فەیسەڵ عەلی

ناسەنتراڵی و حوكمڕانیی چاك

  2021-02-28 21:08      63 جار بینراوە        کۆمێنت


شێوازی رێكخستنی ئیداریی تەقلیدی یان سەرەتایی لە سەدەی رابردوودا، سەنتراڵی ئیداریی بوو، كە بە مانای چڕكردنی هەموو وەزیفە ئیدارییەكان لە دەستی دەسەڵاتی ناوەندیدا دێت، بە تەنیا ئەو دەسەڵاتە مافی دەركردنی بڕیاری لە هەموو وڵاتدا هەیە و سەرپەرشتی هەموو دامەزراوە گشتییە نیشتیمانییەكان، بە ناوخۆییەكانیشەوە دەكات، بەوەش هەموو بەرژەوەندییە ئیدارییەكان دەچێتە خزمەتی حوكمڕان و دارودەستەكەیەوە.

رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە
ئەو پەرەسەندنە خێرا و جۆرییەی كە پەیوەندییەكانی نێوان هاووڵاتی و ئیدارە بەخۆیەوە بینیویەتی، لە ئەمڕۆدا بۆ دەوڵەتە نوێ و دیموكراتییەكان بۆتە ئەستەم كە بتوانێ هەموو كاروباری وڵات لە پایتەختەوە بەڕێوەبەرێت، لەبەرئەوە، دەبینرێت لەو دەوڵەتانەدا سەنتراڵی پاشەكشێیەكی بەردەوامی بەخۆیەوە بینی و رووبەڕووی ئاستەنگی راستەقینە و ئاڵۆز بووەوە، كە هاوكاتی زیادبوونی بەردەوامی پێداویستییەكانی هاووڵاتیانیش بوو، كە دەبوو وەڵامی خواست و ئارەزووەكانی بداتەوە و لە چۆنێتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا بەشداری پێبكات، هەروەها لە كورترین ماوە و بە كەمترین تێچوون و بە ئاسانترین شێواز بكات، ئەویش لە چوارچێوەی دابەشكردنی رۆڵە ئیدارییەكان لە نێوان ناوەند و پارێزگا و ناوچەكاندا بوو، بەپێی سیستمێكی ئیداری كە لەسەر بنەمای ناسەنتراڵی دامەزرابێت، بەوەی كە سەرچاوەی سەرەكی بەرەوپێشبردن و گەشەكردنی ناوچەییە و رواڵەتێكی دیموكراتیشی هەیە، هەروەها خواستی جەماوەریشە، كە لەسایەی سەنتراڵیدا رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر كەشی سیاسی دەبێت.

ناسەنتراڵی، سیستمێكی ئیدارییە، لێوەی دامەزراوە ئیدارییەكانی پارێزگا و ناوچەكان كەسایەتی یاسایی خۆیان هەیە و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی خۆیان كە لە سەنتراڵ وەریانگرتۆتەوە دەكەن.

پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە نییە
ناسەنتراڵی شێوازێكە لە شێوازەكانی رێكخستنی ئیداری، كە بەهۆیەوە وەزیفە ئیدارییەكان لە نێوان ئیدارەی سەنتراڵی لە پایتەخت و پارێزگا و ناوچەكان دابەش دەكرێت، دەسەڵاتی پایتەخت دەبێتە سەرپەرشتیار و لەڕێی دەزگا چاودێرییەكانەوە بەدواداچوون بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی كار و ئەركەكانیان دەكات. ئەو بەشكردنی دەسەڵاتە تەنیا ئیدارییە و پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە نییە.

ناسەنتراڵی سیاسی، سیستمێكی سیاسیە، بەهۆیەوە وەزیفەی سیاسی لە نێوان دەوڵەتی فیدراڵ و هەرێم و پارێزگاكان بەش دەكرێت، ئەو پەیوەندییە بەپێی دەستوور رێكدەخرێت، بە پێچەوانەی ناسەنتراڵی ئیدارییەوە كە یاسا ئیدارییەكان رێكیان دەخات، بەوەی كە دیاردەیەكی گشتیی ئیدارییە و تەنیا پەیوەندی بە ئەدای وەزیفە ئیدارییەكانەوە هەیە و كاری بە سیستمی حكومڕانیی سیاسییەوە نییە. ئەم ناسەنتراڵییە ئیدارییە دوو جۆرە، ناسەنتراڵی پەیكەری و ناسەنتراڵی هونەری.

دوو جۆری ناسەنتراڵیی ئیداری
ناسەنتراڵی پەیكەری: بریتییە لە پەیكەرێكی ئیداری ناوچەیی، كە لەلایەن دەستەیەكی هەڵبژێردراوی ئەو ناوچەیەوە بەڕێوەدەبرێت، بڕیارەكان بەناوی ئەوانەوە دەردەچێت نەك بەناوی دەوڵەتەوە، ئەم ئیدارە ناسەنتراڵە ملكەچی ئیدارەی سەنتراڵی نابێت، واتە بەرپرسانی دەسەڵاتە ناوچەییەكان لە ژێر فەرمانی دەسەڵاتە سەنتراڵییەكەدا نابن، ئەوان لەلایەن دەسەڵاتی سەنتراڵەوە دانامەزرێن، بەڵكو لەڕێی هەڵبژاردنێكی ئازاد و راستەوخۆدا لەلایەن هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام ئەمە رێگر نییە لەوەی كە دەسەڵاتی سەنتراڵی سەرپەرشتی ئەو دەسەڵاتە ناوچەییە بكات و ئاگاداری چۆنێتی جێبەجێكردنی یاساكان بێت.

ناسەنتراڵی هونەری: بوونی هەندێك دامەزراوەی گشتییە لە پارێزگا و ناوچەكاندا، جیا لە ناسەنتراڵی پەیكەری، ئەم دامەزراوانە درێژەپێدەری سەنتراڵی دەبن و لقە دەرەكییەكانی بەڕێوەدەبن، بەبێ ئەوەی ئەوانە لەلایەن هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەوە هەڵبژێردرێن، بەڵام كەسایەتی مەدەنی و سەربەخۆیی داراییان هەیە و هەوڵی جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی سەنتراڵ لە بوارەكانی خۆیاندا دەدەن، لە بودجەی گشتیی دەوڵەتدا بودجەیان بۆ تەرخان دەكرێت. لەگەڵ زیادبوونی بایەخدان بە پرسەكانی حوكمڕانیی چاك و شەفافبوونی پەیوەندییەكانی نێوان توخمە هەمەجۆرەكانی دەوڵەت، حكومەت دەبێ بە قەبارەی ئیدارەی سەنتراڵی خۆیدا بچێتەوە، بەرپرسیارێتی و شەفافیەت بكاتە پێوەری رەفتارەكانی و رۆڵی ناسەنتراڵی لەڕێی پێدانی دەسەڵاتی فراوان و بەرپرسیارێتی گەورەتر پتەو بكات، ئەویش لەمیانی پێدانی سەربەخۆیی زیاتر بۆ ئەوەی بەشداری لە گەڵاڵەكردنی بژاردەكانی گەشەپێداندا بكات. بەو جۆرە پرنسیپی ناسەنتراڵی لەمیانی گۆڕینی ئیدارەی پارێزگا و ناوچەكان بۆ دامەزراوەی گشتی گەشە دەكات، كە كەسایەتی مەعنەوی و سەربەخۆیی دارایی و دەسەڵاتی فراوان و مرونەتی زیاتری لە بڕیار و چارەسەركردنی كێشەكاندا هەبێت.

حوكمڕانیی باش، بەرەو گرتنەبەری ناسەنتراڵی هەنگاو دەنێت، بە بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە بڕیاردان بەپێی میكانیزمی یاسایی و لێپرسینەوە لە دامەزراوە ئیدارییەكاندا لەمیانی پەیكەری تایبەتمەندی وەك، چاودێری و میدیا و پەرلەمان و دادگاكان، پاشان پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و گروپە ناوخۆییەكان و پێكهاتەكانی كۆمەڵی مەدەنی و لایەنە كۆمەڵایەتییەكان رێكدەخاتەوە.

بەكورتی، ئەو پەرەسەندنانەی ئەمڕۆ جیهان لە نێوجەرگەی بەجیهانیبوون و دووبارە سازدانی رۆڵە كۆمەڵایەتییەكاندا لەسەر ئاستی نیشتمانیی بەخۆیەوە دەیبینێت، ئیدارەی سەنتراڵی ناچار كردووە تا لە ئەركەكانیدا پاشەكشێ بكات، خۆی بۆ ئەركە سەرەكییەكانی پەیوەندیدار بە سیادە و یاسادانان و پەیوەندییە دەرەكییەكان و بەرگری، تەرخان بكات، هاوكات سەرپەرشتی ئیدارە ناسەنتراڵەكان بكات، بۆ ئەوەی ئەركەكانیان وەك ئەوەی هەیە بەڕێوەببەن.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

وتاری زیاتر

دراوی گریمانەیی و نالۆجیكی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-04-12 19:30      36 جار بینراوە

تیمی مێروولەی سپی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-04-05 18:23      39 جار بینراوە

تەنەکەی خۆڵ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-29 19:16      62 جار بینراوە

بیتـكۆیـن دراوێـكی ئــاڵـــۆز‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-27 13:56      43 جار بینراوە

ریفۆرم لەنێوان نییەت و واقیعدا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-22 19:19      32 جار بینراوە

گەنجیی زانكۆو پیربوونی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-14 14:02      46 جار بینراوە

حەقیقەتی درۆ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-08 21:26      48 جار بینراوە



مێژووی یارییەک‬ فەیسەڵ عەلی
2021-03-04 21:08      75 جار بینراوە

فێڵێک ناوی نۆبڵە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-02-27 13:57      65 جار بینراوە


هەڵكشانی نرخی نەوت‬ فەیسەڵ عەلی
2021-02-22 14:10      90 جار بینراوە


بۆ دواده‌که‌وین ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-02-14 15:41      73 جار بینراوە



کەلتووری شۆستە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-02-06 22:31      82 جار بینراوە


نەمدەزانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-01-25 17:51      91 جار بینراوە


بازاڕی نەوت بەرەو كوێ؟‬ فەیسەڵ عەلی
2021-01-11 14:32      86 جار بینراوە


خیانەتکاران نیشتمانیان نییە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-01-04 13:07      89 جار بینراوە

کیسەڵ و کەروێشک‬ فەیسەڵ عەلی
2020-12-28 13:03      102 جار بینراوە



رۆبوتی هاوڕێم‬ فەیسەڵ عەلی
2020-12-21 13:02      92 جار بینراوە

بــایـەخـی تــوێـژیـنەوە‬ فەیسەڵ عەلی
2020-12-19 19:44      106 جار بینراوە

مێشکی مشک و ددانەکانت‬ فەیسەڵ عەلی
2020-12-18 11:41      95 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو