فەیسەڵ عەلی

خوێندن و فێربوون پرسێكی هەمیشەییە

  2021-02-01 18:30      106 جار بینراوە        کۆمێنت

فێربوون لەڕێی خوێندنەوە دەبێت، یاخود لە دەرەوەی سنوری خوێندنی رەسمی، مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە هزر و بۆچوون سەبارەت بە پرسی خوێندن و فێربوون، مەبەست و ئامانجەكانیشیان یەكە، ئەفلاتۆن كە لە سەدەی چوارەمی پێش زاییندا ژیا، دەڵێ: «خوێندن بەشێكە لە بابەتێكی گەورەتر كە خۆشگوزەرانی كۆمەڵگەیە». دەشێ مەبەستەكەی لێرەدا ئەوە بێت كە خوێندن، مەعریفە و توانا و شارەزاییەكانی مرۆڤ زیاتر دەكات، هەروەها ئاستی ئابووری و كۆمەڵایەتی و مرۆیی كۆمەڵگەش بەرزتر دەكاتەوە و بەدوایشیدا خۆشگوزەرانی دەستەبەر دەكات.
لەم وتارەدا هەندێك بۆچوون لەمەڕ خوێندن و فێربوون دەخرێنەڕوو كە شایانی بایەخپێدانی هەمووانە، بەتایبەتی لە سەردەمێكدا دەژین لێمانی دەخوازێت بە درێژایی تەمەنمان فێر ببین، وێڕای ئەوەی هەموو خێزانەكانی ناو كۆمەڵگە بە قوتابخانەوە پەیوەستن بەوەی دوو هاوبەشی سەرەكی و بنچینەیی گەشەپێدانی نەوەی ئایندەن.
لە راپۆرتێكی جاك دیلۆر كە لە ساڵی 1996دا دەرچووە، بیروبۆچوونی لەمەڕ خوێندن و فێربوون تێدایە، ئەم راپۆرتەی دیلۆر چوار كۆڵۆمی گرنگی خوێندن دەخاتەڕوو، خوێندن بە درێژایی تەمەن بە یەك لە زەرورەتەكانی سەدەی بیست و یەك دادەنێت، وێڕای ئەوەی هەردووكیان بە یەكەوە گرێ دەدات، واتە، پێیوایە خوێندنی بەرنامەداڕێژراو بە تەنیا ناتوانێت وەڵامی پێداویستییەكانی سەردەم بداتەوە.
جێبەجێكردنی كار
چوار كۆڵۆمەكەی خوێندن ئەمانە دەگرێتەوە: فێربوونی وەرگرتنی مەعریفە، فێربوونی جێبەجێكردنی كار، فێربوونی پێكەوە ژیان، فێربوون بۆ ئەوەی هەبیت.
كۆڵۆمی یەكەم، بایەخدانە بە مەعریفەی گشتی لەمەڕ كاروباری ژیان و پێدراوە نوێبووەكانی لە لایەك و لەلایەكی تریشەوە، فۆكەس خستنەسەر چەند بوارێكی دیاریكراو. وێڕای ئەوەی ئەم كۆڵۆمە دەیخوازێت، سودوەرگرتنی تەواوە لە هەموو سەرچاوە و دەرفەتە مەعریفییەكان، لە چوارچێوەی ئەوەی سەرەوە، ئەوەی گرنگە لە وەرگرتنی مەعریفەدا، دڵنیابوونە لە دروستی ئەو مەعریفەیە، بەتایبەتی كاتێك سەرچاوەكانی ئەو مەعریفەیە جێی متمانەی تەواو نین، باشترە بگەڕێینەوە بۆ بیرۆكەی تیۆری مەعریفە Epistemology بۆ دڵنیابوون لەو مەعریفەیە و سەلماندنی دروست بوونی، چونكە دروستی مەعریفە بە سەلماندنی عەقلانیەتەوە Rationalism پەیوەستە، یاخود بە سەلماندنی ئەزمونگەرایی Empiricism، یان هەردووكیان بەیەكەوە.
كۆڵۆمی دووەم پێداگیری لەسەر جێبەجێكردنی كار دەكات، لە مرۆڤ دەخوازێت شارەزایی گشتی بەدەست بهێنێت، نەك هەر شارەزایی لەو كارەی ئەنجامی دەدات، بەڵكو دەبێ بایەخ بە شارەزایی كاركردن وەك تیم بدات نەك بە تاك، سروشتی كار زۆربەی جار دەستەجەمعییە وەك لەوەی تاكەكەسی بێت، لەم بوارەدا كاری كۆمەڵایەتی بەدیار دەكەوێت كە پێویستی بە شارەزایی كۆمەڵایەتی هەیە، ئەم شارەزاییە لەڕێی خوێندنی رەسمییەوە بەدەست نایەت، بەڵكو لەڕێی مومارەسە و شارەزابوونەوە بەدەست دێت، دەشێ لەڕێی هەندێك خولی تایبەتمەندیشەوە بەدەست بێت.
دێینەسەر كۆڵۆمی سێیەم كە تایبەتە بە پێكەوە ژیان، واتە توانای لێكگەیشتنە لەوانی تر، ئەمەش لە ژینگەیەكی رێزگرتنی یەكتر، وێڕای توانستی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و خۆ بەدوورگرتن لە ململانێكان، ئەم كۆڵۆمە لە بەشێكیدا تەواوكاری كۆڵۆمەكەی پێشووە كە بە تیمی كاركردنەوە پەیوەستە، بۆ ئەوەی ئەركەكانیان بە دروستی و لێهاتووییەوە جێبەجێ دەكەن.
گەشەپێكردنی كەسێتیی مرۆڤ
بە كۆڵۆمی چوارەم دەگەین، ئەو خوێندنەیە كە بایەخ بە هەبوونی كەسی (خۆسەلماندن) دەدات، ئەمەش لەگەڵ سروشت و ئارەزووی مرۆڤەكاندا دێتەوە كە دەیانەوێ رۆڵی خۆیان لە ژیان و ناو كۆمەڵگە بە دەربخەن، یەكەمیان خۆی لە رۆڵی خوێندن لە گەشەپێكردنی كەسێتیی مرۆڤ دەبینێتەوە بە ئاراستەی بیركردنەوەیەكی بابەتیانەی دروست، تا بتوانێ هۆكارەكانی كێشە و گرفتەكانی كۆمەڵگە شرۆڤە بكات و هەروەها بتوانێ پێشبینی روودان و كاریگەرییەكانی بكات، وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و رەفتاری دروست بێت. ئەویتریان خۆی لە رۆڵی خوێندن لە دۆزینەوەی توانا شاراوەكانی مرۆڤ و خەسڵەتەكانیدا دەبینێتەوە، لەمەوە دەتوانێ ئەو توانا و خەسڵەتانەی بەگەڕ بخات تا یەكەم سودی بۆ خۆی هەبێت و دووەمیش بۆ كۆمەڵگەكەی.
سەرباری چوار كۆڵۆمەكەی، راپۆرتەكەی دیلۆر داوای فێربوونی بەردەوام بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ دەكات، ئەمەیشی بە پرسێكی بنچینەیی داناوە و دەبێ لە سەدەی بیست و یەكدا بایەخی زۆری پێ بدرێت، هەروەها دەبێ هەوڵ بۆ قۆستنەوەی هەموو توانا و دەرفەتەكان بدرێت تا سودی لێ وەربگیرێت و بخرێتە خزمەت هەمووانەوە و رۆڵیشی لە كۆمەڵگەدا كارا بكرێت. نمونەی ئەم فەراهەمكردنی فێربوونی بەردەوامە خۆی لە خولی راهێنان دەبینێتەوە كە وەڵامی گۆڕانكارییەكانی سەردەم و دەرفەتی نوێیەكانی كار دەداتەوە، هەروەها ئەو خولانەش دەگرێتەوە كە لەگەڵ حەز و ئارەزووەكانی خەڵكیدا دێتەوە كە دەیانەوێ ئاستی مەعریفیان بەرزبكەنەوە و شارەزایی هەمەجۆرە بەدەست بهێنن و سود لە بەسەربردنی كات وەربگرن.
بە ئاراستەی هەمووانە
بۆچوونەكانی دیلۆر لەمەڕ خوێندن و فێربوون كە پێشكەشی یونسكۆی كردبوو، شایانی گرنگی پێدانی هەمووانە، چونكە بە ئاراستەی هەمووانە، هەوڵی وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییەكانی سەدەی بیست و یەكی داوە، چوار كۆڵۆمەكەی بە فێربوون بە درێژایی تەمەنەوە گرێداوە، ئەمەش یارمەتیدەری فێرخوازە تا زانیارییەكانی نوێ بكاتەوە و توانا و شارەزاییەكانی بە شێوەیەكی بەردەوام زیاتر بكات، تا بتوانێت لەگەڵ گۆڕانكارییە خێراكانی سەردەم بێتەوە و وەڵامی پێداویستییەكانی بداتەوە.
بۆچوون و تێڕوانینەكانی خوێندن و فێربوون فرەن و لەهەمان كاتیشدا نوێبووەوەن، ئامانجیشی مرۆڤ و زیادكردنی توانا و شارەزاییەكانییەتی، هەروەها هی كۆمەڵگە و دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانیەتی، بەو هیوایەی ئێمەش لەم ئاراستەیەدا رۆڵێكی دیارمان لەگەڵ ئەم بیربۆچوون و تێڕوانینانەدا هەبێت و تێیدا بەشدار بین و كار بۆ بەجێهێنانی بكەن و لێی سودمەندبین. بێگومان تەكنەلۆجیای دیجیتاڵی لە نوێبوونەوەی بەردەوامدایە، ئەو ئامرازانەشمان بۆ دەستەبەر دەكات كە بتوانین لێوەی بە كارایی ‌و بە درێژایی تەمەنمان بەشداری لە فێربووندا بكەین.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

وتاری زیاتر

دراوی گریمانەیی و نالۆجیكی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-04-12 19:30      36 جار بینراوە

تیمی مێروولەی سپی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-04-05 18:23      39 جار بینراوە

تەنەکەی خۆڵ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-29 19:16      62 جار بینراوە

بیتـكۆیـن دراوێـكی ئــاڵـــۆز‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-27 13:56      43 جار بینراوە

ریفۆرم لەنێوان نییەت و واقیعدا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-22 19:19      32 جار بینراوە

گەنجیی زانكۆو پیربوونی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-14 14:02      46 جار بینراوە

حەقیقەتی درۆ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-08 21:26      48 جار بینراوە



مێژووی یارییەک‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-04 21:08      75 جار بینراوە

ناسەنتراڵی و حوكمڕانیی چاك‬ فەیسەڵ عەلی
2021-02-28 21:08      63 جار بینراوە

فێڵێک ناوی نۆبڵە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-02-27 13:57      65 جار بینراوە


هەڵكشانی نرخی نەوت‬ فەیسەڵ عەلی
2021-02-22 14:10      90 جار بینراوە


بۆ دواده‌که‌وین ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-02-14 15:41      73 جار بینراوە



کەلتووری شۆستە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-02-06 22:31      82 جار بینراوە

نەمدەزانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-01-25 17:51      91 جار بینراوە


بازاڕی نەوت بەرەو كوێ؟‬ فەیسەڵ عەلی
2021-01-11 14:32      86 جار بینراوە


خیانەتکاران نیشتمانیان نییە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-01-04 13:07      89 جار بینراوە

کیسەڵ و کەروێشک‬ فەیسەڵ عەلی
2020-12-28 13:03      102 جار بینراوە



رۆبوتی هاوڕێم‬ فەیسەڵ عەلی
2020-12-21 13:02      92 جار بینراوە

بــایـەخـی تــوێـژیـنەوە‬ فەیسەڵ عەلی
2020-12-19 19:44      106 جار بینراوە

مێشکی مشک و ددانەکانت‬ فەیسەڵ عەلی
2020-12-18 11:41      95 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو