د.سەردار عەزیز

عەلمانۆفۆبیا/ ئیسلامۆفۆبیا

  2021-02-23 12:52      179 جار بینراوە        کۆمێنت

چەمکی ئیسلامۆفۆبیا دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لەسەدەیەک لەمەوپێش لەڕۆژئاوا. بە کورتی یانی ترس لە ئیسلام. ترس یان فۆبیا، زۆرجار یانی هەستێکی ناعەقڵانی. بەم پێیە ئیسلامۆفۆبیا یانی هەبوونی ترس، یان دروستکردنی ترس لەسەر بنەمای هەڵە، لەبەرامبەر ئیسلامدا. ئەم پرۆسەی هەڵەو ترسە ئاڵۆزەو لەشێوازی جیاوازدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە گشتاندن، جۆرێکە لەترس. بەجەوهەرکردن، کە یانی بڵێیت ئەمە کرۆکی ئیسلامە، ئەمەش جۆرێکە لەکورتکردنەوەو سنووربەندکردن، کەهەڵەیە. هەروەها لەشێوازی زۆر زەقتردا دەردەکەوێت وەک بوختان، درۆ، کینە. هەموو ئەمانە بۆیە روودەدەن، چونکە ململانێی سیاسی هەیە لەنێوان ئیسلام و ئەو هێزانەی تر کە رکەبەری ئیسلام دەکەن. ئەمە بەگشتی وەها دەردەکەوێت کە لەڕۆژئاوا پیادە دەکرێت، بەڵام هەندێک لێکۆڵەر بڕوایان وەهایە کە هەندێک رژێمی سیاسی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، زۆر لە ئەوانیتر ئیسلامۆ فۆبیاترن.
لەم مێژوو و رووداوانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئیسلامۆفۆبیا میتۆدێکە بۆ ترساندنی خەڵك لەئیسلام. زۆرجار ئەم ترساندنە هەڵەیەو بۆ ئامانجی سیاسی بەکاردێت. بەکورتی ئیسلامۆفۆبیا پروپاگەندەیە دژ بەئیسلام. بەم پێیە ئیسلامۆفۆبیا هەڵەیە، چونکە لەپانتایی عەقڵدا روونادات، بەڵکو لەپانتایی دەروون و سایکۆلۆجیادا بەڕێوەدەچێت. ئیدوارد سەعید وەک رەخنەگرێکی رۆژئاواو داکۆکیکەرێکی رۆژهەڵات، هێڵێکی درێژبووە لەنێوان دژە سامیەت و ئیسلامۆفۆبیادا دەبینێت لەڕۆژئاوا. بۆنی موسڵمان بەجولەکەی جاران، یەکێکە لەخیتابەکانی ئەمڕۆی ئیسلامییەکان لەئەوروپا. 
بەپشت بەستن بەم پاشخانە دەتوانین قسە لەدژە عەلمانییەت یان عەلمانۆفۆبیا بکەین لەکۆمەڵگای ئێمەدا. چەمکی عەلمانییەت یان سیکیولەر چەمکێکی نوێیە لەدونیای ئێمەدا. دەتوانین بڵێین مێژووی عەلمانییەت و مێژووی ئیسلامی سیاسی هەمان مێژووە. دیارە دەبێت پەیوەندی ئیسلامی سیاسی و عەلمانیەت، لە گەڵ ئیسلام و عەلمانیەتدا جودا بکەینەوە. بە گشتی لەهەردوولاوە، چ لای ئەوانەی کە خۆیان بەعەلمانی دەزانن و چ لای ئەوانەی کە خۆیان بەئیسلامی دەزانن، شەڕێک لەئارادایە. بەم پێیە لەدونیای ئێمەدا ململانێیەک لەنێوان ئیسلام و عەلمانیەتدا نییە، بەڵکو ململانێیەک لەنێوان ئیسلامی سیاسی و عەلمانییەتدا هەیە. ئیسلامی سیاسی هەوڵدەدات کە خۆی بکات بەئیسلام، ببێت بەنوێنەری ئیسلام. بەڵام ئەم هەوڵە سنووردارە. چونکە هێزە ئیسلامییەکان لەهەناوی خۆیاندا لەکێبڕکێیەکی زۆردان بۆ دەسەڵات و داهاتی زیاتر، هەروەها ناتوانن یەکتری قبوڵ بکەن. چونکە کرۆکی هەر هێزێک لەسەر فرەیی نییە، بەڵکو لەسەر تاکێتییە. بەو مانایە هەموو گروپێکی ئیسلامی خۆی بەتەنها بەڕاست دەزانێت، هەر کاتێکیش دەسەڵاتی هەبێت، پێش عەلمانییەکان، ئیسلامیەکانی تر پەراوێز دەخات.
بەم پێیە عەلمانییەت هەیە، لەهەمانکاتدا بەرهەمهێنراوە. بەمانایەکی تر کەسێک هەیە کە خۆی بەعەلمانی لەقەڵەم ئەدات و تێگەیشتنی تایبەتی خۆی هەیە بۆ عەلمانی. بەڵام لەهەمانکاتدا عەلمانیەتێکیش هەیە لەخەیاڵی ئیسلامییەکاندا، وەک نەیارێک یان دژێک. ئەم دژە بە کافر، بێ ئەخلاق، و زۆر شتی تر ناوزەد دەکرێت. ئەم ناونان و بەگروپ کردن و بەدژکردن و بە بێئەخلاقکردن و بە کافرکردنە هەموو پرۆسەو بانگەشەی سیاسین، لەپێناو ناوزڕاندن و ناشیرینکردن و نابوتکردنی ئەویتر. نەک وەک شەڕی نێوان چاک و خراپ، بەڵکو وەک پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگایی و خەیاڵی خەڵكی و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سیاسی. بۆ نموونە هێزێکی ئیسلامی، کە لەناو پرۆسەی سیاسیدایە، هێزەکەی تر بەعەلمانی و خراپ و کافر ناودەبات. بەڵام لەهەمانکاتدا جگە لەهەندێک رەفتاری تاکەکەسیی و سادە نەبێت هیچ جیاوازییەک لەنێوان هەردوولادا نابینرێت. ئەمە قەیرانێکی لۆجیکی دروست دەکات: ئایا چۆن دەبێت دوو گروپ کە لەزۆر شتدا وەک یەک بن، لەهەمانکاتدا، یەکێکیان خۆی بەموسڵمان و باش لەقەڵەم بدات و ئەویتریان کافرو خراپ؟ 
کەواتە بانگەشەی دژە عەلمانی بانگەشەیەکی سیاسییە لەپێناو دروستکردنی ترس و دوژمن و نەیار لای لایەنگرانی پارت و گروپە سیاسییەکان لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا. ئەمە هەمان ئەو پرۆسەو کارانەیە کە ئیسلامییەکان گلەیی لێدەکەن لەجێگاکانی تر، کاتێک بەرامبەر ئیسلام دەکرێت. کەواتە ئەگەر بەتیرۆرکردنی ئیسلام و گشتاندنی ئیسلام وەک دژ ئافرەت و دژە مناڵ و دژە ئاژەڵ و دژە سروشت هەڵە بێت بەهەمانشێوە کردنی عەلمانی بەگروپ و بە کافرو بە بێئەخلاق هەڵەیە. 
قەیرانی هەرە گەورەی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە ناعەقڵانیە. ناعەقڵانی بەمانای ئەوەی کە لەمێژوو ناڕوانێت، لەواقیع ناڕوانێت، لەڕەفتاری کەس و گروپەکان ناڕوانێت، بەڵکو لەپرۆسەیەکی خیتابی پڕوپاگەندەییدا خەریکی دوژمن دروستکردن و ترساندن و گشتاندن و بوختان و فۆبیایە. 
ئیسلامی سیاسی، هەموو ئیسلام نییە. هەر هەوڵێکیشی بۆ بوون بەهەموو ئیسلام و کردنی حەقایەتی خۆی بەتاکە حەقایەکی ئیسلام، دەرخەری جەنگێکی ناوخۆیی گەورەیە لەهەناو ئیسلام و ئیسلامی سیاسیدا. لەڕاستیدا ئیسلامی سیاسی لەزۆر رووەوە ڕەوتێکی عەلمانییە. نەک لەبەرئەوەی کە لەپەرچەکردارو ترسی عەلمانیەتدا دروستبووە، بەڵکو لەمیانەی رکەبەریدا، هەمان ڕێساو خیتاب و ئامرازو فۆرمیولای عەلمانییەکان بەکاردەهێنێت. بۆ نموونە بڕوابوونی بەدیموکراسی، هەرچەندە تاکتیکانیە. کە وەها دەکات بڕوابوون و تاکتیکەکەش ڕەفتارێکی میکیاڤیلیانەی سیاسی دوور لەئەخلاق بێت. هەوڵی نوێنەرایەتی کردەیەکی عەلمانیە. ئەم هەوڵە دروستکردنی ئامرازی دەسەڵاتیی دونیاخوازیانەیە، نەک خوداپەروەریی. کەواتە ئەوەی لەئارادایە شەڕی سیاسییە، کە کرۆکەکەی بەرژەوەندییە. پەرتکردنی کۆمەڵگاو دروستکردنی نەیاری وەهمی و بەئاینیکردنی جیاوازییەکان کۆمەڵێ ڕەفتارن کە هەرگیز دەرئەنجامی باشیان نابێت. یەکێک لەئارگومێنتە سەرەکییەکانی پێداویستبوونی عەلمانییەت ئەوەیە کە جیاوازی دیدی سیاسی نەبێت هۆکاری کافرو موسڵمانبوون. بەڵکو جیاوازبوونە لەسەر بەڕێوەچونی کاروباری دونیایی. ئەم جیاکارییەیە کە عەلمانییەت دەکاتە پێویست. بەئاسانی دەتوانرێت دەقە ئیسلامیەکان بەم ئاراستەیەدا ڕاڤە بکرێت. 
عەلمانیەت بەڕێگای جیاوازو شەپۆلی جیاواز بۆ کۆمەڵگای ئێمە دێت. ئەم وەرچەرخانە ئاساییە کە یارو نەیاری هەبێت. چەمکەکانی وەک یەکسانیی ژن و پیاو، کاتێک بەرجەستە دەبێت، لەکۆمەڵگایەکی تەقلیدیدا، بەدڵنیاییەوە بەبێ کێشە نابێت. ئەمە جۆری کارو پانتایی کارکردن و پەیوەندیی و خێزان دەگۆڕێت. بە شاربوونی کۆمەڵگای ئێمەو کارکردنی هەردوو ژن و پیاو، بەناچاری عەلمانیەت دەهێنێتە ناو پانتاییە تایبەتەکان و گرژی زۆر دروست دەکات، بە تایبەتی لەپانتایی خێزاندا. خێزان جیهانی ئیسلامی سیاسییە. خێزان وەک نەگۆڕێکی هەمیشەیی. بە ئاستێک دەتوانین بڵێین کە خێزان وەک یەکەیەکی سروشتی دەبینرێت لای ئیسلامی سیاسی. چۆن کرێکار پاڵەوانی چیرۆکی مارکسە و بورژوا دوژمنەکەیەتی. خێزانیش یەکەی سەرەکی ئیسلامی سیاسییە، لەوێوە دەیەوێت کۆمەڵگا و تاکەکان کۆنتۆڵ بکات. دیارە ئیسلام دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە دەوڵەت بەم شێوەی ئێستا لە وردو دڕشتی ژیان دەستوەردانی نەکردووە، ئەوەی پێی دەوترێت بایو پۆلەتیک بوونی نەبووە. دیارە خێزان لەهەناو بونیادو ئاگایی ئەواندا، بەگشتی لەسیستەمێکی پلەبەندیدا ڕێکخراوە کە باوک لەسەرەوەیە. ئەوانیتر بەدوایدا دێن. ئەمە هەتا ئاستێکی زۆر کرۆکی سیستەمی سیاسی خێزانی ئێمەشە. یان پاترۆمۆنیالیزم. ئەمە دژ بە بەها مۆدرێنەکانی وەک هاووڵاتی، ماف، یەکسانی، ئازادی، ئۆتۆنۆمییە، بە مانا کانتییەکەی. 
جۆری سیستەمی ئاوبوری کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر عەلمانی بونی کەس و خێزانەکان. ئێمە لە دونیایەکدا دەژین کە چیدی سەردەمی ئاین وەک سیستەمێکی گشتگیر تیایدا کۆتایی هاتوە. چیدی بواری پزیشکی ئاینی نیە، بواری گەردونناسی ئاینی نییە، بواری دەرمانسازی ئاینی نیە، بواری تەکنەلۆجیا ئاینی نیە، بواری کشتوکاڵ ئاینی نیە، بواری پەیوەندییەکان ئاینی نیە، بواری ژینگە و تەندروستی ئاینی نییە. ئەوەی ماوەتەوە بواری ئەخلاقە. لەبواری ئەخلاقیشدا ئاین تەنگی پێهەڵچنراوە، چونکە لەدونیادا ئەخلاقی مرۆیی هەتابێت زیاترو زیاتر مرۆیی دەبێت. بەو مانایە ئەوە مرۆڤە لە سەنتەری ئەخلاقی مرۆڤدایە. ئەمە بە زەقی لەبواری ژینگەدا دەبینین کاتێک مرۆڤ ناچارە ئالنگاری بۆ ئەو هایراکییە دروست بکات کە سروشت و ئاژەڵ و گەردون لە خزمەتی مرۆڤدا دەبینێتەوە. دونیا بۆ مرۆڤ دروست نەکراوە. مرۆڤ لە دونیادایە.
کاتێک مرۆڤ چووە سەر مانگ، ئەوەی زیاتر بۆی ڕونبوەوە بچوکی خۆی بوو لەگەردووندا. وێنەی زەوی لە مانگەوە، ئەو پەیامەی گەیاندا کە ئەم هەسارەیە لاواز و بچوکە لە هەناو سیستەمی ناکۆتای گەردوندا، بۆیە مرۆڤ دەبێت خۆی خەمی زەوی بخوات وەک ماڵی خۆی و زەوی ناکۆتانیە و دەکرێت پیس بێت، وێران بێت. 
عەلمانیەت بە گشتی لە بواری سیاسەتدا لە دونیای ئێمەدا لە قەیراندایە. ئەوانەی بانگەشەی عەلمانیەتیانکردوە لە ڕابوردودا، لە ڕوانگەی ئایدەلۆژیایەکەوە کردویانە. ئەم ئایدەلۆژیایە مرۆڤ ناوەندەکەی نەبوە. بەڵکو جۆرێک لە مرۆڤ یان توێژێک لە مرۆڤ کرۆکیەتی. زانست کرۆکەی نەبووە. 
چەندین دەیەی ڕابوردوو ئەزموونی ئەوەی پێداین کە ئاین ناتوانێت سیاسەت بکات لە دونیای ئەمڕۆدا. کرۆکی ئەم پرسە لەقەیرانێکی بونیادی گەورەدایە، ئەویش خۆی لە یەک بەرامبەر فرەدا دەبینێتەوە. بە مانایەکی تر، دوبارە بەرامبەر گۆڕاو. لە بەناو شۆرشی ئێرانییەوە، ئاین گەڕایەوە بواری گشتی، لە دەورەبەری ئێمەدا. ئەمڕۆ زۆربەری زۆری ئێرانییەکان، نەک هەر نایانەوێت لە ژێر سایەی سیستەمێک و ڕژێمێکی ئاینیدا بژین، بەڵکو بە زۆری وازیان لەئاینەکە خۆشی هێناوە. ئەمە بۆ هەموو وڵاتە ئاینیەکانی تریش ڕاستە کە ڕژێمی سیاسی و ئەخلاقییان لە قەیراندایە، دەکرێت سعودیە و تورکیا وەک دوو نموونە وەربگرین. ئەمە لەهەمانکاتدا دەرخەری قەیرانێکی ترە کاتێک ئایین و دەوڵەت نەتەوە لەیەکتر مارە دەکرێن. ئایا دەکرێت لەهەمانکاتدا ئاینیانەو دەوڵەت نەتەوەییانە بیربکەینەوە؟ ئەمە لەهەموو وڵاتە ئیسلامیەکانی وەک ئەندەنوسیا، مالیزیا، پاکستان، ئێران، تورکیا، سعودیە و زۆر وڵاتی تردا بەڕێوەدەچێت. بۆ نموونە دوژمنی دەوڵەت دەبێتە دوژمنی ئاین. ئەمە لە ئێران و تورکیا بەزەقی دژ بە کورد دەبینین. 
دیارە گەرانەوەی ئاین، مەحاڵ نییە، بەڵام هەمیشە لەسایەی زانست و مرۆڤدا دەبێت. ئەم دیاردەیە لە ئەمریکا بە زەقیی دەبینین. بەهۆکاری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، بازرگانییەکی گەورە بە ئاینەوە دەکرێت لە ئەمریکا. چل ملیۆن کەس بڕوایان وەهایە کە چیرۆکی ئینجیلی بۆ لێکدانەوە دونیا ڕاستە. بەڵام بە گشتی ئەمانە ژیانێکی سێکیولار دەژین. 
ئەمەش لەدونیای ئێمەدا بە زەقی دەگوزەرێت. باڵاپۆشی ئافرەتان مانای ئەخلاق و بێئەخلاقی نییە. هەزاران ساڵە مرۆڤی کورد بەو شێوەیە جل ناپۆشێت. دایکی زۆرینەمان بەو جۆرە جل لەبەر ناکات. ئەمە مانای ئەوەنییە کە ئەخلاقی نییە. باڵاپۆشی هیچ پەیوەندی بەئاین و ئەخلاقەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسییە. ئەوەی ئەو جلانە دەپۆشێت، پێش ئەوەی پەیامی ئەخلاق و باوەڕمان پێبدات، پەیامی ئەندامێتی گروپێک یان حیزبێکی سیاسی تایبەتمان پێدەدات. بۆیە بەڕوونیی ئەو کەسانە ئامرازی ئایدەلۆژیین، نەک خەڵکانی ئەخلاقدار لەدەریایەکی بێئەخلاقدا. 
ئاین دەکرێت زۆر بەسوودبێت، بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگاش. ئاین پاڵنەری کاری خۆبەخشییە. کۆکەرەوەی مرۆڤەکان لەدەورەی بەهاو باوەڕ و ڕیتچواڵ. دیارە ئەم باوەڕو بەهایانە بەدوور لەتوندڕەویی و تەکفیریی و خۆ بە باڵا زانین. ژیانی ئاینی ئاسانە. رۆژو ساڵەکان پڕن لەڕووداۆکەی بچووک، کە وەها دەکەن مرۆڤ لەبۆشایی و بەتاڵی ڕزگاری بێت. ئاین دەکرێت پارێزەری مرۆڤ بێت لەنەخۆشییە مۆدێرنەکان، وەک خەمۆکی، خۆکوژی، تەنیایی و بێمانایی. بەڵام ئاینی سیاسی ئەمانە دەستەبەرناکات.

وتاری زیاتر

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      37 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      29 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      32 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      48 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      77 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      112 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      68 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      84 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      68 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      97 جار بینراوە




جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      121 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      73 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      75 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      119 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      82 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      65 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      99 جار بینراوە



رەخنە چییە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-12 18:56      140 جار بینراوە

بایدن و مافەکانی مرۆڤ‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-05 14:36      165 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو