فەتحوڵڵا حسێنی

قەیرانی سوریا 10 ساڵی تێپەڕاند

  2021-04-05 18:49      50 جار بینراوە        کۆمێنت

10 ساڵی تەواو بەسەر هەڵایسان و دەستپێكی قەیرانی سوریا تێپەڕی، سەرەتای رووداوەكان بەخۆپیشاندان لە شارەكانی سوریا دەستی پێكرد، كە داواكارییەكانیان بریتی بوو لە ئازادی و ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی و لابردنی باری نائاسایی لەوڵاتەكەدا، وردە وردە داواكارییەكانیان زیادیكرد تا كار گەیشتە ئەوەی داوای رووخانی رژێم بكەن، دواتر پەرەی سەند بۆ مانگرتن لەمەیدانی درعا و حومس و دەوروبەری دیمەشق و حەما و قامیشلو، دوای شەش مانگیش پێكدادانی چەكداری لە نێوان سوپای سوریا و خۆپیشاندەراندا دەستی پێكرد، پاشان لە شۆڕشەوە گۆڕا بۆ شەڕی ناوخۆ و شەڕ لە چەند قۆڵێكەوە هەڵگیرسا، سەرەتای 2012 چەند گروپێكی چەكدار لە توركیاوە هێرشیان كردە سەر شاری سەرێ كانی، بەمەش كورد تێگەیشت كە شۆڕش دژی رژێم نییە و لە پێناو شكۆ و دیموكراسیدا نییە، بەڵكو دژی كوردە.

ناڕەزایی و مانگرتنەكان یەك لەدوای یەك سەركوت دەكران و لەلایەن هێزەكانی رژێم و گروپی چەكداری دەرەكی و ناوخۆییەوە هێرش دەكرایە سەریان، توندوتیژییەكان بوونە هۆی ئەوەی هەزاران كەس لە دانیشتوانی سوریا ئاوارەببن و رووبكەنە وڵاتانی دراوسێ، وەك هەرێمی كوردستان، توركیا، لوبنان و ئوردن.

قەیرانی سوریا هیچكام لەو ئامانجانەی نەپێكا كە لە پێناویدا هەڵایسابوو، ئامانجەكان گۆڕان بۆ خەون و وەهمی سەركردەی گروپە عەرەبییە توندڕەوەكان كە لە دەرەوە هاتبوون، جارجار داوای رووخانی رژێمیان دەكرد و جارجاریش داوای لەناوبردنی پڕۆژەی كوردیان دەكرد، كە هێشتا بە تەواوی گەڵاڵە نەببوو، دوای پڕوپاگەندەكانی ئۆپۆزسیۆن و وڵاتە پشتیوانەكانیان كورد ناچار بوو دوور لەو هێڵە ناراستە خۆی رێك بخاتەوە.

قەیرانی سوریا نەیتوانی لایەنەكان ناچار بكات بگەنە ئاگربەست، بە تایبەتیش دوای تێكشكانی بەرەی نوسرە لە نزیك سەرێ كانی، هەر لەوێشەوە كورد دەستیكرد بە رێكخستنەوەی كاروباری سیاسی و سەربازی خۆی بۆ ئەوەی واقیعێكی نوێ بسەپێنێت دوور لە زمانی عەسكەرتاریی و شەڕی تایەفەگەری نێوان دوو لایەنە مەزهەبییەكە، ئەوو دوو لایەنە یەكێكیان بە هەڵەداوان بە دوای شۆڕشدا رایدەكرد و ئەوی دیكەش هەڵپەی پارەی بوو.

شۆڕشی سوریا نوقمی زەلكاوبوو، ئەویش دوای ئەوەی كلیلی چارەسەرەكەی درایە دەستی دەرەكی، ئەوانەی داوای ئازادی و شكۆیان دەكرد پێی نەگەیشتن، بگرە بەهۆی شەڕی تایەفەگەرییەوە هێندەی دی شكۆیان لەدەست دا، سوریا گۆڕا بۆ گۆڕەپانێكی كراوەی ململانێ و سنوورەكانیش كراوە بوون بۆ هاتنی سەدان چەكداری گروپە جیاجیاكان.

لەلایەكی دیكەوە كورد شۆڕشی خۆی لە 19ی تەمووزی 2012وە دەستپێكرد، ئەویش دوای رزگاركردنی كۆبانی و راماڵینی رژێم، رێگەشی دا هێزەكانی رژێمی بە سەلامەتی ناوچەكە چۆڵ بكەن، دوور لە ئەجێنداكانی 2011 كە زیاتر خۆی لە كورسی دەسەڵاتدا دەبینییەوە بێ گوێدانە خواستی خەڵكی سوریا، هەر ئەو ئەجێندایەش بوو وایكرد سوریا پارچەپارچە بێت و زیانەكانیشی هەر بۆ گەلی سوریا بوو كە ئاوارەی توركیا و ئوردن و لوبنان بوون.

دوای 10 ساڵ لە سەرهەڵدانی قەیران و قووڵتربوونەوەی هێشتا هیچ سەرەداوێك بۆ چارەسەر دیار نییە، لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆن پشتی بە توركیا بەستووە و رژێمیش پشتی بە روسیا بەستووە، كوردیش پڕۆژەیەكی هەیە هەموان دەتوانن بەشداریی تێدا بكەن، بە گوێرەی رێژەی پێكهاتە و وابەستەبوونی بە جوگرافیای سوریاوە، نەك بە خواست و لەسەر ئەجێندای دەرەكی.

كورد لە زۆر لاوە هەوڵیداوە بۆ چارەسەر، بەڵام لەبەر ئەوەی هەردوو لایەنەكەی دیكە دژی پرۆژەی كوردن قەیرانەكە تا دێت درێژتر دەبێتەوە و لە كلیلی چارەسەریش دوورتر دەكەوێتەوە، گومانیشی تێدا نییە كە كورد دارێكی ئەفسوناوی بە دەستەوە نییە هێندەی بڵێی یەك و دوو كێشەكان چارەسەر بكات.

لەو نێوانەدا دروشمی (یەكە.. یەكە.. گەلی سوریا یەكە) شكستی هێنا، هاتوهاواری سوپای سوریای ئازادیش بە هەمان شێوە و دەمامكی ئەو كەسانەش كەوتەخوارەوە كە بەخۆیان دەوت ئۆپۆزسیۆن، تەنانەت چەمكی وابەستەبوون بە نیشتمانیشەوە شكستی هێنا، بەڵام كورد پرۆژەیەكی جەماوەریی شایستە بە گەلی سوریای دامەزراندووە و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە.

وتاری زیاتر





شەمەندۆفێری بەكاوەخۆی ژنێڤ‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2021-02-01 22:49      91 جار بینراوە










شەڕی خوێن ‌و شەڕی سەر كاغەز‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2020-10-19 16:31      117 جار بینراوە










نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو