د.سەردار عەزیز

بایدن و مافەکانی مرۆڤ

  2021-04-05 14:36      221 جار بینراوە        کۆمێنت

ئیدارەی بایدن زیاتر جەخت لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، چونکە ئیدارەی پێشوو هیچ بایەخێکی بەمافی مرۆڤ نەدەدا. ئەمە یەکەم هۆکاری پشت بایەخدانە بەخیتابی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئەم ئیدارەیەوە، بەڵام پرسەکە هێندە بە سانایی نییە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەهۆی زاڵیی مەسیحییە ئایندارەکانەوە ئازادی ئاینی لەسەرووی هەموو مافەکانی ترەوە دادەنا. بەجۆرێک ئازادی ئاینی بەبنەمای هەموو ئازادییەکانی تر دادەنا. کەسانی وەک مایک پێنس و پۆمپیو، سەر بەگروپە ئاینییە ئیڤانجێلیکەکان بوون، لەناوەو دەرەوەی ئەمریکا جەختی زۆریان لەسەر مافی ئاینی دەکردەوە. گروپە ئاینییەکان ئەوەیان دەزانی کە دیموکراسی لەسوودیان نییە، بۆیە زیاتر بایەخیان بەدادگاکان دەدا، لەم ڕێگایەوە لەبەشێکی زۆری دادگاکان کەسی نزیک لەخۆیان دانا.
کاتێک بایدن لەکۆنفرانسی میونخ هاواری ئەوەی کرد کە ئەمریکا هاتەوە، دەیەوێت هاتنەوەی ئەمریکا، تەنها هاتنەوەی هێز یان ئامادەیی وڵاتێک نەبێت، بەڵکو هەروەها هاتنەوەی بەهاکانیش بێت.
مافەکانی مرۆڤ یەکێکە لەئەو کۆمەڵە نۆرم و بەهایانەی کە ئەمریکا لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە وەک جۆرێک لەهێزی نەرم خاوەندارێتی کردەوەو بەکاریبردووە. هەرچەندە ڕەگی دیاری ئەم دیسکۆرسە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جیمی کارتەر. کارتەر مافەکانی مرۆڤی هێنایە نێو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە. ئەوە بەیەکێک لەهۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی خومەینی دادەنرێت. دیارە لێرەدا دەبێت ئاگاداری ئەوە بدەین کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەرگیز یەک رەوت و یەک شێوازو تاکڕەهەند نییە. لەساڵی ٢٠٠١ هێنری کیسنجەر کتێبێکی نووسی بەناوی ئایا ئەمریکا پێویستی بەسیاسەتی دەرەوەیە؟ لەوێدا باس لە ئەم فرەییەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات لەدونیادا. دیارە زۆر بەسادەیی، ئەگەر ئەمریکا لەهەموو گۆی زەوی کاریگەری هەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە، هەموو گۆی زەوی وەک یەک نییەو لە هەمانکاتدا هەموو گۆی زەوی وەک یەک گرنگ و بەبایەخ نییە بۆ ئەمریکا.
بۆ ئەوەی باشتر لەم پرسە تێبگەین، میتۆدی تێگەیشتن لەناوەوە، لەپێناو تێگەیشتن لەدەرەوە بەکاردەبەین. بەپێی ئەم میتۆدە، ئەوە دۆخی ناوەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێک دادەڕێژێت. دەکرێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنرێت کە لە نێو هەندێک وڵاتاندا، بەتایبەتی زلهێزەکان، دابڕانێک هەیە لەنێوان ناوەوەو دەرەوەدا. بەڵام لەدۆخی ئێستای ئەمریکادا ئەمە لەهەموو ساتێک راستترە. دۆخی ناوەوەی ئەمریکا بەجۆرێکە کە ناتوانرێت بەئاسانی بەهێند وەرنەگیرێت، بەتایبەتی لەلایەن ئیدارییەکی دیموکراتەکانەوە. 
دیارە لەهەمانکاتدا ئارگومێنتێک هەیە، بەتایبەتی لای ئەنتۆنی نێگرێ و ئەوان کە دەرەوە نەماوە، ئەوەی هەیە تەنها ناوەوەیە. ئەم ئارگومێنتە لە پێناوی ئەوەدابوو کە بڵێن ئەمریکا ئیمپراتۆرییەتە، نەک تەنها سەرزەمینی ئەمریکا، بەڵکو هەموو گۆی زەوی جێگای پیادەکردنی دەسەڵاتی ئەوە. ئەگەر لەسەردەمێکدا، بەتایبەتی لە ترۆپکی جیهانگەریدا، وەها دەردەکەوت کە دونیا دەبێت بە یەک ئەوا ئێمە بەرەو دۆخێکی تر دەڕۆین کە دونیا پەرت و فرە دەبێت.
لەناوەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک پرس زاڵن بەسەر ئەجیندای وڵاتدا، پرسی وەک ڕەگەزپەرستی، نایەکسانی، مافی ئافرەت، بەتایبەتی ئافرەتانی رەشپێست، کۆچبەر، ژینگە. هەروەها دادگاکان و دادپەروەریی تاوانباران لەگەڵ خوێندندا، بەتایبەتی قەرزو رێگرییەکانی خوێندن. 
یەکێک لەو پرسانەی کە لەناو ئەمریکادا بەردەوام دەوروژێنرێت پرسی بەندیخانەیە. کێ دەچێت بۆ بەندیخانەو کێ لەبەندیخانە دوورە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە. لەڕۆمانی ژوری مەریخ راچێل کوشنەر، بەشێوازی دیستۆڤیسکی باس لەسیستەمی بەندیخانەی ئەمریکاو کاریگەری لەسەر بەندییەکان دەکات. بەکورتی چۆن ئایدەلۆژیاو سیستەمێک لەسەر رەش و سپی بونیادنراوە بوار بۆ کەسایەتی ئاڵۆز دروست ناکات. لەکاتێکدا مرۆڤ بوونەوەرێکی هێندە سادە نییە بەباش و خراپ یان تاوانبارو بێتاوان یان گوناهبارو بێگوناه مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەندیخانە پێودانگی پاشخانیشی هەیە. کەسێک کە ئازاد دەبێت، مانای ئەوە نییە ئازاد بووە، بەڵکو لەڕووی کارو مافی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی و مامەڵەی سیستەمەوە بەجیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. هەموو ئەمانە کاریگەرییان هەیە لەسەر پارتی دیموکرات، چونکە زۆربەی هەژاران و رەشپێستان کە بەندیخانە نشینین دەنگدەری دیموکراتەکانن. 
لەم روانگەیەوە بایدن دەڵێت دایک و باوکە رەشەکان دەبێت هەست بەدڵنیایی بکەن کاتێک مناڵەکانیان بەشەقامەکاندا دەڕۆن. لێرەوەیە کە کەمپەینی ژیانی رەشپێستان بایەخی هەیە، پەیوەندی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا هەیە. لەئاستی دەرەوەدا ئەم روانگەیە دەکرێت بەسوودبێت دەربارەی ئەوەی کێ دەچێت بۆ بەندیخانە و کێ ناچێت بۆ بەندیخانە؟ ئەمە بۆ هەموو چالاکوان و کەسانی سیاسی و رۆژنامەنووسان پرسێکی گرنگە لەئاستی دونیادا. دەکرێت لەکوردستانیش سوودی لێوەربگیرێت. دەبێت یاسایەکی دادوەرانە لەسیستەمی شەرعی و دیموکراسی بڕیاردەربێت لەوەی کە کێ دەچێت بەندیخانەو کێ ناچێت بۆ بەندیخانە.
بوارێکی تر کە جێگای بایەخە، مافەکانی ئافرەتە. ئافرەتان بەگشتی هەژار و بێ دەرامەت و بێکارو ئەرک قورسن، بەتایبەتی ئافرەتانی رەشپێست. ئەم پاشخانە ناوەکییە دەبێت پاڵنەری ئەوەبێت کە ئەمریکا لەدەرەوەش بایەخ بەمافەکانی ئافرەت بدات. بەپێگەی ئافرەت لەناو کۆمەڵگاو کارو سیاسەتدا. چالاکوانانی ئافرەتان دەتوانن سوود لەپەیمانەکانی بانگەشەی بایدن ببینن بۆ ئاوڕدانەوەی ئەمریکا لەپرسەکەیان.
بەڵام پرسی مافەکانی مرۆڤ تەنها لەبواری گروپە تایبەتەکاندا کاریگەریی نییە، بەڵکو لەئاستی جیوپۆلەتیکیشدا کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە. ئەمە زۆر بەتایبەتی لەدونیای ئەمڕۆدا. مافی مرۆڤ بەشێکە لەخیتابی سیستەم یان شارستانیەتی لیبرالی رۆژئاوایی. بنەماکانی لەسەر بەها رۆژئاواییەکان بونیادنراوە، وەک تاکگەرایی، ئازادی، رێگریی نەکردن، مافی دەربڕین، جووڵە، کارو زۆر بواری تر. بڕێکی زۆری ئەم بوارانە لەزۆر جێگای دونیا رووبەڕووی تەنگوچەڵەمەی زۆر دەبێتەوە. ئەمڕۆ لەدونیادا بەرەیەک لەهەڵکشاندایە کە ئامانجیان ئەوەیە رێگریی بکەن لەباڵایی و دەستوەردانی رۆژئاوا بۆ کارەکانیان. ئەم بەرەیە لەژێر ناوو پۆلێنی جیاوازدا خۆیان ناوزەد دەکەن.
یەکێک لەو پۆلێنانە دەوڵەتی شارستانییە. ئەم جۆرە دەوڵەتە بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەوڵەتی نەتەوە نییە، بەڵکو دەوڵەتی شارستانییە. بەو مانایە وەک دەوڵەتێک، حوکم و نوێنەرایەتی شارستانیەتێک دەکات. هەندێک ئەمە بەبێ بنەماو ئەفسانە دادەنێن. چونکە دەوڵەت و شارستانیەت پێکەوە ناگونجێن. لەکاتێکدا دەوڵەت ئامانجی رێکخستن و هاوشێوەکردن و کۆنترۆڵە ئەوا شارستانیەت بەپێچەوانەوە لەسەر بنەمای فرەیی و بێناوەندیی و گۆڕان و هەمەچەشنەیی بونیادنراوە. بۆیە هەتا ئاستێکی زۆر دەوڵەت و شارستانییەت پێچەوانەی یەکترن، بەڵام سەرباری ئەمە وڵاتی وەک چین، ئێران، روسیا، تورکیا، لەگەڵ هیند بانگەشەی ئەوە دەکەن کە جۆرێکن لەدەوڵەتی شارستانین. ئەم بوارە نوێیەو خەڵکی کورد دەبێت لێی بەئاگابێتەوە، چونکە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر ورد و درشتی ژیانی. 
لەڕوانگەی ئەم وڵاتانەوە مافەکانی مرۆڤ، تەنها ماف نین، بەڵکو ئامرازو ئایدەلۆژیان کەڕۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت بۆ دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە. بەڵام ئەو وڵاتانە ناتوانن لەم رێگایەوە دەست لەکاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە بدەن. بەئایدەلۆژیا بینینی مافەکانی مرۆڤ، دەرخەری هاتنی سەردەمێکی نوێیە. سەردەمێک کە تیایدا چیدی بەئاسانی بەها مرۆیی و گەردوونییەکان بوونیان نییەو لەلایەن هێزە رکەبەرەکانی رۆژئاواوە دژایەتییان دەکرێت. 
هەندێک لەبیرمەندانی جیوپۆلەتیک بڕوایان وەهابوو کە لەگەڕانەوە بۆ ململانێی زلهێزەکان مافەکانی مرۆڤ پشتگوێ دەخرێت، بەڵام وەها دیارە بەهۆی بوونی پاڵنەری ناوەکیی و دەرەکی ئەم دیدە ئەوەندە راستی بپێکی. 
لەئاستێکی تردا، ئیدارەی ترەمپ زیانێکی زۆری لەدەسەڵاتی نەرمی ئەمریکا دا، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لەلایەن دۆست و رکەبەرەکانییەوە بەهێند وەربگیرێت، ئەوا دەبێت بایەخ بەبەهاکان بدات زیاتر لەجاران.

وتاری زیاتر

بۆ کۆچ؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-11-13 21:32      54 جار بینراوە


بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-10-16 17:57      62 جار بینراوە

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      82 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      73 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      55 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      130 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      139 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      179 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      123 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      144 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      90 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      132 جار بینراوە



ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-02 18:57      102 جار بینراوە

جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      159 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      99 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      102 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      152 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      108 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      87 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      151 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو