جەزا سەید مەجید

یەكێتی دوای كۆنگرەی چوار پەیامەكانی راپەڕین بەجێ دەگەیەنێت

  2021-03-07 14:07      82 جار بینراوە        کۆمێنت

سی ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، هاووڵاتیانی شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رێكخستنە نهێنییەكانی ناوشاری یەكێتی، دژ بە حوكمی بەعسی فاشی؛ راپەڕین بۆ هێنانەدیی كوردستانێكی ئازاد و خۆشگوزەران، كە هاووڵاتیان بە شكۆوە تیای بژین. ئێستا و دوای سی ساڵ بەسەر راپەڕینی پیرۆزی خەڵكی كوردستان و لە سێ دەیەی رابردوودا، فاكتەرە دەرەكی و ناوخۆییەكان، كۆسپی گەورەی بەردەممان بوون لە نەگەیشتن بە دوا ترۆپكی سەركەوتن، كە خۆی لە كوردستانێكی تەواو ئازاد و چەسپاندنی سەروەریی یاسا و سوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە دەوڵەمەندیی سەرخان و ژێرخانی كوردستانەكەمان، دەبینێتەوە.

هاووڵاتیانی شاری هەڵمەت و قوربانی، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. یەكێتی، دوای كۆنگرەی نوێبوونەوە، جارێكیتر و لە قۆناغێكی تری خەباتی نوێ دا، كاردەكات لەسەر بەئەنجامگەیاندنی پەیام و دروشمەكانی راپەڕین، هەوڵەكانی لە دابینكردنی مووچە بۆ مووچەخۆران و بودجە بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەرێمەكەمان و چەسپاندنی یاسا لە كوردستان و شەفافیەت لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكانی حكومەت و فراوانكردنی پانتاییەكانی دەربڕینی بیروڕای ئازاد و هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و یەكڕیزیی و یەكگوتاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان، لە هەمووشی گرنگتر دەبینە لەمپەری بەهێز و سەرسەخت و لە بەرامبەر هەموو دەستوەردانەكان دەوەستینەوە كە دەكرێن لە سێكتەرە حكومییەكان بە گشتی و دادگاكان بەتایبەتی، هەروەها سازش لەسەر هیچ بابەتێك ناكەین و باجەكەی هەرچی بێت ئامادەین بیدەین، كە بڕوای تەواومان هەیە پاڵپشت بە خوێنی شەهیدان و بە خەڵكی خۆمان دەگەینە ئامانج، كە پێمانوایە هەر ئەمەیە كوردستانێكی لێ دروست دەبێت، رۆحی شەهیدەكانمان ئاسوودە دەكات و لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی نەوەكانی ئێستادا بێت.

هەروەها، بەڵێن دووپاتدەكەینەوە لەسەر بەردەوامیدانمان بە رێبازی رابەری مێژووییمان سەرۆك (مام جەلال) و لەپێناوی خوێنی شەهیدان، ئەولەویەتی كارەكانمان بۆ گەڕانەوەی بەها و شكۆبێت بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە و رەنگدانەوەی پەیامی (لە زمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگاداربكەرەوە حەوتی مانگ زەماوەند بكەن.. ئێمەش دەگەینە لاتان) لە دڵ و دەروونی خەڵكدا، كە ئەم پەیامە باشتر لە رابردوو بچێتە ئەدەبیات و مێژووی گەلەكەمانەوە، چونكە بیستنی پەیامەكە، سەرەتای كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری حوكمی بەعس بوو، هەروەها مژدەی هاتنی سەردەمێكی نوێ و دامەزراندنی سیستمی حوكمڕانی خۆماڵی بەدواداهات، كە هەزاران شەهیدمان لە پێناویدا بوونە رەمزی بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی بەعس و بەرگریی لە هاووڵاتیان و خاكی ئەم هەرێمە.

ئەمڕۆ، یەكێتییەكەمان لە بەردەم خوا و ئێوە، پشتبەستوو بە كارنامەی كۆنگرەی چواری نوێبوونەوە، مژدەی هاتنی سەردەمێكی نوێتان پێدەدات، كە لە ئاستی چاوەڕوانیی هەمووان بێت، تیایدا هەموومان بە خۆشی و یەكسانی و دادپەروەریی لەم هەرێمەدا، كە بەرئەنجامی خەباتی شۆڕشی نوێ و راپەڕینە، بە ئاسایی و دروستی ژیانێكی تەندروستی تیا بەڕێبكەین.

جارێكیتر سەری رێز و نەوازش لەبەردەم كێلی شەهیدانی راپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان دادەنەوێنم و سڵاو دەنێرم بۆ رۆحی بەرزەفڕیان.

جەزای سەید مەجید
لێپرسراوی مەڵبەندی 1ی رێكخستنی سلێمانی

وتاری زیاتر



یەکێتی دوای چوارەمین کۆنگرە‬ جەزا سەید مەجید
2020-06-01 17:31      161 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو