ئەكرەم میهرداد

بۆچی رێکەوتنی هەرێم و بەغداد گرنگە؟

  2021-04-04 18:43      59 جار بینراوە        کۆمێنت

ناکۆکیی درێژخایەن مانای وایە هەردوولا لەسەر حەق نەبوون
                                                                                               

(فرانسوا ڤۆڵتێر)

بە بڕوای من رێکەوتنی هەرێم و بەغداد بۆ بودجە و مووچەی کوردستان بە گرنگترین رێکەوتن و وەرچەرخانی سیاسی و نیشتمانی بۆ هەرێم و بەغداد ئەژمار دەکرێ. ئەگەر ئەم بڕیارە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێ گەورەترین رێکەوتنە لەدوای بڕیاری دەستووریی بۆ پەسەندکردنی فیدراڵی هەرێم لەنێوان هەردوولادا.
بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان مەزنترین رووداو و وەرچەرخانی سیاسی و نیشتمانییە لەدوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی پارلەمان و حکومەتی هەرێم.
ساڵانی رابردووی دوای 2014 خەڵکی کوردستان لە هەلومەرجێکی دژواری سیاسی و ئابووریدا ژیاون سەبارەت بە سیاسەتی ئابووریی هەڵەی هەرێم و گەمارۆی زاڵمانەی ئابووری بەغداد بەسەر هەرێمدا و ئەم رێکەوتنەش دەتوانێ سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ رێکەوتن سەبارەت بە هەموو خاڵە دەستوورییەکان و مادەی 140 لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا .
لەئاستی هەرێمیش دا سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ لێکتێگەیشتن و رێکەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی و حزبەکانی تری کوردستان و دەرگا داخستنیشە بەرامبەر سیاسەتی تاکڕەوی لایەنێکی سیاسی سەبارەت بە مووچە و ژیانی خەڵکی کوردستان و هەر بەو ئەندازەیەش دەتوانێ دەمکوت کردنی هەموو ئەو هەلپەرستە پۆپۆلیستانە بێت کە ماوەی یازدە ساڵە لە گۆمی لیخن و شێواوی رەوشی ئابووریدا ویستیان خەڵک بە لاڕێدا بەرن و پرسە نیشتمانی و ئازادیخوازەکانی کوردستان لەبیر خەڵک بەرنەوە بەوەی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەبێ تەسلیمی بەغدا ببن، بەڵام ئەم رێکەوتنە سەلماندی کە پرسە چارەنەکراوەکانی هەرێم و بەغداد تەنیا بە بوونی دەسەڵاتی بەرپرس و عاقڵ لە هەرێمدا بە چارەسەر دەگەن نەک بە بێهێزی و تەسلیم بوونی هەرێم بە بەغداد .
لە ئاستی سیاسەتی حزبیشدا دەرکەوت کە سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەردوو سیاسەتی عینادیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سیاسەتی شکستخواردووی هەلپەرستی و پۆپۆلیستی ئۆپۆزیسیۆنی نابەرپرسیار راستتر و دڵسۆزتر بوو . پەیگیر و دڵسۆزی یەکێتی سەلماندی کە ناوەڕۆکی سیاسەت دانوستانە نەک تەوەللابوون و خۆبەدەستەوەدان. بیرمەندانی سیاسی جوانیان وتووە کە دانوستان گەوهەری سیاسەتە و ئەمجارەش یەکێتی و شاندی دانوستکاری یەکێتی و دڵسۆزانی کورد و عەرەب سەلماندیان کە ناکۆکی ناڕەوای درێژخایەنیش بە نەخش و کاریگەری دڵسۆزانی هەردوولا شایەنی چارەسەرە لە بەرژەوەندی هەموو لایەک .
هیودارم ئەم رێکەوتنە سەرەتایەکی باش بێت بۆ چارەسەری ئەو بەستەڵەکە دوورکەوتنەوەیەی نێوان هەرێم و بەغداد و زەمینەسازیش بێ بۆ چارەسەری هەموو پرس و کێشە درێژخایەنەکانی نێوان کورد و
عەرەب لە عێراق .

وتاری زیاتر





زۆرداری و نەزانیی‬ ئەكرەم میهرداد
2020-07-11 17:07      144 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو