کارۆخ خۆشناو

واژوویەكی مێژوویی!

  2021-04-25 14:12      119 جار بینراوە        کۆمێنت

دوێنێ سەرۆكی ئەمەریكا (جۆ بایدن) لەیادی (106) ساڵەی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكاندا واژوویەكی مێژوویی كرد و بە فەرمی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكانی وەك (جینۆساید) ناساند، لەم كۆمەڵكوژیەدا كە دەسەڵاتی عوسمانی لەماوەی جەنگی جیهانی یەكەم لە ساڵی (1915) نزیكەی (ملیۆن و نیوێك) ئەرمەنی جینۆسایدكردن، چاوەڕواندەكرێت ئەم واژووەی دوێنێی بایدن پەیوەندی نێوان توركیا و ئەمەریكا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ببات.
ئەم هەنگاوەی بایدن لەدوای ئەوە دێت كە لە چەند  رۆژی رابردوودا (100) ئەندامی كۆنگرێس داوایان لە جۆ بایدن كرد تاوەكو كۆمەڵكوژیی ئەرمەنیەكان بە جینۆساید بناسێنێت، ئەم هەنگاوەش لە ژێر كاریگەری لۆبی ئەرمەنیدا ئەنجام درا، چونكە لۆبی ئەرمەنی دووەم بەهێزترین لۆبیە لەدوای لۆبی ئیسڕائیلی، بۆیە كاریگەریەكی بەهێزیان هەیە لەسەر ناوەندەكانی داڕشتنی بڕیاری ئەمریكا.
دەیان ساڵە لۆبی ئەرمەنی لە هەوڵێكی بێ وچاندان بۆ بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكان لەسەر ئاستی جیهان، تا ئێستا توانیویانە لە(40) وڵاتدا سەركەوتوو بن، ئەمڕۆش هەوڵەكەیان چڕ كردۆتەوە لەسەر سەرۆكی ئەمەریكا، دوای ئەوەی لە ساڵی (2019) سەركەوتووانە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریكا بە زۆرینەی دەنگ رووداوەكەیان بە جینۆساید ناساند، كەچی ئەوكات (دۆناڵد ترەمپ) واژووی لەسەر نەكرد چونكە تڕەمپ هاوڕێی ئەردۆغان بوو، بەڵام  دوێنێ بایدن واژووی لەسەر كرد و مێژوویەكی زێڕینی بۆ خۆی و ئەرمەنیەكان نوسییەوە.
ئەم واژووەی دوێنێی بایدن كێشەی جۆراوجۆر بۆ توركیا دروست دەكات لە رووەكانی سیاسی و دیپلۆماسی و یاسایی و ئابوورییەوە، چونكە ئەو چیرۆكەی ئەرمەنیەكان هاوشێوەی (هۆڵۆكۆست)ی جووەكان دەبێت، واتە توركیا هاوشێوەی ئەڵمانیا پابەند دەكات بە قەرەبۆكردنەوەی ئەرمەنیەكان و لەسەر ئاستی جیهانیش كاریگەری نەرینی لەسەر ناوبانگی توركیا دروست دەكات، هەروەها بایدن بەم واژووەی دوێنێی پەیامی پابەندبوونی ئەمەریكای بەپرنسیپەكانی (مافەكانی مرۆڤ) بۆ هەموو جیهان دووپات بكاتەوە.
 لەكۆتاییدا گرنگە ئێمەی كوردیش سوود لە ئەزموونی لۆبیكردنی (جوولەكە و ئەرمەنەكان) وەربگرین، تاكو بتوانین ئەو كارەساتانەی بەسەرماندا هاتوون (وەك ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و وێرانكردنی گوندەكان و سیاسەتەكانی تەعریب و راگواستن و....هتد) لەسەر ئاستی جیهان بەجینۆساید بناسێنین، بۆ ئەوەی پاڵپشتیەكی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ پرسی كورد دەستەبەر بكەین، لەپێناو قەرەبووكردنەوەی (ماددی و مەعنەوی) خەڵكی كوردستان و ڕێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی تاوانی جینۆساید  بەرامبەر بە كورد و جولەكە و ئەرمەن و هەموو نەتەوەكانی تری جیهان.
 (سەرۆكی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریكی-كوردی)

 

وتاری زیاتر


چەکی یەکڕیزی و زانست و ئیرادە!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-20 11:56      92 جار بینراوە


(مرۆڤ)سازی و (نیشتیمان)سازی!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-11 16:38      87 جار بینراوە




دەستوور فریادڕەسە! ‬ کارۆخ خۆشناو
2021-04-27 00:12      91 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو