگەو تەندروستی مرۆڤ تەماشا دەکرێت لەلایەن گۆشت نەخۆرانەوە.  ئەمەش دووپاتی ئەو قەیرانە دەکاتەوە کە ناردنی پەیام بۆ گروپێک هەرزوو دەبێتە مایەی ناڕەزایی گروپێکی تر. ئەم دیاردەیە هۆکاری سەرەکی بەکاندیدبوونی کەسێکی ناوەڕاستی یان سێنەریستی وەک بایدن بوو. بایدن وەک سێنەتریستێک ئەگەری ئەوەی هەیە کە بەهەرلایەکدا بڕوات، بەلای چەپ و بەلای ڕاست یان هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی هەردوولا. 
دوا ئاماژەسازی کە لەئاهەنگەکەدا هەبوو، بەڵام هێندە جێگای سەرنج نەبوو، بەڵام ئێجگار گرنگ بوو، ئینجیلە تایبەتەکەی ماڵ بایدن بوو. وەک دەزانین بایدن لەبنەماڵەیەکی بە ڕەچەڵەک ئایرلەندییە. وەک زۆربەی ئایرلەندییەکان ڕۆمان-کاتۆلیکێکی باوەڕدارە. دووەم سەرۆکی ئەمریکی کاتۆلیە پاش جۆن کێنەدی قۆز، لە شەستەکان. سەرەتا پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە سەردانی کڵێسای کرد . بەڵام هێنانی ئینجلی تایبەتی خێزان ناردنی پەیامە بۆ ئەو جەماوەرە ئایرلەندییە کاتۆلیکە تایبەتە. هەرچەندە بڕێکی زۆری کاتۆلیکە ئایندارەکان پشتیوانی کۆمارییەکانن بەهۆی سێکویلاربوونی زیاتری دیموکراتەکان و دوور کەوتنەوەیان لەبەها ئاینیەکان. 
بەگشتی گواستنەوەکە ئاوس بوو بە سیمبول و ئاماژەو پەیامی زۆر. دیارە ئەم پەیام و ئاماژانە ئاراستەی ناوخۆ ئەمریکان. بەڵام ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش، چونکە ئەم ئیدارەیە ناتوانێت دژە بە بەرژەوەندی ئەو گروپانە بوەستێتەوە لەهەرکوێی دونیادابن. بۆ ئێمە گرنگە کە تێبگەیەن ئەم ئیدارەیە چۆن رەفتار دەکات و میکانیزمی دەسەڵاتی چۆن فەراهەم دەکات. 
ئەم پەرتەوازەییەی ئەمریکا وەها لێدەکات کە نەتوانێت دیدو سیاسەت و پلانی درێژخایەنی هەبێت. ئەمە بۆ ئەوانەی کە ئەمریکا بەدۆستی خۆیان دادەنێن مایەی ئازارێکی زۆرە. بەڵام هەروەها بۆ ئەوانەش کە ئەمریکا بەنەیاری خۆیان دادەنێن. چیدی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتۆن نییە، بەڵام لەویلایەتێکی دوورە دەستە لەدەستی چەند هەزار دەنگدەرێکی کەمدا. لە سێ ولایەتی سەرەکی جیاوازی نێوان ترەمپ و بایدن کەمتر لە ٥٠ هەزار دەنگ بوو. بە خێربێی بۆ سەردەمی ئەم شانم ناو ئەوشانم لەسیاسەتی ئەمریکادا.


وتاری زیاتر

عەلمانۆفۆبیا/ ئیسلامۆفۆبیا‬ د.سەردار عەزیز
2021-02-23 12:52      36 جار بینراوە



بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2021-02-14 14:47      40 جار بینراوە



عیراق... داهاتوویەکی رەش‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-26 18:16      59 جار بینراوە


تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-10 20:19      46 جار بینراوە


لەئەمریكا چی ڕوویدا؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-01-07 10:45      76 جار بینراوە

نالی و چین‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-28 19:24      70 جار بینراوە

پیرۆزی و نوێ؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-27 20:09      73 جار بینراوە

٢٠٢١ خوێندنەوە‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-26 15:15      72 جار بینراوە

فەلسەفەی توڕەیی‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-21 23:22      82 جار بینراوە


مەرگێک لە ئابسەرد ‬ د.سەردار عەزیز
2020-12-07 21:31      99 جار بینراوە


کوردستان بەرەو باشوور؟!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-23 19:15      67 جار بینراوە


رامان لەشەڕی ناوخۆی کوردی!‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-16 13:40      71 جار بینراوە

بایدن و ئێران‬ د.سەردار عەزیز
2020-11-13 12:08      87 جار بینراوە





عیراق و ئەمریکا: کۆتایی پشوو؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-27 15:03      101 جار بینراوە

ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      127 جار بینراوە

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      83 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو