فەتحوڵڵا حسێنی

سوریا چەند رێگەیەكی لەبەردەمە شیرینترینیان تاڵە

  2021-01-26 20:10      52 جار بینراوە        کۆمێنت

قەیرانی دوور و درێژ و ماڵوێرانكەری سوریا بەگەورەترین كارەساتی سەدەی نوێ دادەنرێت، هێندەی نەماوە لە درێژیدا هاوتای شەڕی ناوخۆی لوبنان بێت، چونكە شەڕی ناوخۆی لوبنانیش 15 ساڵی خایاند بێ ئەوەی لایەنە بەشەڕهاتووەكان هیچ دەستپێشخەرییەكیان هەبێت بۆ چارەسەر و راگرتنی شەڕ و هێوركردنەوەی ئەو دۆخەی كە كارەساتی گەورەی لێكەوتەوە و ئێستاش كاریگەریی بەسەر لوبنانەوە ماوە، هەر ناكۆكییەكیش سەر هەڵبدات، قسەو باسی شەڕ دێتەوە گۆڕێ، ئەویش بەهۆی ئەو دابەشبوونە تایەفییەی بەسەر لوبناندا زاڵە، ئێستا سوریاش بە هەمان رێچكەدا دەڕوات بە تایبەت لەم دواییانەدا كە رەنگە دواقۆناغی جەنگی پڕ كارەسات بێت.

ئەگەر لە شەڕی سوریا وردبینەوە، جیاوازییەكی كەمی هەیە لەگەڵ شەڕی لوبناندا، ئەویش بوونی دەستپێشخەرییەكی راستەقینەیە بۆ چارەسەر و هێوركردنەوە، یان دەستپێكردنی قۆناغەكانی چارەسەری سیاسی كە ئاواتی هەر هاووڵاتییەكی سوریایە چ لە ناوخۆدابێت یان بەناچاری وڵاتی جێهێشتبێت، لەبەرئەوەی دەستپێكردنی دانوستانی جددی و بەرپرسانە لەنێوان لایەنە بەشەڕهاتووەكان یان ئەو لایەنانەی ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان پاراستووە، ئەوە دەستپێكێكی راستەقینەدەبێت بۆ كێشانی نەخشەڕێگای چارەسەری سیاسی دوور لەیاریكردن لەسەر پەتی تایەفی، لێرەدا پێویستە بەگیانی بەرپرسیاریی و نیشتمانیی تەواوەوە لەبارودۆخی وڵات تێبگەین، نەك بەگیانی خۆپەرستانەو زیادەڕۆیی لە خۆسەپاندندا.

چارەسەری سیاسی دوور لەئەجێندای دەرەكی، پێویستی بەلێكنزیكبوونەوەی ناوخۆیی هەیە، بۆ گەیشتن بەچەند راسپاردەیەك كە وڵات بەرەو قۆناغی هێوربوونەوە ببات، نەك گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی تاكە حزب، دەكرێ ئەو راسپاردانە پابەندبوونی تەواویان تێدابێت بۆ داواكارییەكانی لایەنە سەرەكییەكان كە نەخشەڕێگاكە دەكێشن ئەوانیش بریتین لەرژێمی ئەسەد و مۆسكۆ و ئیدارەی خۆجێیی كوردی و پاشانیش واشنتۆن.

بارودۆخی ناهەمواری ئابووری و دابەزینی بەهای لیرەی سوریا چیدی قابیلی قبوڵ نییە لای كۆمەڵگەی سوریا هەر لە دیمەشقەوە تا قامیشلو، لە دەرعاشەوە تا سوەیدا، خەڵكیی چاولەڕێی ئارامی و سەقامگیرین، لەلایەكی دیكەشەوە هەندێك لایەن ئاگری شەڕ خۆش دەكەن، خۆ ئەگەر بمانەوێ ئەو ململانێ ناڕەوایە بوەستێنین كە ئەمیرەكانی جەنگ بەڕێوەی دەبەن، ئەوا دەبێ كێشەكە لەنێوان لایەنی بەهێزدا یەكلایی بكرێتەوە بۆ ئەوەی كۆمەڵگە توانای گەڕانەوەی بۆ ئاشتەوایی هەبێت و ئەو خوێنبەربوونەش كە بەهۆی هەڵاتنی سورییەكان بۆ دەرەوە بە لێشاو روو دەدات رابگیرێت.

پڕۆژە بۆ پێشنیاز زۆرن، یەكەمیان جەختكردنە لەسەر گرنگی پشتیوانی كردن لە ئاشتی لەو ناوچانەی تاڕادەیەك ئارامن وەك ئیدارەی خۆجێیی، لەگەڵ پشتیوانیكردنی ناوچەكانی بندەستی رژێمی سوریا لەرووی لۆجستییەوە بۆ بەهێزكردنی ئابووری پایتەخت كە دانیشتوانەكەی لەخەڵكی هەموو ناوچەكانی وڵاتی تێدایە. دووەمیان وازهێنانە لەگیانی لەخۆباییبوون كە رژێم دەستبەرداری نابێت و پەژراندنی دەستپێشخەرییەكەی كورد، لەبەر ئەوەی هەر ئەو لەخۆباییبوونەیە وڵاتی بەم دەردە گەیاندووە و ئەو هەموو ماڵوێرانی و ئاوارەبوون و مردنەی لێكەوتۆتەوە. سێیەمیان دەستبەرداربوونی هەندێك لایەن لە ئەجێندای ئیقلیمی و گەڕانەوە بۆ خواستی دیموكراسی و ئازادی و دادپەروەری، نەك تەنیا خواستی كورسی دەسەڵات، هەموو ئەمانەش دەتوانن سیمای چارەسەر دەستنیشان بكەن بەپێی دەرهاویشتە ناوخۆییەكانی سوریا، نەك بە پێی دەرهاویشتەو خواستە دەرەكییەكان كە تا ئێستا رۆڵی گەورەی هەبووە لە خوڵقاندنی كارەساتی سیاسی و مرۆیی لە سوریادا.

كەواتە ئێستا سوریا چەند رێیەكی لەبەرە، كە شیرینترینیان تاڵە، لەبەرئەوەی درێژكردنەوەی ماوەی قەیرانەكە هۆكاری سەرەكی بوو بۆ نەگەیشتن بەسازان و رێكەوتن، چونكە هەر لایەنەو سەر بەلایەنێكی دەرەكی بوو، بەو چاوەش سەیری لایەنەكەی دیكەی دەكرد كە پیلانگێڕێكی مەترسیدارە بۆ سەر وڵات، ئەوەش یەكەم هۆكاربوو بۆ ئەوەی چارەسەر مەحاڵ بێت و قەیرانەكە بەرەو عەسكەرتاری زیاتر ببات و شەڕ و ماڵوێرانی زیاتری لێبكەوێتەوە.

خراپترین دۆخ ئەوەیە كە ئێمە لەبەردەم وڵاتێكی پارچەپارچەداین، هیچ تروسكەیەكی رووناكاییش لە ئایندەیەكی نزیكدا نییە، لەبەر ئەوە، باشتر وایە كۆمەڵگە دان بەوەدا بنێت كە وڵات پارچەپارچە بووەو پێویستە دووبارە یەك بگرێتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی مافی رەوای پێكهاتەكاندا بە پێی ناسنامە نەك بە پێی تایەفەگەری.

وتاری زیاتر


شەمەندۆفێری بەكاوەخۆی ژنێڤ‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2021-02-01 22:49      62 جار بینراوە









شەڕی خوێن ‌و شەڕی سەر كاغەز‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2020-10-19 16:31      90 جار بینراوە










نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو