ئەوەی ئێستا لەنێوان یەکێتی و پارتی روو دەدات، شەڕی بەرژەوەندی ئابووری و دابەشکردنی پشک و گرتنی ئەم گردو ئەو دۆڵ نییە، بەڵکو بەریەککەوتنی جیاوازییەکان، یان روونتر شەڕی جیاوازییەکانە. لەبارەی حوکمڕانی و ئازادی رادەربرین و پرسی دیموکراسی و مامەڵەکردن لەگەڵ خەباتی بەشەکانی تری کوردستان، یەکێتی و پارتی لەنزیکەی نیو سەدەیە ناکۆکی و جیاوازییان ھەیە، ھۆکاری ھەڵکشانی گرژیی پەیوەندی یەکێتی و پارتی، چۆنێتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی حوکمڕانییە لەلایەن سەرۆکی کابینەی نۆیەمەوە، لەباتی سەربەخۆکردن و کاراکردنی دەزگای دادوەری دەستێوەردان تاڕادەی زەلیلکردنی دادوەری ھەیە، لەباتی قوڵکردنەوەی ئازادی ڕادەربرین تادێ مەوداکانی دیموکراسی قەتیس دەکرێ تاڕادەی خنکاندنی ھەیە.
یەکێتی کە رچەشکێن و دەستپێشخەرو پێشەنگی دیموکراسی و پاڵپشتی کردنی خەباتی رەوای بەشەکانی تری کوردستانە، ناکرێ دوای ٢٩ ساڵ حوکمڕانی ھاوبەشی کابینەیەک بێت، کە تازە بە تازە ئازادی رادەربرین ئەخکێنێ و دادگاکان زەلیل ئەکات، پارتی کە پێکھێنەری حکومەتە، بەنایاسایی ٥٠٠٠ چەکدار بۆ ئەنەکەسە تەعین ئەکات، بارەگاو میدیا بۆ ھەندێ پارت و حزبی رۆژھەڵات ئەکاتەوە ئاساییە، کەچی شەش گەنج بەسیناریۆیەکی کرچ و کاڵ بەتاوانی پەیوەندییان بە پەکەکەوە سزای شەش ساڵ زیندانی دەکات، دەبێ پارتی بزانێ حوکمرانی دائیرەو وەزارەتەکان و ھەندێ رۆتینات نییە، حوکمڕانی سەرکەوتوو ئەرکێتی ئۆقرەیی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزێ و دڵنایی بۆ کەسابەتو بازاڕو ھەتا دەروونی خەڵکیش دەستەبەر بکات، ئەم کابینەیە نەک ئەوە ناکات، کەچی پێچەوانەکەی ئەکات و بەدەستی خۆی ئۆقرەیی و متمانەو دڵنیایی ئەکوژێ، ئەوەی روو دەدات لەئاستی ناوخۆ کوردستان بەرەو پشێوی و کێشەی قووڵتر دەبات، لەئاستی دەرەوەش ناوبانگی حوکمڕانی کوردستان ناشیرین دەکات. سعودیە پەرژەوەندی ملیارەھا دۆلاری بۆ ئەمریکا دروستکردووە، بەڵام ئەمریکا لەسەر کوشتنی خاشقچی خەریکە لەگەڵیدا تێکیدەدات، ئەمە بۆ کوردستان ئاسانترە.