لەم حكومەتەی خۆماندا بە تایبەت لە ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا، زۆر بڕیار و رێنمایی دەردەچن كە بە وردی توێژینەوەیان بۆ ناكرێ و لە كاتی خستنەڕوویاندا جۆرێك لە هەڵەشەییان پێوە دیار دەبێ، رەخنەی جددی و قسەی زۆریش لەو بارەیەوە دەبنە بابەتی رۆژەڤ، رووشیداوە بڕیارێك دەدرێ بەڵام پێش ئەوەی مەرەكەبەكەی وشك ببێتەوە و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە بڕیارێكی تر هەڵدەوەشێنرێتەوە یاخود سەرلەبەری رەتكراوەتەوە و لایەنی پەیوەندیداریش تووشی ئیحراجی كراوە.
لەگەڵ هەموو ئەو راستییانەشدا، كەم روویداوە كاتێك وەزارەتێك لە سێكتەرێكی دیاریكراودا لە رێگەی كەسانی تایبەتمەندەوە هەنگاوێكی باش بە ئاراستەی رێكخستنەوە بهاوێژێ و لێ بگەڕێن هەنگاوەكە تا سەر جێی خۆی بكرێ. لێرەدا وەزارەتی پەروەردە بە نموونە وەردەگرین.
كەسمان لاریمان لەوە نییە كە مەترسیی كۆرۆنا و جۆرە جیاوازەكانی بۆ ئەم قۆناغە مەترسیی گەورەن، بەڵام بۆ پڕۆسەیەكی گرنگی وەك پەروەردە جێی هەڵوەستەیە و ناكرێ هەركاتێك مەترسییەكە زیاتربێ، هەموو چارەسەرەكە لە داخستنی دەروازەكانی خوێندندا چڕبكرێتەوە.
جێی دەستخۆشی و هەمان كات دڵخۆشیش بوو كە لەو ماوە كەمەدا بڕیاردرا لە(10/2/2021) بە كردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی خوێندنگەكان، مامۆستایانی ئازیز و خوێندكاران، هاوكات كەسوكارەكانیشیان لە ماوەیەكی كورتدا دڵسۆزانە قۆڵی خزمەتیان لێهەڵماڵی و بە رەچاوكردنی رێنمایی و رێكارەكانی خۆپارێزی، توانرا تا (12/3/2021) دەوام بە رێكوپێكی بكرێ. هاوكات رووی گەشی خەمخۆرانیشی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتە لە خواری خوارەوە دەرخست، كە بەوپەڕی شەوقەوە رووە و پڕۆسەكە هەنگاویان نا و چاویان لە ئاست بێ مووچەیی و كەموكوڕییەكانی تری حكومەت و پێشێلكردنی مافەكانیان نوقاند و وەك ئەوەی هیچ لەگۆڕێ نەبێ، لێبڕاوانە رەوتی پەروەردە و پێگەیاندنیان خستەڕێ، بەڵام بڕیاردان بە داخستنی خوێندنگەكان، جارێكی تر بووە هۆكاری ئەوەی ئەو نەشئەیەی مامۆستا و خوێندكاران بۆ بەردەوامیی پڕۆسەكە هەیانبوو، روو لە داكشان بكاتەوە.
ئەمەش لەلایەك بووە مایەی ئیحراجكردنی وەزارەت و بەرپرسانی پەروەردە، كە باسیان لە رێكخستنەوەی تەنانەت پشووەكانیش دەكرد بۆ قازانجی دەوامی زیاتر، لەلایەكی تریشەوە، رەشبینیی مامۆستایان، خوێندكاران و كەسوكاریشیانی بە دوای خۆیدا هێنا، بەوەی كە ئاخۆ بۆچی تەنها سێكتەری پەروەردە دەكرێتە ئامانج؟ كەچی گەشت و سەیران و گردبوونەوە كۆمەڵایەتییەكان و تێكچڕژانی ناو بازاڕ و مۆڵ و كافیتریا و تەنانەت مزگەوت و شوێنە گشتییەكانی تریش لە جاران زیاتر برەویان پێدراوە، ئەگەرچی دوای بڕیارەکەی دوێنێی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە رێوشوێنە خۆپارێزییەکان، داخستنی هەندێک شوێنی تریش بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە با پلان و بڕیارەکان بەتەواوەتی و بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێن و با بەتەنها سێکتەری پەروەردە نەگرێتەوە بەتایبەتی کە قسەوباس گەرمە لەسەر هاتنی ئەم شەپۆلە نوێیەی کۆرۆنا، وەک بەگوێرەی هەواڵەکانیش ئاگادارین زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیشی گرتۆتەوە و زۆربەیان پەنایان بۆ کەرەنتینە بردۆتەوە، بەڵام دوا شوێن کە دایدەخەن بەگشتی خوێندنگە و زانکۆکانن نەک دەستبەجێ بە سێکتەری پەروەردە و داخستنی ناوەندەکانی خوێندنەوە دەستپێبکات.