بورهان شێخ رەئوف

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی بایدن و كازمی

  2021-02-28 17:38      72 جار بینراوە        کۆمێنت

لە وتاری هەفتەی پێشوومدا ئاماژەم بەوەدابوو كە تا ئێستا جۆزیف بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە وتار و لێدوانەكانیدا بە هیچ كلۆجێك باسی عیراقی نەكردووە، هەرچەندە عیراق لە دوای ساڵی 2003 وە گۆڕەپانێكی كراوەی ململانێی درێژخایەنی ئەمریكا و ئێران بووە، بۆیە ئەم حاڵەتە لە رووی ناوخۆیی و دەرەوەشدا بووبوو بە مایەی رەخنە و گلەیی و گازندەی زۆر، كە لێكدانەوەی زۆری هەڵدەگرت.

شەوی 24/2/2021 شەوێكی گرنگ بوو بۆ عیراق و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، چونكە سەرۆكی نوێی ئەمریكا یەكەم پەیوەندیی تەلەفۆنی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیشدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراقدا كرد، هەروەكو كازمی لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی تویتەر رایگەیاندووە، كە «لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، باسی پێشخستنی پەیوەندییەكانی هەردوولا و بەهێزكردنی هاوبەشی بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات و كاركردن بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەكەدا كردووە، لەگەڵ بەردەوامبوونی هاریكاری بۆ بەگژداچوونەوەی داعش، هەروەها پێداگریمان كردەوە لەسەر درێژەدان بە دیالۆگی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای سەروەریی نیشتمانیی عیراقی».

پێگەی عیراق بۆ ئەمریكا گرنگە، هەر ئەوەش وایكرد سەرۆكی ئەمریكا لە جیهانی عەرەبیدا كە زۆریان بەتەمای ئەوەبوون پەیوەندییان پێوەبكرێت، عیراقی هەڵبژارد، چونكە عیراق لەگەڵ ئەمریكا هاوبەشێكی گرنگی شەڕی تیرۆر و داعش بوو، سەرباری ئەوەی عیراق گیرۆدەی كێشەگەلێكی خوڵقێنراوی ناوخۆیی و دەرەكیشە، بەڵام هێشتا لە سەرەتای رێگەیەكی سەختی بەرەو دیموكراتیزەبوون و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەستەڵاتدایە.

لەوەش گرنگتر، پەیوەندییەكەی بایدن بە كازمی-یەوە لەوەناچێت پەیوەندییەكی ئاسایی و سەرپێی و رێكەوت بێت، بە قەد ئەوەی كە حسابی وردی بۆ كراوە، بەڵكو دەخوازێت لە یەك كاتدا مەسجگەلێكی روون و راشكاو بگەیەنێت، لەوانە:

1. بەردەوامیی هاریكاریی ئەمریكا بۆ عیراق .

2. ئارەزووی تەواوی ئەمریكا بۆ كۆمەكردنی عیراق، بۆ تێپەڕاندنی زۆرێك لە كێشە هەنووكەییەكانی.

3. داننان بە رۆڵی میحوەریی عیراقدا.

4. متمانەدانی بایدن بە كازمی و تیمەكەی و رێزگرتن و سەرسامبوونی بە هەوڵەكانی بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری، بە تایبەتی هەوڵەكانی بۆ رێكخستن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بە شێوەیەكی پاك و بێگەرد و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و تاقم و میلیشیا چەكدارەكان، كە مسۆگەری سەردەمێكی نوێ‌ لە عیراق بكات، كە هەموو پێكهاتەكانی عیراق دڵخۆش بكات.

كازمی لە ئایاری 2020 دا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە متمانەی پێبەخشرا، وەكو حكومەتێكی راگوزەر بۆئەوەی زەمینەسازیی بكات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد بە یاسایەكی هەڵبژاردنی نوێ‌، بەگژداچوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و نوێكردنەوەی سیستمی تەندروستی، چاكسازی لە هێزەكانی ئاسایش و سنوورداركردنی چەك بەدەستی دەوڵەتەوە، چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، پاراستنی مافی ئازادیی خۆپیشاندان و دەستپێكردنی دیالۆگی نیشتمانی، هاوسەنگكردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی عیراق، سەربەخۆبوونی دادگاكان و سزادانی تاوانباران، بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دانانی سنوورێك بۆ بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی عیراق.

ئیستا لە دوای نۆ مانگ لە دەستبەكاربوونی، ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێك لە كارەكانی حكومەتەكەی كازمی بدەینەوە، دەكرێت بزانین لەو ئامانجانەی كە دانرابوون بۆ حكومەتەكەی، چەندی جێبەجێ‌كراوە؟
هەرچەندە كازمی لەلایەن ناوەندە دەسەڵاتدارەكانی عیراقەوە كۆت و بەند و لەمپەری گەورەی بۆ دروستكرابوو، لە ناوەوە ‌و دەرەوەی وڵاتیش، بەڵام لە هەندێك سیكتەردا سەركەوتنی بەدەستهێناوە ئەگەر كەمیش بێت، لەوانە:

1. ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ‌و زۆر هەنگاویشی بۆ نراوە. ئازادكردنی 47 %ی گیراوانی سیاسیی خۆپیشاندانەكان.

2. راهێنانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ چۆنێتیی هەڵسوكەوتی هێمنانە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا.

3. دەستپێكردنی دیالۆگی نیشتمانی لەگەڵ خۆپیشاندەران لە هەموو پارێزگاکاندا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانیدا.

4. گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریكا بۆ چۆنێتیی كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە عیراق.

5. سیاسەتی هاوسەنگی و میانڕەوی و كرانەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بە تایبەتی سعودیە و كردنەوەی خاڵی سنووری عەرعەر و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە گەڵ ئوردن و توركیا.

وتاری زیاتر








نهێنیی بەهێزیی ئەمریكا‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-01-29 11:07      89 جار بینراوە




گەشتە ئەوروپییەكەی كازمی‬ بورهان شێخ رەئوف
2020-10-25 15:09      83 جار بینراوە











نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو