د.سۆران جەمال تاهیر

یادی راپەڕین

  2021-03-07 12:53      67 جار بینراوە        کۆمێنت

(5/ئازار/1991) رۆژێكی پرشنگدار و گرنگە لە ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان، ئەو رۆژە بە بازوو و هێزی خەڵكی ئازای كوردستان، توانرا دەسەڵاتی حكومەتی بەعسی فاشست راماڵرێ‌ لە كوردستان و سەرەتاكەی لە شاری رانیە دەستیپێكرد.

بەدرێژایی حوكمی حزبی بەعس لە عیراق، گەلی عیراق نەهامەتیی زۆری بینی لە زیندانیكردنی سیاسیی ئازادیخوازان و نەهێشتنی كەشی ئازادیی رادەربڕین، زیندانیكردنی لاوان و ژنان و برسیكردنی گەلەكەی، ئەنجامدانی ئەم كارانە بەبێ‌ هیچ هۆیەك بووە، تەنها بۆ ترساندنیان، گیرۆدەكردنی دانیشتووانەكەی بە جەنگی ئێران-عیراق، كە ماوەی (8) ساڵی خایاند و (سەدان هەزار) كوژراو (دەیان هەزار) زیندانی كرا، داگیركردنی وڵاتی كوەیتی دراوسێ‌ لە (2/8/1990) و وێرانكردن و دزینی سامانەكەی، وێرانكردنی شاری هەڵەبجە بە تۆپ و گازی كیمیایی، كە تیایدا (5000) هاووڵاتی بوونە قوربانی، گۆڕینی دیموگرافی شارەكان بەجێبەجێكردنی سیاسەتی تەعریب، قڕكردن و جینۆسایدی كورد لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال، كە زیاد لە (182) هەزار كەس بوونە قوربانی، ئەمانە و هەزاران تاوانی تر، بوونە ئەستووربوونی رقی جەماوەر و ئارامنەگرتن لەوە زیاتر، بۆیە بەپێی بەرنامەیەكی گونجاو، بە هەماهەنگی نێوان جەماوەر، رێكخستنی ناوشار و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رابەرایەتی (ی.ن.ك) راپەڕین كرا.

كێ‌ راپەڕینی كرد؟
دیارە ئەو هۆكارانەی، كە باس كران، خەڵكی كوردستان لە هەموو كوردستان خرۆشان، بەشی زۆری هاووڵاتیان بەدەست برسێتی و ئابڵوقەی ئابووری دەیانناڵاند، بۆیە بە هەماهەنگی نێوان خەڵك و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لایەنەكان و بە سەرپەرشتیی (ی.ن.ك) و پێشبینیی سەرۆك مام جەلال، توانرا بە بەرنامەیەكی تۆكمە دەستپێبكەن، پاش ئازادكردنی رانیە، شەپۆلی ئازادكردنی زۆربەی شارەكانی تری گرتەوە، ئەوەبوو لە (7/3/1991) سلێمانی و پاشان (11/3/1991) هەولێر و پاشان هەموو شار و شارۆچكەكانی گرتەوە بە خانەقین و مەندەلی، پاشانیش بە ئازادكردنی كەركوك، هەموو كوردستان ئازادكرا و ئاڵا لەسەر چیای حەمرین هەڵكرا، كە دواسنووری باشووری كوردستانە. هەربۆیە، ئەو ساڵە جەژنی رۆژی نوێی كوردی و نەورۆز و جەژنی ئازادی، تێكەڵ بوو بەڕۆژێكی مێژوویی و خۆشی چووە ناو ویژدان و یادو یادەوەریمان.

ئامانج و ئەنجامی دوای راپەڕین، گەلێ زۆرن، كە دیارترینی ئازادیی رادەربڕین و كاری سیاسییە، پاشانیش پراكتیزەكردنی ژیانی دیموكراسی و ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردن لە (21/5/1992) و دواتریش دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دامەزراندنی چەندین زانكۆ و نەخۆشخانە و خوێندنگە، بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان و بەبازاڕكردن، بازاڕی ئازاد و هاندانی سەرمایەگوزاران بۆ بەگەڕخستنی كارگە گەورەكانی چیمەنتۆ و شیش و مەڕمەر و دروستكردنی ژمارەیەكی ئێجگار زۆر پاركی سەوزایی و رێگاوبان، فراوانكردنی شار و شارۆچكەكان و دروستكردنی دوو فڕۆكەخانەی گەورە و چەندین هۆڵ و یانەی وەرزشی و دامەزراندنی سەدان رێكخراوی ناحكومی بۆ گرنگیدان بە ژنان و خوێندكارو لاوان.

وا (30) ساڵ بەسەر ئەو یادەدا تێپەڕدەبێت، كە هەموو شانازیی پێوەدەكەین، وەك (ی.ن.ك) دووپاتیدەكەینەوە كە ئەو بیروڕایەی هەبوو پێش راپەڕین، بەردەوامیی پێدەدەین، كە ئەویش رێزگرتنی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی گشت خواستەكان و ئومێدەكانی گەلی كورد لە چوار پارچەی كوردستان و حوكمڕانیكردنی خۆماڵیی كوردی لە رێگەی سیستمی لامەركەزی و پاراستنی قەوارەی سەربەخۆی هەرێم، سیستمی فیدراڵی لە عیراق و گرنگیدان بە پێشمەرگە و بەردەوامیی ریفۆرمی سیاسی و سەربازی، چارەسەركردنی دیاردەی گەندەڵی، ئەمانە هەمووی گرنگن و لە ئەولەویەتی سەركردایەتیی یەكێتی-ن بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە تێپەڕێت و خەونی دوژمنانمان لە گۆڕبنێین، خەڵك با ئازاد بێت لە بازرگانیكردن، لە دەربڕینی بیروڕا و نووسین و رەخنەگرتن لە دامودەزگاكانی كوردستان بەمەبەستی چاكسازیكردن لە هەڵەكانی رابردوو، گرنگی بە مافی پێكهاتەكان بدەین لە هەموو ئایین و ئاینزاكان، بەتایبەتی مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی و سابیئەكان و هەموو بەرنامەكانمان لەچوارچێوەی دابینكردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان كۆبكەینەوە.

دووبارە پیرۆز بێت یادی راپەڕین
دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان
سەرفرازیی بۆ كەسوكاریان، بۆ خەڵكی بەشەرەفی دەڤەری راپەڕین، بۆ خەڵكی سەربەرز و ماندووی كوردستان

د.سۆران جەمال تاهیر
ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو