مستەفا محەمەد

رێكەوتنەكە پرۆژەیاسای بودجە یەكلایی دەكاتەوە

  2021-02-07 13:14      128 جار بینراوە        کۆمێنت

لە كاتێكدا گفتوگۆكان بۆ پرسی یەكلاییكردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق لە قۆناغی كۆتاییدان و هەوڵەكانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش لەوبارەیەوە گەیشتوونەتە كۆتایی، بەڵام رێكەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا و درێژەكێشانی دانوستانەكان بۆ گەیشتنە دواخاڵی لێكێگەیشتن، مژاری گەرمن و پێدەچێ هۆكاری دواكەوتنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكە، بن.

هەنگاوەكانی دانوستان لە نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ چڕتربوونەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، ئێستا گەڕێكی تری گفتوگۆ لە بەغدا بەڕێوەدەچێ، بۆ دۆزینەوەی كلیلی چارەسەری ئەو دەروازە داخراوە. ئاڵۆزییەكانی دۆسێی نەوتی هەرێم لە لایەك و تانوپۆی تەنگژەی ئابووری و بزاوتی شەقامی عیراقی كە تەمی هەڵبژاردنی بە سەرەوە نیشتووە، ئاراستەی دانوستانەكانی پێ دیاری دەكرێ.

لە هەموو ئەگەرێكدا چانسی رێكەوتن زیاترە و پێدەچێ ئەمجارە وەفدی هەرێم بە دەستكەوتەوە بگەڕێتەوە، چونكە ئەگەرچی وەك ئاماژەم بۆ كرد، موزایەدەی سیاسی و دۆخی بانگەشەی پێش هەڵبژاردن كاریگەریی زۆریان لە سەری هەیە، بەڵام دواخستنی هەڵبژاردنەكانیش دەبنە مایەی نەرمتر رێكردنی دانوستانەكان و دواجار پێش پەسەندكردنی بودجەی 2021، رێكەوتنێك بێتە ئاراوە.

ئەوەی پێویستە لەو دانوستانانەدا جەختی لەسەر بكرێتەوە، رێكەوتنێكی گشتگیر و دوورمەودایە، كە هەردوولا بە چاودێریی نێودەوڵەتی، ناچار بە پابەندییەكی نووسراو بكات، نەك دوای ناردنی گوژمەیەك پارە و هێوربوونەوەی دۆخەكە، ئەم رێكەوتنە دۆخی سیاسی و هەڵوێستی كەسیی لە نێوان هەردوولادا تەحەكومی بە سەرەوە بكا و ئەگەری هەڵوەشانەوەی لە چەند مانگێكی داهاتوودا، جارێكی تر سەرهەڵبداتەوە.

مادام دەوترێ كە هەرێمیش بە داخوازییەكانی حكومەتی عیراق لەبارەی رادەستكردنی وردەكارییەكانی دۆسێی نەوت و خاڵە سنوورییەكان رازی بووە، كەواتە هەرچییەك بێ، پێویستە هەرێم پابەندییەكانی خۆی بە رێكەوتنەكانەوە بە ئاشكرا و دوور لە تەم و مژی ئاڵۆزیی، پرسی نەوت رابگەیەنێ، چونكە ئەم دۆخە سەختە بۆ هاووڵاتییەكانی تا بینەقاقا هاتووە و ناكرێ ئەو قەیرانە چیتر درێژەی پێبدرێ، بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە بەشداربووەكانی حكومڕانی لە هەرێم، پێداگریی زیاتر لەسەر حكومەت بكەن و بە یەكەوەش بڕیار لەسەر رێكەوتن بدەن.

نادیدە ناگیرێ كە جووڵەی سیاسیی یەكێتی لە بەغدا و كۆششی تیمەكەشی لە حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی پرسی مووچە و جێگیركردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراق لەلایەك و گوشاری سەركردایەتیی یەكێتیش لەگەڵ پێكهێنەرە سەرەكییەكانی كابینەی نۆ بۆ رێكەوتن لەلایەكی ترەوە، گەرەنتی بە ئاكام گەیشتنی دانوستانەكان و دەروازەیەكی ئاسوودەبەخشن بۆ سەرخستنی ئەم گەڕەی گفتوگۆ و ئومێد زۆرە كە ئەمجارەیان هەوڵەكان جێی خۆیان بگرن.

وتاری زیاتر


عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      49 جار بینراوە





















بڕیارەکەی دادگاو لێکەوتەکانی‬ مستەفا محەمەد
2018-06-27 10:56      445 جار بینراوە

پەرلەمانتارێک هەرگیز نەخەوت!‬ مستەفا محەمەد
2018-06-20 11:57      481 جار بینراوە

سەرکـەوتـنی یەکێتی قبوڵ بکەن‬ مستەفا محەمەد
2018-05-16 10:07      439 جار بینراوە

کاتێ بانگەشە پـێچەوانەیە‬ مستەفا محەمەد
2018-05-02 14:08      350 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو